Ads (728x90)

چاوی هەڵۆ
یەکێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) دووپاتیکردەوە لەوەی، کە تەکنەلۆژیای چاودێریکردنی هێڵی گۆڵ، لە کۆتاییەکانی جامی جیهانی (٢٠١٤) لە بەڕازیل بەکاردەهێنرێت.
(فیفا) لە ڕوونکردنەوەیەکییدا ڕایگەیاند، دوای سەرکەوتنی جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیای چاودێریکردنی هێڵی گۆڵ لە جامی جیهانی یانەکان، کە وڵاتی یابان لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو میوانداریکرد، فیفا بڕیاریدا بە هەمان شێوە لە جامی کیشوەرەکان (کە هاوینی ئەمساڵ لە بەڕازیل سازدەکرێت) و جامی جیهانی هەڵبژاردەکان (کە هاوینی ساڵی داهاتوو لە بەڕازیل سازدەکرێت) بەکاربهێنرێت.
(فیفا) لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە ئامانج لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە، یارمەتیدانی ناوبژیوانانە.
شایەنی باسە، تەکنەلۆژیای چاودێریکردنی هێڵی گۆڵ کە بە (چاوی هەڵۆ) ناسراوە، لە پێشبڕکێی جامی جیهانی یانەکان، کە لە وڵاتی یابان لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو، تاقیکراوەتەوە و، بە بۆچوونی بەرپرسانی فیفا و چاودێرانی وەرزشی، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

إرسال تعليق