Ads (728x90)

وه‌فایه‌ك بۆ مامۆستای گه‌وره‌ مه‌لا محمدامین رواندوزی

به‌ وه‌غه‌ری مامۆستا، وڵاته‌كه‌مان یه‌كێك له‌ هه‌ڵكه‌وتووترین زانا به‌هره‌مه‌ند و ده‌ستڕه‌نگینه‌كـانی خۆی له‌ده‌ستدا، كه‌ قاڵبووی زانست و ته‌دریس و شه‌ریعه‌ت بوو

هه‌واڵی كۆچی دوایی مامۆستای گه‌وره‌ مه‌لا محمدامین رواندوزی، هه‌موومانی له‌ ناخه‌وه‌ تاساند.. كۆستێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ هه‌موو موسڵمانانی كوردستان به‌ گشتی و توێژی زانایانی ئیسلام به‌ تایبه‌تی.. كۆڕی زانست و زانایان له‌ كوردستان، كه‌لێنێكی ئێجگار به‌رفراوانی تێكه‌وت.. به‌ وه‌غه‌ری ئه‌و كه‌ڵه‌ زانایه‌، وڵاته‌كه‌مان یه‌كێك له‌ هه‌ڵكه‌وتووترین زانا به‌هره‌مه‌ند و ده‌ستڕه‌نگینه‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا، كه‌ قاڵبووی زانست و ته‌دریس و شه‌ریعه‌ت بوو.. به‌ كۆچباربوونی مامۆستای گه‌وره‌، نیشتمانه‌كه‌مان گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ دانایی و هۆشیاری و بلیمه‌تی له‌ كیس چوو.. به‌ ماڵئاوایی دواجاری ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌، هه‌گبه‌یه‌كی گرانبه‌هامان له‌ ده‌ستكه‌وتی زانستی لێ وون بوو.. به‌ ڕاستی قه‌ره‌بووی جێكه‌وته‌ی مامۆستای گه‌وره‌، ئه‌ركێكی ئێجگار گرانه‌.. به‌وه‌ ده‌توانین دڵنه‌وایی ئه‌و خه‌فه‌تبارییه‌ی خۆمان بده‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ هه‌مان ڕۆحییه‌تی ئوستادی گه‌وره‌، لێبڕاوانه‌ خزمه‌ت به‌ ئیسلام و موسڵمانان بكه‌ین و، درێژه‌پێده‌ری ئه‌و ڕه‌وته‌ په‌سندیده‌یه‌ بین، كه‌ مامۆستای ڕه‌حمه‌تی، له‌وێوه‌، ئێمه‌مانانی به‌ره‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی ئیسلام ئاراسته‌ ده‌كرد و، ئامۆژگاری ده‌كردین بۆ ده‌ستگرتن به‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ و به‌ ئاگابوون له‌ هه‌وڵه‌ نه‌زۆكه‌كان، كه‌ ئامانج لێیان، قه‌ڵب كردنی ڕووه‌ جوانه‌كانی ئیسلام و له‌ قاڵبدانییه‌تی له‌ هه‌ندێك بیر و بۆچوونی بێكه‌ڵك و ووشكی گوماناویدا.

مامۆستای كۆچكردوو مه‌رجه‌عێكی متمانه‌پێكراو بوو له‌ بواری ته‌دریس و پێگه‌یاندنی فه‌قێیان و قوتابیانی ئایینیدا

مامۆستای كۆچكردوو مه‌رجه‌عێكی متمانه‌پێكراو بوو له‌ بواری ته‌دریس و پێگه‌یاندنی فه‌قێیان و قوتابیانی ئایینیدا.. به‌ هۆی ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی له‌ بواره‌ فیقهی و شه‌رعی و زانستییه‌كاندا، ببووه‌ ژێده‌رێكی گرینگ بۆ ڕاوێژ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كانی پرسی فه‌توا.. هه‌ڵكه‌وتووێكی لێهاتوو بوو له‌ پرسه‌ فیقهییه‌كاندا و، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ پێشهاته‌ فیقهییه‌ تازه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی موسڵمانانه‌وه‌ .. هه‌ر بۆیه‌ش، بۆ ماوه‌ی دوازده‌ ساڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای فه‌توای كوردستان بووه‌ و، یه‌كێك بووه‌ له‌ چالاكترین و كاراترین ئه‌ندامانی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئایینیه‌.. هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی ده‌ ساڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بووه‌.

مامۆستای ڕه‌حمه‌تی له‌ ماوه‌ی ژیانییدا، لایه‌نی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، به‌ڵكه‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌می ناسنامه‌ی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی میلله‌ته‌كه‌یدا بووه‌، له‌و پێناوه‌شدا، به‌ هۆی پشتگیریكردن له‌ ڕه‌واییه‌تی ماف و داخوازییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی، چه‌ندینجار زێدی خۆیان له‌ ڕواندوز جێدێڵن و ڕووده‌كه‌نه‌ دۆڵی ئاكۆیان و ناوچه‌كانی تری كوردستان.. مامۆستای ڕه‌حمه‌تی هه‌رده‌م له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕه‌فتاری كردووه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانی و هاوتاكانی كردووه‌، كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ست بن به‌ به‌یه‌كه‌وه‌گرێدانی هه‌ردوو لایه‌نی ئایینی و نیشتیمانیی، كه‌ ئه‌و بۆچوون و بیركردنه‌وه‌یه‌ بۆ كه‌سایه‌تیێكی وه‌كو زانای ئایینی، كه‌ پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌، فه‌همكردنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بنه‌ما ئایینیه‌كانه‌ .. بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی كه‌سایه‌تیێكی له‌و شێوه‌یه‌ و له‌و ئاسته‌دا، خه‌ساره‌تێكی ئێجگار گه‌وره‌یه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ زانایان و مامۆستایانی ئایینی.

مامۆستای ڕه‌حمه‌تی، هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ ته‌دریس و مزگه‌وت و خزمه‌تكردنی موسڵمانان

كاتێك مرۆڤ دوور له‌ عاتیفه‌ و به‌ ویژدانه‌وه‌ ده‌دوێت، ده‌بێت ڕاشكاوانه‌ دانبنێت به‌وه‌ی، كه‌ مامۆستای ڕه‌حمه‌تی، هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ ته‌دریس و مزگه‌وت و خزمه‌تكردنی موسڵمانان، هه‌ڵوێسته‌كانیشی لێوانلێون له‌ له‌خۆبردوویی و لاكردنه‌وه‌ له‌ فه‌قێیان و قوتابیانی ئایینی و په‌روه‌رده‌كردن و ئاراسته‌كردنیان له‌ سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ ته‌ندروستانه‌ی، كه‌ له‌ داهاتوودا، كه‌سایه‌تیێكی پێشه‌نگ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌یان لێ دروست ببێت، له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌، هه‌میشه‌ سه‌رگه‌رمی به‌هێزكردنی ئه‌و ڕۆحییه‌ته‌ بوو له‌ ناخیاندا، كه‌ په‌یڕه‌وكار و شوێنپێهه‌ڵگری ڕێبازه‌ ڕاسته‌قینه‌ و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر بن (دخ) و داكۆكیكاری سه‌رڕاستی په‌یامه‌كه‌ی بن.. كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌كو مامۆستای ڕه‌حمه‌تی، كه‌ تا ڕاده‌ی ئالووده‌بوون، شه‌یدای قوڕئان و زانست و ته‌دریس بوو، ئه‌سته‌مه‌ بیناسێنیت.. ئه‌و كه‌ ئاسووده‌یی خۆی له‌ جیهانی نووسین و په‌رتووك و پێنووس و موتاڵه‌عه‌كردندا ده‌بینییه‌وه‌ و عه‌وداڵی ئه‌و دونیا ڕه‌نگاڵه‌ییه‌ بوو بوو، كێ ده‌توانێ به‌ نووسین، خۆی له‌ قه‌ره‌ی ناساندنی جیهانه‌ دڵخوازه‌كه‌ی ئه‌و ئوستاده‌ به‌رزه‌ بدات؟!.

مامۆستای ڕه‌حمه‌تی، هه‌ر له‌ زووه‌وه‌، توانا و به‌هره‌كانی ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ و، نیشانه‌كانی زیره‌كی و بیرتیژی و كارامه‌یی لێ به‌دیار ده‌كه‌ون و، به‌ ده‌ستڕه‌نگینی و ده‌ستباڵایی ده‌ناسرێت

مامۆستای مه‌لا محمدامین هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌، به‌ تامه‌زرۆییه‌كی زۆره‌وه‌، هاتۆته‌ نێو دونیای فێرخوازانی شه‌ریعه‌ت و زانسته‌ ئیسلامییه‌كان، له‌ ده‌سپێكی گوزه‌ركردنیشی به‌و جیهانه‌ ڕه‌نگین و دڵگیره‌دا، زیاتر تێكه‌ڵاوی كه‌شوهه‌وای په‌رتووك و قه‌ڵه‌م و ده‌وره‌كردنه‌وه‌ و ته‌دریس ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی تر هانده‌ری بوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌ شێلگیرانه‌تر بره‌و به‌ هه‌نگاوه‌كانی بدات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌ زانستییه‌كان له‌ حوجره‌دا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، هۆگرێتی بۆ حوجره‌ و خوێندنی ئایینی، ده‌بنه‌ خولیایه‌كی له‌بننه‌هاتوو له‌ ناخی مامۆستای ڕه‌حمه‌تییدا، وه‌كو خۆی كه‌ هه‌موو جار ئێمه‌ی له‌ سه‌ر ڕاده‌هێنا و ده‌یووت: هه‌رگیز ده‌رفه‌تم به‌ خۆم نه‌داوه‌ بۆ ته‌نها ساتێكیش ده‌ستبه‌رداری ئه‌ركه‌كانم بم له‌ قۆناغه‌كانی خوێندنمدا، ته‌نانه‌ت ئاماده‌بووم ده‌ستبه‌رداری زۆر ئاره‌زوو و حه‌زی سروشتییانه‌ی ده‌ستپێكی لاوێتیم ببم له‌ پێناو گه‌یشتنم به‌ وێستگه‌یه‌كی نوێ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی زانسته‌ شه‌رعییه‌كان، بۆیه‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌، توانا و به‌هره‌كانی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی ده‌دره‌وشێنه‌وه‌ و، نیشانه‌كانی زیره‌كی و بیرتیژی و كارامه‌یی لێ به‌دیار ده‌كه‌ون، ئیدی به‌ ئاستباڵاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ درێژه‌پێده‌ری هه‌ڵگرانی مه‌شخه‌ڵی زانست و، به‌ ده‌ستڕه‌نگینی و ده‌ستباڵایی خۆیه‌وه‌، تۆمارێكی زێڕین له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا ده‌نووسێته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ جارێكیان گه‌وره‌ زانا و مه‌لای كورد مامۆستای مه‌ڕحوم مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌فه‌ندی له‌ لای چه‌ند دۆستێكی خۆی، باسی لێهاتوویی و بلیمه‌تی و زه‌كاوه‌تی مامۆستا مه‌لا محمدامین رواندوزی ده‌كات و ده‌ڵێت: ئومێدێكی زۆرم پێی هه‌یه‌، له‌ داهاتوو ببێته‌ موده‌ڕیسێكی زۆر گه‌وره‌ و درێژه‌ به‌ كاروانی زانسته‌ شه‌رعییه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌ بدات.. به‌ڵێ، هیواكانی مامۆستا له‌ ئاست متمانه‌ی ئوستاده‌كه‌یدا بوو، به‌وه‌ی تا ده‌هات، زیاتر ده‌پڕژایه‌ سه‌ر به‌دیهێنانی خواسته‌كانی، كه‌ داهاتووی پڕشنگداری خۆی و موسڵمانانی تێدا ده‌بینی.. جگه‌ له‌وه‌ش، مامۆستا به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوبانگی زیره‌كی و لێهاتوویی له‌ ته‌دریس و وانه‌بێژییدا، ده‌بێته‌ جێی متمانه‌ی فه‌قێیان و قوتابیانی ئایینی و، له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ڕووی تێده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ پارچه‌كانی تری كوردستانیش، فه‌قێیان دێنه‌ خزمه‌تی بۆ خوێندن، به‌مه‌ش له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا، جێكه‌وته‌یه‌كی دیار و كاریگه‌ر بۆ خۆی دروست ده‌كات.


ته‌نانه‌ت له‌ ڕۆژگاره‌ زۆر دژواره‌كانیشدا، مامۆستا ده‌ستبه‌رداری ته‌دریس نه‌بووه‌ و، به‌ درێژایی په‌نجا ساڵ، سه‌رقاڵی بنیاتنانی ووزه‌ و توانای نوێ  بووه‌ له‌ ناخی فه‌قێیان، ئه‌مه‌ش وایكردبوو ناوبانگێكی به‌رزی زانستی په‌یدا بكات

له‌ بواری ته‌دریسدا، مامۆستا مه‌لا محمدامین هه‌ر له‌ قۆناغی (موسته‌عیددی) دا، ده‌بێته‌ ناوێكی دیار له‌ نێو جیهانی ته‌دریس و وانه‌گووتنه‌وه‌دا.. مامۆستای گه‌وره‌ بۆ هه‌ر كوێیه‌ك چووبێت و له‌ هه‌ر شوێنێك گیرسابێته‌وه‌، خێرا مه‌دره‌سه‌یه‌كی دروستكردووه‌ و ده‌ستیكردووه‌ به‌ ته‌دریس، ته‌نانه‌ت له‌ ساته‌وه‌خته‌ زۆر دژواره‌كانیشدا، ده‌ستبه‌رداری ته‌دریس نه‌بووه‌ و هه‌میشه‌ مه‌دره‌سه‌كه‌ی ئاوه‌دان بووه‌، ته‌نانه‌ت به‌ درێژایی ماوه‌ی په‌نجا ساڵ، خاوه‌ن مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی بووه‌ و سه‌رقاڵی بنیاتنانی ووزه‌ و توانای نوێ بووه‌ له‌ ناخی فه‌قێیان، ئه‌مه‌ش وایكردبوو ناوبانگێكی به‌رزی زانستی په‌یدا بكات.. جگه‌ له‌وه‌ش، مامۆستا زۆر بایه‌خی ده‌دا به‌ گۆڕانكاری و نوێگه‌ری له‌ خوێندنی مه‌لایه‌تییدا، بۆ نموونه‌ مامۆستا له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ده‌ستپێشخه‌ری كرد بۆ داهێنان و په‌یڕه‌وكردنی خوێندنی وانه‌ی ئینگلیزی و بیركاری و بایه‌خدان به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڕێنووس له‌ حوجره‌ی فه‌قێیان له‌ مه‌دره‌سه‌ی حاجی یه‌حیا، كه‌ ئه‌مه‌یان پێشینه‌یه‌كی تازه‌ بوو و به‌ باش بۆ فه‌قێیان كه‌وته‌وه‌..

مامۆستا یه‌كێك بووه‌ له‌و زانا ئایینیه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كوردستان، كه‌ عیلمه‌كه‌ی موعته‌به‌ر بووه‌ و له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا ڕێپێدراو بووه‌ به‌ به‌خشینی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی، له‌و ڕووه‌وه‌ش، به‌ سه‌دان فه‌قێ و قوتابی ئایینی له‌ خزمه‌تییدا خوێندوویانه‌، به‌ ده‌یانیش ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تییان له‌ لایه‌ن ڕه‌حمه‌تییه‌وه‌ پێبه‌خشراوه‌، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌ مامۆستا ناسراوه‌كان، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ لای مامۆستا خوێندوویانه‌.. هه‌روه‌ك له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش، فه‌قێیان هاتوونه‌ خزمه‌تی بۆ خوێندنی زانسته‌ شه‌رعییه‌كان، مامۆستا زۆر ڕه‌وانبێژ بوو له‌ وانه‌بێژییدا، خاوه‌ن سه‌لیقه‌ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی زۆر نایاب بوو له‌ تێگه‌یاندنی قوتابییه‌كانی، بۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو له‌ سه‌ر زۆرێك له‌ بابه‌ته‌كانی زانسته‌ شه‌رعییه‌كان، ئێستاش ئه‌و ووشه‌ جوانانه‌م به‌ به‌رچاودا دێن، كه‌ كردبوونییه‌ په‌راوێز بۆ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی بابه‌تی په‌رتووكه‌ زانستییه‌كان، كه‌ له‌ ژێره‌وه‌یانییدا ده‌ینووسی (محمدامین) وه‌كو هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌ به‌ بلیمه‌تی خۆی ئیزافه‌ی كردوون، كه‌ ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی بتوانن ئه‌و پسپۆڕییه‌یان هه‌بێت له‌ شێوازی شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌ زه‌حمه‌ته‌كانی ناو په‌رتووه‌كه‌كاندا..

هه‌رگیز ئه‌و قسه‌خۆشانه‌ی ئوستادی گه‌وره‌م بیر ناچنه‌وه‌، كه‌ له‌ نێوانی ده‌رسه‌كاندا ده‌یچرپانده‌ گوێچكه‌كانمان، كه‌ وه‌كو ناوبڕێكی جوان بۆمانی ده‌ڕازانده‌وه‌.. نابێت ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت، كه‌ ئوستادی مه‌ڕحوم، هه‌میشه‌ هانده‌ر و پاڵپشتی فه‌قێیه‌كانی بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ر درێژه‌دان به‌ خوێندنی مه‌لایه‌تی.. له‌ ڕاستییدا زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئاستبه‌رزی ئوستاده‌كه‌مان له‌ ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له‌ كرۆكی بابه‌ته‌كاندا ده‌ربخه‌م، وه‌سفی ده‌ستڕه‌نگینی ئه‌و له‌ وانه‌بێژییدا زۆر قوڕسه‌، چونكه‌ زۆر به‌ جوانی جێده‌ستی خۆی له‌ ناخی فه‌قێكانییدا داده‌نا، ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌ی مامۆستا بوو، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ببووه‌ جێی بایه‌خپێدانی زانایان و قوتابیانی ئایینی و له‌ هه‌موو ئاقارێكه‌وه‌ ڕوویان تێده‌كرد.

مامۆستا زۆر لێهاتوو  بوو له‌ پیشه‌كه‌یدا، خاوه‌ن شێوازێكی تایبه‌ت و ڕوون و ڕه‌وان بوو له‌ ووتارداندا، به‌ زمانێكی پاراو و ڕه‌وانبێژانه‌وه‌ ووتاری ده‌دا، كه‌ نوێژخوێنان زۆر به‌ ئاسانی لێی تێده‌گه‌یشتن

له‌ سه‌ر ئاستی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی له‌ پێشنووێژی و ووتارخوێنییدا، مامۆستا زۆر لێهاتوو بوو، خاوه‌ن شێوازێكی زۆر تایبه‌ت و ڕوون و ڕه‌وان بوو له‌ ووتارداندا، به‌ زمانێكی پاراو و ڕه‌وانبێژانه‌وه‌ ووتاری ده‌دا، كه‌ نوێژخوێنان زۆر به‌ ئاسانی لێی تێده‌گه‌یشتن، هه‌میشه‌ له‌ ووتاره‌كانییدا له‌ سه‌رخۆ و هێمن بوو، ده‌یووست نوێژخوێنان هێور بكاته‌وه‌ و له‌ سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی ئیسلام وه‌كو خۆی ئاراسته‌یان بكات، خاوه‌ن ده‌نگێكی ئێجگار خۆش و سه‌رنجڕاكێش بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی قوڕئاندا، زۆریش سوور بوو له‌ سه‌ر خۆشخوێنی له‌ قوڕئاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی ئه‌دای نوێژه‌كاندا، كه‌ زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ قوڕئانی ده‌خوێند، من زۆر سه‌رسام بووم به‌ سه‌لیقه‌ی مامۆستا، چونكه‌ له‌ دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیشدا، قوڕئانی له‌به‌ر ده‌كرد و ده‌وری ده‌كرده‌وه‌، هه‌رگیز ماندوو نه‌ده‌بوو له‌ ئاشنابوون به‌ ده‌وره‌كردنه‌وه‌ی قوڕئانی پیرۆز.. نوێژخوێنانی مزگه‌وتی حاجی یه‌حیا له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌هابادی شاری هه‌ولێر باشتر و زیاتر گوێبیستی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی مامۆستا بوونه‌، كه‌ به‌ خۆشخوێنییه‌وه‌، ئایه‌ته‌كانی قوڕئانی له‌لا شیرینتر ده‌كردن، ئه‌وان شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ن، كه‌ مامۆستا، نموونه‌یه‌كی زۆر باڵا بوو بۆ زانایان له‌ پێشنوێژی و ووتارخوێنییدا.

له‌ سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییدا، مامۆستا فاكته‌ری دڵنیاكه‌ره‌وه‌ و به‌هێزكه‌ره‌وه‌ی ئاشته‌وایی و ته‌بایی بووه‌، له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌، ته‌كانی داوه‌ته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و دۆست و براده‌ره‌كانی

مامۆستا جگه‌ له‌ كاری ته‌دریس و پێشنوێژی و ووتارخوێنیدا، له‌ سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ بوو، زۆر حه‌زی به‌ تێكه‌ڵاوی و دۆستایه‌تی ده‌كرد، مامۆستای ڕه‌حمه‌تی له‌ ماوه‌ی ژیانییدا، فاكته‌ری دڵنیاكه‌ره‌وه‌ و به‌هێزكه‌ره‌وه‌ی ئاشته‌وایی و ته‌بایی بووه‌ له‌ نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا و، له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌، ته‌كانی داوه‌ته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ گه‌ڵ دۆست و براده‌ر و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی.

مامۆستای ڕه‌حمه‌تی قسه‌خۆش و سوحبه‌تچی بوو، پیاوێكی به‌ وه‌فا بوو، زۆر حه‌زی به‌ چاكه‌كردن و یارمه‌تیدانی خه‌ڵك كردووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووه‌ ئایینیه‌كه‌وه‌، من حه‌وت ساڵ له‌ خزمه‌تییدا خوێندوومه‌، له‌ زۆربه‌ی موناسه‌به‌ و سه‌ردانه‌كان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانییدا له‌ گه‌ڵی ڕۆیشتووم، به‌ تایبه‌ت له‌ پرسه‌كان كه‌ زۆر سوور بوو له‌ به‌شداریكردن له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كانی پرسه‌دا، هیچ كه‌موكوڕیم لێ به‌دینه‌ده‌كرد له‌و ڕووه‌وه‌، به‌ڵكه‌ وه‌كو سه‌رنجم لێده‌دا، زۆر هه‌وڵی ده‌دا بۆ به‌دیهێنانی سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كان و خێزانییه‌كان.. مامۆستا له‌ هه‌ر شوێنك بووبێت، خه‌ڵك شایه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ده‌ن، كه‌ چه‌نده‌ به‌ ته‌نگ ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییه‌وه‌ بووه‌؟، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی، كه‌ مامۆستا پیاوێكی ئایینی و زانایه‌كی ناودار و مرۆڤێكی سینه‌پاك بوو، هه‌مدیس پیاوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆشه‌ویستیش بوو.. به‌ ڕاستی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان مرۆڤێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر مه‌زنی له‌ده‌ستدا، كه‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یان زۆر ئه‌سته‌مه‌.

مامۆستا خاوه‌ن خه‌ت و قه‌ڵه‌مێكی زۆر خۆش بوو، ده‌ستڕه‌نگین بوو له‌ بواری نووسین و هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا و، خاوه‌ن چه‌ندین ده‌ستنووس و هۆنراوه‌ی چێژبه‌خشی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌

مامۆستای كۆچكردوومان له‌ بواری ئه‌ده‌بیشدا ده‌ستڕه‌نگین و ده‌ستباڵا بوو، خاوه‌نی دوو په‌رتووكی چاپكراوه‌، یه‌كه‌میان له‌ بواری فه‌رمووده‌ناسییه‌ به‌ ناوی (البهجه‌ المرچیه‌ فی شرح البیقونیه‌)، دووه‌مینیان له‌ بواری ئسوڵی فیقهه‌ به‌ ناوی (المأمول فی علم الاصول)، كه‌ هه‌ردووكیان له‌ ساڵی (1997) له‌ سه‌ر ئه‌ركی كوڕه‌كه‌كانی خوالێخۆشبوو حاجی یه‌حیای ڕه‌حمه‌تی چاپكراون، جگه‌ له‌وه‌ی مامۆستا چه‌ندین ده‌ستنووسی چاپنه‌كراوی هه‌یه‌، گرینگترینیان: (أنیس الوحده‌) یه‌، كه‌ مامۆستا زۆرجاری له‌لای من باسی ده‌كرد، زۆریشی حه‌زی لێبوو به‌ چاپی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌فسوس تا ئوستاد له‌ ژیاندا مابوو، ڕووناكییان نه‌بینی، چه‌ند جارێك پرسیارم له‌ مامۆستای ڕه‌حمه‌تی ده‌كرد، ده‌مووت: ئه‌رێ قوربان چیت كرد له‌ گه‌ڵ په‌رتووكی (أنیس الوحده‌)؟، ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا ده‌یووت: ئه‌و ئونسه‌ته‌ ئاسان نییه‌!!!.. به‌ڵێ، ئوستادی گه‌وره‌ ڕاستت فه‌رموو، ئه‌وه‌ تۆ مه‌به‌ستت ئونسه‌تی پاش وه‌غه‌ری خۆت بوو، كه‌ ئێمه‌ ئه‌وێ ده‌م لێی تێنه‌گه‌یشتین، كه‌ ئێمه‌ت بۆ هه‌تایه‌ ئاشنای بێئونسی كرد، بۆ هه‌تایه‌ ئونسه‌ جوانه‌كانت له‌ گه‌ڵ خۆتدا بۆ سه‌فه‌ری به‌هه‌شت برد.. مامۆستا خاوه‌ن مه‌ولودنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، كه‌ به‌ زمانێكی ڕه‌وان و شیرین دایڕشتووه‌، مامۆستا خاوه‌ن خه‌ت و قه‌ڵه‌مێكی زۆر خۆش بوو، ده‌ستڕه‌نگین بوو له‌ بواری نووسین و هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا و، خاوه‌ن چه‌ندین ده‌ستنووس و هۆنراوه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌.

كورته‌یه‌ك له‌ ژیاننامه‌ی مامۆستای گه‌وره‌ مه‌لا محمدامین رواندوزی

ساڵی (1941) له‌ شاری ڕواندوز، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری ئایینپه‌روه‌ر و نیشتیمانپه‌روه‌ر له‌ دایكبووه‌، له‌ ساڵی (1953) له‌ سه‌ر ڕاسپارده‌ و ڕێنمایی و پاڵپشتی باوكی ده‌چێته‌ ناو خوێندنی ئایینی له‌ حوجره‌، له‌ لای چه‌ندین گه‌وره‌ مه‌لای ناوداری كورد خوێندوویه‌تی، له‌ چه‌ندین حوجره‌ی جۆربه‌جۆریش هه‌واری هه‌ڵداوه‌، دوای ته‌واوكردنی هه‌موو زانسته‌ شه‌رعییه‌كانی خوێندنی مه‌لایه‌تی، له‌ به‌رواری (11 / 5 / 1967) له‌ سه‌ر ده‌ستی مامۆستای گه‌وره‌ (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌فه‌ندی)، له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری ڕواندوز، ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی پێبه‌خشراوه‌، مامۆستای ڕه‌حمه‌تی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ (50) ساڵ، سه‌رقاڵی ته‌دریس و وانه‌گووتنه‌وه‌ بووه‌، به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ش، له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا، خاوه‌نی مه‌دره‌سه‌ی تایبه‌تی خۆی بووه‌.له‌ ڕۆژی (17 / 11 / 2012)، له‌ ته‌مه‌نی (71) ساڵییدا، له‌ سه‌ر به‌رماڵی نوێژ وه‌فاتی كرد و، بۆ دواجار بارگه‌ی تێكنا و به‌ره‌و سه‌فه‌ری به‌هه‌شت به‌ ڕێكه‌وت.

نووسین و ئامادەکردن/ سەرنووسەری ماڵپەڕی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق