بەهۆی دۆڕانی بارسا لە کلاسیکۆدا، بومەلەرزەیەکی گەورە قەوارەی کەتەلۆنیا دەهەژێنێت
لە یاری گەڕانەوەی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، یانەی بەرشەلۆنە (لە کلاسیکۆی جیهاندا) میوانداری ڕکابەرە ئەزەلییەکەی خۆی (ڕیاڵ مەدرید) ی کرد، بەر لە فیکەی ناوبژیوان، هەموو هەلومەرجەکان لە بەرژەوەندی یانەی بارسا بوون، چونکە لە یاری چووندا لە یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) تایبەت بە (ڕیاڵ مەدرید)، ئەنجامەکە بە یەکسانبوونی ئیجابی (١-١) کۆتایی هاتبوو، ئەمەش لە خزمەتی بارسادا بوو، هەروەکو یاریگا و جەماوەر، ئاست و پێشەنگبوونی بارسا لە لالیگا، چەندین فاکتەر و پاڵنەری تر، هەموویان هاندەری مەعنەوییانەی بارسا بوون،
لە ڕاستییدا ئەو دۆڕانە گەورەیەی بارسا، بومەلەرزەیەکی گەورە بوو لە قەوارەی کەتەلۆنیا ڕوویدا.چی لە (کامپنۆ) بینرا؟!!
بەڵام دواي فیکەی ناوبژیوان، ئەوەی بینرا، هەرگیز چاوەڕوانکراو نەبوو، کاتێك بارسا وەکو یانەیەکی بێگیان لەناو یاریگا دەرکەوت، بێجگە لە چەند هەوڵێکی شەرمنانە، ئاستێکی بەرزی ئەوتۆ لە یاریزانەکانی بارسا نەبینرا، بە پێچەوانەوە، ڕیاڵ مەدرید وەکو بڵێی لەسەر یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) یاری دەکات، بەوەی بە دامەزراویی و بەهێزییەوە خۆی سەلماند و، کەشوهەوای یاریگای (کامپنۆ) ی قۆستەوە و، نەخشەی بردنەوەی لەسەر کێشا.
مۆرینیۆ و (........)!!
خاڵێکی گەورەی یارییەکە، جێدەستی ڕاهێنەر بوو، کە وەکو ئەوەی لەناو یاریگا دەرکەوت لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، ئەوە بە ڕوونی دیار بوو، کە (مۆرینیۆ) شارەزایانەتر پلانەکەی داڕشتبوو، کاتێك ناوەندی یاریگای کۆنتڕۆڵ کردبوو و یاریزانەکانی ئەو هێڵەشی پەیوەستکردبوو بە بەستنەوەی هێڵی هێڕشبردن بە هێڵی بەرگری لەلایەك، لەلایەکی ترەوە، ئەو یاریزانانەی کردبوونە بەربەستێکی پۆڵایین لە بەردەم یاریزانانی بارسا، (مۆرینیۆ) یاریزانەکانی بە توانای جەستەیی ئاراستە کردبوون بۆ ئەنجامدانی یارییەکە، بە پێچەوانەوە، ڕاهێنەری بارسا نەیدەتوانی کلیلی دەرچوون لەو تەنگەژەیە بدۆزێتەوە کە یاریزانانی تێیکەوتبوون، تەنانەت لە گۆڕانکاریکردن لە یاریزانانیشدا (ڕۆڕا) زۆر لە دواوە بوو، کە لە ناوەڕاستی گێمی دووەمدا گۆڕانکاری کرد لە ئاڵۆگۆڕکردنی یاریزانان، بەڵام گۆڕانکارییەکانیشی کوشندەبوون، چونکە لە بری ڕاستکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، ئەنجامەکە بە دوو گۆڵی تر بەسەر بارسا کەڵەکە بوو.
ڕۆناڵدۆ .. مێسی!!
جارێکی تر ئەو وتەیە کەوتەوە سەر زاران، کە ڕۆناڵدۆ شای شانشینەکەی مێسییە، چونکە خاڵێکی گرینگ لەو یارییەدا، دەرکەوتنی بەهێزی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بوو، کە توانی دوو گۆڵ لە تۆڕی بارسا تۆمار بکات، هاوکات بە جووڵە و خولانەوە و پاسەکانی، توانی هاوکێشەی یارییەکە بۆ بەرژەوەندی ڕیاڵ مەدرید بگۆڕێت، هەروەکو توانی ڕیکۆردێکی گرینگ تۆمار بکات، بەوەی یەکەم یاریزانی ڕیاڵ مەدریدە لە شەش یاری لەسەر یەك لەناو (کامپنۆ) گۆڵ لە بارسا تۆمار بکات، بە پێچەوانە مێسی، ئەو بێجگە لە چەند هەوڵێك، بە تەواوەتی تەسلیمی گەمارۆی یاریزانەکانی ڕیاڵ ببوو، تەنانەت نەیدەتوانی ئاستی سەرنجڕاکێش و بەهێزی جارانی نمایش بکات، کە بەمەش، تروسکایی ئەدای جارانی بارسا نەدەبینرا.
نازناوەکەی دایەوە دەست ڕکابەرەکەی!!
بە دۆڕانی بارسا لەو یارییە چارەنووسسازەدا بە ئەنجامی (٣-١)، نازناوی جامی شای ئیسپانیای بۆ بەرژەوەندی ڕکابەرە ئەزەلییەکەی (ڕیاڵ مەدرید) لەدەستدا، ئەمەش لە ڕووی دەروونییەوە، گورزێکی کوشندە بوو بەر قووڵایی دڵی یاریزانانی بارسا کەوت، چونکە ڕیاڵ مەدرید بەو دەستکەوتە، دەتوانێت وەرزی ئەمساڵی ڕزگار بکات و بیسەلمێنێت، کە لەسەر حیسابی ڕکابەرە مێژووییەکەی، نوێبوونەوە و دەرکەوتنەوەی بەهێزی خۆی ڕاگەیاند.
ناوبژیوان (...........)!!!
خاڵێکی تری یارییەکە، ئەدای ناوبژیوان بوو، کە لێدانێکی (١٠٠%) ڕاستی بۆ ڕۆناڵدۆ هەژمارکرد، لە کاتێکدا بە ڕای یانەی بارسا، ناوبژیوان بێبەشیکردوون لە دوو لێدانی سزا، بەڵام لە دوای یارییەکە، (جەمال شەریف) پسپۆڕ و شیکەرەوەی بواری ناوبژیوانی لە کەناڵی جەزیرەی وەرزشی، ئەوەی ڕەتکردەوە، کە ناوبژیوان ناهەقی دەرهەقی یانەی بارسا کردبێت، ئەو دوو حاڵەتەشی کە بارسا بە لێدانی سزا دەیانزانێت، بەلای (جەمال شەریف) ەوە بڕیاری ناوبژیوان تەوابوون، تەنها لە حاڵەتەکەی (سیسك فابریگاس) دڵنیا نەبوو و، بە بۆچوونی ئەو، گومانی لێدانی سزای لێدەکرێت، بە گشتی ناوبژیوان بە سەرکەوتووییەوە یارییەکەی بەڕێوەبرد.
دوای یارییەکە، ڕۆژنامە و میدیا جیهانییەکان چیان ووت!!
ئەوجارەشیان دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، ناونیشانی ڕۆژنامە و میدیا جیهانییەکان گوزارشتیان لە ماجەڕای یارییەکە کرد، کە بریتی بوو لە ستایشکردنی یانە مەدریدییەکە و پیاهەڵدان بە ئاستباڵاییەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە لایەکی تریشەوە، سەرزەنشتکردنی یانەی بارسا و لیۆنێل مێسی، ئەمەی خوارەوەش ناونیشانی چەند ڕۆژنامەیەکی وەرزشیی جیهانییە:
مارکای مەدریدی: ڕیال مەدرید بەرشەلۆنە ڕیسوا دەکات..
ئاسی مەدریدی: کریستیانۆ کەتەلۆنییەکانی تۆقاند..
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی: کریستیانۆ و ڤاڕان لە کامپنۆ گۆڵ تۆمار دەکەن..
ئەی بی سی کەتەلۆنی: ڕیال مەدرید لە کامپنۆ بەرشەلۆنە ڕیسوا دەکات..
لاگازیتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی: شۆکی بەرشەلۆنە..
فڕانس فتبۆڵی فەڕەنسی: ڕیاڵ مەدرید یەکێك لە چاکترین نمایشە ئەو وەرزەی پێشکەشکرد و بەرشەلۆنە تێکدەشکێنێت..
لیکیبی فەڕەنسی: ڕیال مەدرید مەزنە..
کیکەری ئەڵمانی: کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ سەرداری کامپنۆیە..
ئەپۆلای پورتوگالی: ڕیاڵ مەدرید بردیەوە و شوێنی خۆی لە کۆتایی جامی شادا گرت..
جۆجۆی پورتوگالی: کامپنۆ لای پێیەکانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە..
سپۆرت دی هۆڵەندی: ڕیال مەدرید بەرشەلۆنە ڕیسوا دەکات و ڕۆناڵدۆش سوپەرستارە..
ئیسپەنی ئەمریکی: ڕیاڵ مەدرید بەرشەلۆنە دەهاڕێت و کریستیانۆش سەرچاوەی ئیلهام بوو..
ئۆلێی ئەرجەنتینی: گورزی ڕاستەقینە..
إرسال تعليق