Ads (728x90)

پێویستە هەموو موسڵمانێک ئاگاداری ئەو تایبەتمەندییەی دوعاکردن بێت
خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا ڕێنووماییمان دەکات، کە لەسەر شێوە پەسند و تەندروستەکە لێی بپاڕێینەوە و داوا و پێویستییەکانمانی بۆ بەرز بکەینەوە، ئەوەتا لە سوڕەتی (الأعراف ـ ٥٥) دەفەرمووێت: "ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعاً وَخُفْيَةً إِنَّهُ لا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ"، واتا: "هانا و هاوار بکه‌ن له په‌روه‌ردگارتان به‌ پاڕانه‌وه‌ی به‌ کوڵ، به‌ نهێنی (له‌کات و شوێنی له‌باردا)، چونکه به‌ڕاستی ئه‌و زاته ده‌ستدرێژکارانی خۆش ناوێت".

مەبەستی لە دەستدرێژیکردن لە دوعادا لە چەند وێنەیەک ڕووندەکەینەوە:

  • داواکردنی ئەو شتەی خوای گەورە لە ژیانی دونیادا قەدەغە و حەڕامی کردووە لەسەر بەندەکانی، وەکو چۆن هاوڕێکانی موسا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێت) داوایانکرد بە ئاشکرا خوای گەورە ببینن، یان وەک ئەوەی کەسێک داوای منداڵ بکات بەبێ ئەوەی هاوسەرگیری کردبێت.
  • داواکردنی وردەکاری شتەکان، وەک ئەوەی کەسێک بڵێ خوایە ئەگەر چوومە بەهەشت داوای کۆشکێکی سپیت لێدەکەم لە لای ڕاستی بەهەشت.
  • بەرزکردنەوەی دەنگ لە کاتی دوعاکردندا.

سوودەکانی دوعاکردن بە شێوەی پەنهانی و نهێنی:

  1. نیشانەیە لەسەر گەورەیی بیروباوەڕ، چونکە خاوەنەکەی دەزانێت خوای گەورە گوێی لە دوعای شاراوە دەبێت، هەروەها دڵسۆزی و ملکەچی زیاتری تێدایە.
  2. نیشانەیە لەسەر نواندنی ئەدەب و بە گەورە تەماشاکردنی زاتی خوای کردگار، چونکە لە بەردەم پاشاکانی دونیا دەنگ بەرز ناکرێتەوە، هەر کەسێکیش لە حزوری ئەوان دەنگ بەرز بکاتەوە لێی توڕە دەبن، خوای گەورەش زۆر شایستەترە بەوەی بێدەنگی لە حزوریدا پیشانبدرێت.
  3. گوزارشت دەکات لەسەر نزیکی خاوەنەکەی لە زاتی (الله)ـی نزیک، نەک وەک ئەو کەسەی لە دوورەوە بانگی کەسێکی دوور بکات، بۆیە دەبینین خوای تەعالا ستایشی زەکەریا پێغەمبەر (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەکات و دەفەرمووێت: "إِذْ نَادَى رَبَّهُ نِدَاءً خَفِيّاً"، واتا: "کاتێک زەکەریا له (په‌رستگای خۆیدا) هانا و هاواری برد بۆ په‌روه‌ردگاری به‌په‌نهانی".
  4. کاتێک دوعاخوێن هەست بەوە دەکات کە خوای گەورە لە هەموو کەس نزیکترە لێی، چەندە لە توانایدا بێ بە نهێنی و پەنهانی لێی دەپاڕێتەوە.

خوای گەورە دوعا و پاڕانەوەکانتان قەبول بکات، تا ئەوەندەی پێشتان دەکرێت هەوڵ بدەن بەرجەستەکاری ئەو ڕێنووماییانە بن.

إرسال تعليق