Ads (728x90)

مانشافت درێژکردنەوەی بۆندی "یواکیم لۆف" ڕادەگەیەنێت
یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەسەر زاری سەرۆکەکەی "فۆلفگانگ بێرسباخ" ەوە، بە شێوەیەکی ڕەسمی درێژکردنەوەی بۆندی "یواکیم لۆف" ی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی مانشافتی ئەڵمانیای تاوەکو ساڵی (2016) ڕاگەیاند.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە ئەمڕۆ هەینی سازکرا، "فۆلفگانگ بێرسباخ" وتی: "بەیانی ئەمڕۆ گرێبەستەکەمان واژۆکرد"، ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، کە گرێبەستە تازەکەی "یواکیم لۆف" تاوەکو پاڵەوانێتی یۆرۆی (2016) بەردەوام دەبێت.

"یواکیم لۆف" لە ساڵی (2006) پۆستی بەڕێوبەری هونەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی مانشافتی ئەڵمانیای وەرگرت، پاش ئەوەی لە ماوەی ساڵانی (2004 - 2005) وەکو یاریدەدەری "یۆرگن کلینزمان" ڕاهێنەری پێشووی مانشافت کاریکردووە، هەروەکو لە سەردەمی "یواکیم لۆف" هەڵبژاردەی تۆپی پێی مانشافتی ئەڵمانیا پلەی دووەمی لە یۆرۆی (2008) و پلەی سێیەمی لە جامی جیهانی (2010) گرتووە.

شایەنی باسە هەڵبژاردەی تۆپی پێی مانشافتی ئەڵمانیا لە هەڵمەتێکی سەرکەوتوودا کە هیچ دۆڕانێکی لە هیچ یارییەك لە یارییەکانی پاڵاوتن تۆمار نەکرد، توانی بگاتە مۆندیالی (2014) ی بەڕازیل، بەمەش بووەتە یەکێك لە پاڵێوراوە بەهێزەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

إرسال تعليق