Ads (728x90)

لە چرکەساتێکدا، هەموو شتێك گۆڕا
لە بەرەبەیانێکدا، لەناو شەمەندەفەری یەکێك لە تونێلەکانی "نیویۆرك" بووم، سەرنشینان بە بێدەنگی دانیشتبوون، هەندێکیان سەرقاڵی خوێندنەوە ڕۆژنامە بوون، هەندێکی تر لە بیرکردنەوەدا بوون، هەندێکی تریش لە حەسانەوەدا بوون، کەشەکە لێوانلێو بوو لە هێمنی.

کتوپڕ.. پیاوێك لەگەڵ منداڵەکانی سەرکەوت، خێرا منداڵەکان کردیانە هاتوهاوار و دەنگەدەنگ.. پیاوەکە لە تەنیشتمەوە دانیشت و، بێئاگا لەو هەڵوێستە، چاوەکانی داخست!!.

منداڵەکان بەسەر یەکتریدا دەیانقیژاندا و شتیان دەگرتە یەکتر، تەنانەت ڕۆژنامەیان لە دەستی سەرنشینان ڕادەکێشا، کەشەکە تەواو گۆڕا بۆ کەشێکی بێزارکەر!!.. سەرەڕای ئەوەش، پیاوەکە لە تەنیشتمەوە جووڵەیەکی نەکرد، وەکو بڵێی هیچ شتێك ڕووینەداوە!!.

من هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد ئەو پیاوە تا ئەو ئەندازەیە بێباك بێت لەوەی منداڵەکانی دەیکەن و ڕێگەیان پێبدا ئەو بەزمە بخوڵقێنن!، بەبێ ئەوەی کاردانەوەیەکی هەبێت لە ئاستییاندا!!.

ئیدی سەبرم نەما، ئاوڕم دایەوە بۆ لای پیاوەکە و پێموت: بەڕێزم، منداڵەکانت بوونەتە هۆکاری بێزاری زۆربەی سەرنشینان!!، پێم سەیرە کە لەوە زیاتر بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارانەیان!!، بەڕاستی تۆ بێهەستی!!.. پیاوەکە چاوەکانی کردەوە و، وەکو بڵێی یەکەمجارە ئاگای لەو بەزمە بێت، بە لەسەرخۆییەوە وتی: ڕاست دەکەی، تۆ لەسەر حەقی.. وا دیارە دەبوو لە بەرامبەر ئەوەدا شتێك بکەم.. ئێستا لە نەخۆشخانەوە دێینەوە، کاتژمێرێك لەمەوبەر دایکی منداڵەکانم دوا هەناسەی دا و مرد، بەڕاستی من توانای بیرکردنەوەم نییە، گومانیشم وایە منداڵەکانم نازانن چۆن "وەکو خۆم" ڕووبەڕووی ئەو کۆستە گەورەیە ببنەوە؟!!..

تۆ بڵێی هەستی من چی بێت لەو کاتەدا؟!، کتوپڕ دڵم پڕ بوو لە ئازار بۆ پیاوەکە، هەستی بەزەیی و هاوسۆزیم کڵپەیدا..

پێموت: ئێستا هاوسەرەکەت مرد؟!!.. من دڵگرانم و داوای لێبوردن دەکەم.. ئایا دەتوانم یارمەتیت بدەم؟..

لە ڕاستتیدا، لە چرکەساتێکدا هەموو شتێك گۆڕا !!.

تێبینی/ ئەوەی سەرەوە قسەی "ستیڤن کۆڤی" نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی و پسپۆڕی بواری گەشەپێدانی مرۆییە، کە دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە:

چەندجار ستەم لە خۆشەویست و هاوڕێیانمان دەکەین، بەبێ ئەوەی باکگراوەندی هەلومەرجەکانیان و هۆکاری ڕەفتارەکانیان بزانین، بۆیە با پرسیارێك لە خۆمان بکەین: بۆچی پێش ئەوەی هۆکارەکان بزانین و لە هەلومەرجەکان تێبگەین، حوکم لەسەر شتەکان دەدەین؟!!.

إرسال تعليق