Ads (728x90)

ڕابردوو و تامەزرۆیی گەڕانەوە
لە هۆکارە هەرە سەرکییەکان، کە وا لە مرۆڤ دەکات هەست بە خەمباری بکات لە ژیاندا، هەمیشە ڕابردووی خۆی بە جوانتر و خۆشتر و شیرنتر دەبینێت بە بەراورد بە ئێستای.

کاتێكیش مرۆڤ ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت، خۆزگە دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ وێستگەکانی ڕابردووی و لە باوەشی بیرەوەرییەکاندا هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵبکێشێت و، لەناو ساتە جوانەکانیاندا، تێر تێر، چێژ لە شیرینی خۆشبەختی وەربگرێت.

بەڵام ئەو گەڕانەوەیە زۆر زۆر مەحاڵە، زۆر زۆر دوورە لە بەدیهێنان، کە جگە لە خەیاڵێکی دانەبڕاو لە بیر و هەستی و ئیدراکی مرۆڤەکە خۆی، هیچ شتێکی دیکەی نییە پێیببەخشێت، ئەوەندە نەبێ، کە مرۆڤ سات نا ساتێك دەتاسێنێ و، لە ناخەوە دەیهەژێنێ و، بە خەیاڵ دەیباتەوە ئەو جیهانە خەیاڵییەی، کە ئارەزوو و تامەزرۆیە تێیدا ژیان بگوزەرێنێت.

بەڵام ناشبێت ئەوەمان بیر بچێت، کە ئەو حاڵەتە سروشتی نییە، وێڕای ئەوەی زۆرینەی مرۆڤەکان گیرۆدەی بوون و بەهۆیەوە گرفتاری جۆرەها دەردەسەری بوونەتەوە، چونکە زانایان بە پشتبەستن بە چەندین توێژینەوەی زانستی، ئێستا بۆیان دەرکەوتووە، کە چەندە مرۆڤ پەیوەست بێت بە ڕابردووەوە و، حەزی گەڕانەوە بۆ ڕۆژگاری دوێنێی لە ناخدا چەکەرە بکات، ئەوەندەش هەستکردنی بە خەم و ناڕەحەتی و ناخۆشی زیاتر دەبێت، ئەوەش ڕێگەخۆشکەرە بەرەو گۆشەگیربوونی لە ڕووی دەروونی و، گرفتاربوونی بە نەهامەتییەکانی خەمۆکی درێژخایەن لە ژیاندا.

إرسال تعليق