Ads (728x90)

شرۆڤەی زانستیی بۆ ڕێنومایی پێغه‌مبه‌ر تایبەت بە هێشتنه‌وه‌ی ڕیش
ڕۆژ دوای ڕۆژ، فەرموودەکانی پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی موحەممەد (دروودی خوای لەسەربێت) لە نوێترین بەرگی زانسیی هاوچەرخدا بەرجەستە دەبن.

ئەو ڕاستییەش بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕووندەبێتەوە، کە حەزرەت (د.خ) سەرقافڵەی کاروانی ڕاستەقینەی گەیاندنی مرۆڤایەتییە بە لووتکەی ئاسوودەیی و تەندروستی و خۆشبەختی.

ئەوەتا ڕۆژانە توێژینەوە زانستییەکان دووپات لە ئیعجازە گەورەکانی پێغەمبەر دەکەنەوە و دەیسەلمێنن، کە حەزرەت (دروودی خوای لەسەربێت)، مرۆڤێکی هێندە مەزنە، کە ئەو بە تەنیا لە بواری دیندارییدا سوارچاك و پێشەنگ نەبووە، بەڵکو لە هەموو کایەکانی ژیاندا پێشڕەو و چاوساغ و ڕێنیشاندەر بووە، بۆیە لە سایتی (قەڵەم پرێس)ـەوە ئاشنای دوا توێژینەوەی زانستی دەبین، کە ئیعجازی پێغەمبەرە (دروودی خوای لەسەربێت) لەبارەی هێشتنەوەی ڕیش.

پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەربێت) لە فەرموودەیەکییدا دەفەرمووێت: خالِفُوا المُشركینَ، وۆفِّرُوا اللِّحی، واحْفُوا الشوارب، واتە: پێچەوانەی موشریکەکان بن، ڕیشتان بهێڵنەوە و سمێڵتان کورت بکەنەوە.. چەندین فەرموودەی پەیوەندیداری تریش هەن، کە تێیاندا پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەربێت) ئامۆژگاریمان دەکات و هانمان دەدات و داوامان لێدەکات، کە ڕیشمان بهێڵینەوە، زۆر لە زانایانیش بە پشتبەستن بەو فەرموودانە، تاشینی ڕیشیان بە حەڕام داناوە، هەندێکیشیان بە کەڕاهەت دایانناوە، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا ڕوونی بکەینەوە، سوودە تەندروستییەکانی هێشتنەوەی ڕیشە.

توێژینه‌وه‌یه‌كی پزیشكی نوێی به‌ڕیتانی دووپاتی لە ڕاستێتی ئیعجازێکی گەورەی پێغەمبەری خۆشەویستمان حەزرەتی موحەممەد (دروودی خوای لەسەربێت) کردۆتەوە و ئاشكرایكردووه‌، كه‌ هێشتنه‌وه‌ی ڕیش، كاریگه‌ری ئیجابی گرنگی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی دواخستنی فاكته‌ره‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌مه‌ن و پاراستنی ده‌م و چاو له‌ زیانه‌كانی تیشكی خۆر كه‌ هۆكارن بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌.

توێژه‌ران له‌ زانكۆی (كوینزلاندی باشوور) ده‌ڵێن: ڕیش پارێزگاریی گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌كات له‌ دژی زیانه‌كانی تیشكی خۆر و په‌یوه‌ستبوونیان به‌ شێرپه‌نجه‌ی پێست.

توێژه‌ره‌كان بۆیان ده‌ركه‌وت، ئه‌و به‌شه‌ی ڕووخساری مرۆڤ، كه‌ به‌ ڕیش داپۆشرا بێت، كه‌متر تیشكی خۆری سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی زیانبه‌خشی به‌ردەکەوێت، ئه‌مه‌ش به‌ به‌راورد به‌و به‌شانه‌ی ڕووخساری مرۆڤ، كه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێ، ڕیش له‌خۆناگرن.

توێژه‌ره‌كان ته‌كنه‌لۆژیای پێوانه‌كردنی ژه‌مه‌كانیان بۆ پێوانه‌كردنی بڕی تیشكه‌كان به‌كارهێناوه‌، ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و كرداره‌ش ده‌ریانخستووه‌، كه‌ ڕیش، بە ڕێژه‌ی (90 و 95 %) پارێزگاریی دژه‌خۆر پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی درێژی ڕیش.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، (دكتۆر نیك لوی) پسپۆڕ له‌ كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی پێداویستییه‌كانی گرینگیدان به‌ پێست ڕوونیكردۆته‌وه‌، كه‌ ڕیش كار ده‌كات له‌سه‌ر دواخستنی فاكته‌ره‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌مه‌ن و ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پیری، هه‌روه‌كو ڕیش كار ده‌كات له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی ئاو له‌سه‌ر پێست و واده‌كات له‌ باری ته‌ڕی دابێت، ئه‌مه‌ش له‌ڕێی پاراستنی له‌ "با"، كه‌ "با" كار ده‌كات له‌سه‌ر وشككردنی.

(كارۆل وۆكەر) ی ژنه‌ توێژه‌ریش ده‌ڵێت: ڕیش یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆكه‌، هه‌روه‌كو ئه‌و مووانه‌ی له‌ ژێر چه‌ناگه‌ و مل گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی مل و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ پارێزگاریی له‌ سه‌رما، هه‌روه‌كو موو وه‌كو نه‌گه‌یه‌نه‌رێكه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ گه‌رمی ده‌هێڵێته‌وه‌، به‌وه‌ی ڕیشی پڕ و ته‌واو، هه‌وای سارد دوورده‌خاته‌وه‌ و پله‌ی گه‌رمی مل به‌رزده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ كاتی سه‌رمادا زۆر به‌سووده‌.

إرسال تعليق