Ads (728x90)

 ڕووەك
له‌ گه‌ردووندا، زۆرێك له‌ دیارده‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كان به‌رچاو ده‌كه‌ون، كه‌ مایه‌ی تێڕامان و تێفكرینن، یه‌كێك له‌و دیارده‌ و دیمه‌نه‌ سروشتییه‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌، ڕووه‌كێكه‌، كه‌ له‌ ناو به‌سته‌ڵه‌كدا ده‌ژیێت، به‌ڵام له‌ پێناو پاراستنی مانه‌وه‌ی خۆی، ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌!.

له‌و ڕووه‌وه‌، چه‌ندین وتار و بابه‌ت ده‌رباره‌ی دیارده‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی جیهانی ڕووه‌ك بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زانایانی خۆرئاوا، تووشی سه‌رسوڕمانی گه‌وره‌ هاتوون له‌ هه‌مبه‌ر ڕه‌فتاری سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌ندێك له‌ ڕووه‌كه‌كان، ئه‌و ڕووه‌كانه‌ی، كه‌ له‌ كاتی پێویستدا، گه‌رمایی دروستده‌كه‌ن.

لێره‌دا پێویسته‌ له‌و ڕاستییه‌ تێبگه‌ین، كه‌ نابێت پێمانوابێت ئه‌و ڕووه‌كانه‌ عه‌قڵیان نییه‌، به‌ڵكو خودای گه‌وره‌ ئامێرێكی زۆر وردی پێبه‌خشیوون بۆ هه‌ستكردن به‌ پله‌ی گه‌رمای ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان، به‌وه‌ی كاتێك پله‌ی گه‌رمی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان ده‌گاته‌ ئاستێكی زۆر نزم، ئه‌و ئامێره‌ كه‌ له‌و ڕووه‌كانه‌دا هه‌یه‌، ده‌ستده‌كات به‌ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی كرده‌ كیمیاییه‌كان، كه‌ سه‌ره‌نجام وزه‌ی گه‌رمی لێ په‌یدا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری گه‌رمكردن و تواندنه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كان!.

زانایان سه‌ره‌نجیانداوه‌ له‌وه‌ی، كه‌ كاتێك پله‌ی گه‌رما بۆ پله‌ی ژێر سفر داده‌به‌زێت، پله‌ی گه‌رمی ئه‌و ڕووه‌كانه‌ له‌ نێوان (30-36) پله‌ی سه‌دیدایه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان نه‌بوایه‌، ئه‌و ڕووه‌كانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توانای ژیانیان نه‌ده‌بوو.
له‌و ڕووكانه‌ش، جۆرێكیان هه‌یه‌ له‌ لوولدراوه‌كان به‌ناوی (skunk cabbages) یان ناوه‌ زانستییه‌كه‌ی (Symplocarpus foetidus)، ئه‌وه‌شی كه‌ زانایانی تووشی سه‌رسوڕمان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ڕووه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ لێژه‌ به‌فراوییه‌كان گه‌شه‌ ده‌كات و له‌ناو به‌فر ئه‌شكه‌وته‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی دروستده‌كات، سه‌رسوڕمانی زانایانیش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌ كاتێك پله‌ی گه‌رمی بۆ (15-) پله‌ی ژێر سفری داده‌به‌زێت، پله‌ی گه‌رمی ئه‌و ڕووه‌كانه‌ (30) پله‌ی سه‌دییه‌!!، ئه‌و دیارده‌ تاقانه‌یه‌ش له‌ هیچ دروستكراوێكی تری خودای په‌روه‌ردگاردا نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی گیانه‌وه‌ره‌ شیرده‌ره‌كان ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌و كه‌شوهه‌وایه‌دا بمێننه‌وه‌، له‌ ژێر كاریگه‌ری سه‌رما و ساردییدا ڕه‌ق ده‌بنه‌وه‌!!، لێ ئه‌و ڕووه‌كانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دوورودرێژ له‌و كه‌شوهه‌وا سارده‌دا ده‌ژیێن!.

لێره‌دا ده‌توانین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ خودای په‌روه‌ردگار ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی وردی بۆ ڕێكخستنی پله‌ی گه‌رمی به‌و ڕووه‌كانه‌ به‌خشیووه‌، ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ وه‌كو ئه‌و ئامێره‌ گه‌رمكه‌ره‌وانه‌ كارده‌كه‌ن، كه‌ ده‌ستكردی مرۆڤن و پله‌ی گه‌رمی ڕێكده‌خه‌ن.
خوڵاسه‌ی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ڕووه‌كانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر وردبینانه‌وه‌ به‌رنامه‌ بۆ دانراون له‌ لایه‌ن خودای په‌روه‌ردگاره‌وه‌، به‌ چه‌شنێك كه‌ تووشی هه‌ڵه‌كردن نابن و پێویستیان به‌ چاككردنه‌وه‌ نییه‌!.

بۆیه‌ تا ئێستاش میكانیزمه‌ ورده‌كه‌ی ڕێكخستنی گه‌رمایی لای ئه‌و ڕووه‌كانه‌ نه‌زانراوه‌، به‌ڵام خودای گه‌وره‌ باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات كه‌ چۆن هیدایه‌تی ئه‌و ڕووه‌كه‌ و هه‌موو دروستكراوه‌كانی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوترین شێوه‌ به‌ كاره‌كانیان هه‌ڵبستن، كاتێك له‌ ئایه‌تی (50) له‌ سوڕه‌تی (طه) ده‌فه‌رمووێت:

 ڕووەك
((الَّذِي أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى))، واته‌: خودا ئه‌و زاته‌یه‌، كه‌ بوونی به‌ هه‌موو شتێك به‌خشیووه‌، ئینجا ڕێنموونی كردووه‌ و هیدایه‌تی پێبه‌خشیووه‌.

ئه‌و میكانیزمه‌ ووردبینانه‌یه‌، كه‌ ئه‌و ڕووه‌كه‌ به‌كاریده‌هێنێت، تا ئێستا بۆ زانایان ئاشكرا نه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ ده‌پرسن: چۆن ده‌بێت ڕووه‌كێك كه‌ عه‌قڵی نه‌بێت، به‌و شێوه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ كۆنتڕۆڵی پله‌ی گه‌رمییه‌كه‌ی بكات؟!!، به‌ڵكو ئه‌و وزه‌ گه‌رمه‌ی له‌ كوێ هێناوه‌؟!، ئه‌ی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیا ئاڵۆزانه‌ی له‌ كوێ ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ به‌كاریانده‌هێنێت؟!.

وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌: ئه‌وه‌ خودای گه‌وره‌یه‌، كه‌ هیدایه‌تی ئه‌و ڕووه‌كه‌ی داوه‌ له‌ كاره‌كه‌یدا:
((الَّذِي أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى)) .

له‌ ئێستادا زانایان بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ وزه‌ی (ڕووه‌كه‌ گه‌رمه‌كان) و وازهێنان له‌ وزه‌ی كاره‌با بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كان!!، چونكه‌ ئه‌و ڕووه‌كانه‌ وزه‌ی گه‌وره‌ به‌رهه‌مده‌هێنن به‌ به‌راورد به‌ قه‌باره‌كه‌یان، به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی ئه‌و ڕووه‌كانه‌ له‌ پله‌كانی گه‌رمییدا دروستیده‌كه‌ن، بریتییه‌ له‌ (50) پله‌ی سه‌دی (له‌ پله‌ی -15 بۆ 35 پله‌)، ئه‌و ڕێژه‌ گه‌رمییه‌ش به‌سه‌ بۆ گه‌رمكردنی ئاو و گه‌رمكردنه‌وه‌ی ماڵ!.

بۆیه‌ ئێستا وزه‌یه‌كی بێبه‌رامبه‌ر هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانرێت له‌ڕێی ئه‌و ڕووه‌كه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنرێت، بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تی (65) له‌ سوڕه‌تی (الحج) ده‌فه‌رمووێت:

((أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ سَخَّرَ لَكُمْ مَا فِي الْأَرْضِ))، واته‌: نه‌تانبینیووه‌، كه‌ خودا هه‌موو شتێكی له‌ زه‌ویدا بۆ ده‌سته‌مۆ كردوون، هه‌روه‌كو خودای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تی (13) له‌ سوڕه‌تی (الجاثية) ده‌فه‌رمووێت: ((وَسَخَّرَ لَكُمْ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا مِنْهُ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ)) واته‌: خودا هه‌موو شتێكی له‌ ئاسمانه‌كان و له‌ زه‌ویدا بۆ ئێوه‌ ده‌سته‌مۆ كردووه‌، له‌مه‌یاندا نیشانه‌ و به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ هه‌ن له‌سه‌ر قودڕه‌تی خودای گه‌وره‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

 ڕووەك

جا ئایا ئێمه‌ بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ چۆنییه‌تی و شێوازی دروستكردنی ئه‌و ڕووه‌كانه‌ و ئه‌و وردبینییه‌ی له‌ په‌یداكردنیاندا هه‌یه‌؟، ئایا بیرمان له‌ ده‌لاله‌تی ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ كردیته‌وه‌، كه‌ خودای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت:

((صُنْعَ اللَّهِ الَّذِي أَتْقَنَ كُلَّ شَيْءٍ إِنَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَفْعَلُونَ))، واته‌: ئه‌مه‌ ده‌ستكردی خودایه‌ كه‌ هه‌موو شتێكی به‌ ڕێك و پێكییه‌وه‌ دروستكردووه‌، ئه‌و ئاگاداره‌ به‌ هه‌موو شتێك، كه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن.

إرسال تعليق