لە دوایین ساتەکانی گواستنەوەی یاریزاناندا، چەند گرێبەستێکی گرنگ واژۆکران، لەوانە: گاریس بەیڵ بۆ ڕیال، مەسعود ئۆزیل بۆ ئارسناڵ.
"گاریس بەیڵ" گەورەترین و گرنگترین گرێبەستی وەرزی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان بوو
دوای سووربوونی لەڕادەبەدەری یانەی شاهانە و خودی یاریزانەکە، دواجار یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی ڕازیبوو بە دەستبەرداربوون لە باشترین یاریزانی وەرزی ڕابردووی خولی ئینگلیزی لە بەرامبەر بە (91.2) ملیۆن یۆرۆ، دوێنێش دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان، لە یاریگای "سانتیاگۆ بێرنابیۆ" و بە ئامادەبوونی زیاتر لە (20) هەزار هەواداری یانەی شاهانە، "گاریس بەیڵ" پێشکەش بە هاندەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا.
"گاریس بەیڵ" بە هاتنە ڕیزەکانی یانەی شاهانە، هیوای منداڵی خۆی هێنایەدی، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ ئەو ئەزموونە تازەیەی، دەربارەی "کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ" ش وتی: ئەو باشترین یاریزانی جیهانە و پێویستی بە من نییە، چاودێرانی وەرزشی ئەو لێدوانەی "گاریس بەیڵ" بە وەڵامدانەوەیەکی بەهێز بۆ لێدوانی "نیمار" ی دادەنێن، کاتێك هاتە بەرشەلۆنە وتبووی: هاتووم یارمەتی "میسی" بدەم.
شایەنی باسە "گاریس بەیڵ" درێسی ژمارە (11) لەگەڵ یانەی شاهانە دەپۆشێت.
دوای هاتنی "گاریس بەیڵ"، "مەسعود ئۆزیل" بڕیاریدا بەرەو ئارسناڵ بڕوات
"مەسعود ئۆزیل" یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیال مەدرید لەسەر خواستی خۆی ڕوویکردە یانەی ئارسناڵ، پاش ئەوەی هەستیکرد متمانەی "کارلۆ ئەنشیلۆتی" لەدەستداوە، ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بە هۆکاری نەمانی متمانەی "کارلۆ ئەنشیلۆتی" بە "مەسعود ئۆزیل" کردووە و گوایە، "مەسعود ئۆزیل" لە ڕووی جەستەییەوە توانای یاریکردنی لاواز بووە، چونکە ئەو دەتوانێت تەنها (50) خولەك یاری بکات، ئەوەش بەلای ڕاهێنەرەوە جێگەی ناڕەزایەتییە.
گرێبەستی "مەسعود ئۆزیل" لەگەڵ یانەی ئارسنال بە گرانترین گرێبەستی ئەو وەرزەی گواستنەوەی یاریزانان دەژمێردرێت، چونکە یانەی ئارسنال لە پەلکێشکردنی "مەسعود ئۆزیل"، بڕی (50) داوە بە یانەی شاهانە.
شایەنی باسە "مەسعود ئۆزیل" درێسی ژمارە (11) لەگەڵ یانەی ئارسنال دەپۆشێت.
إرسال تعليق