Ads (728x90)

گرنگترین ١٠ سوودی داواکردنی لێخۆشبوون لە خوای گەورە
پێویستە لەسەر هەر موسڵمانێک، چەندە لە توانای دابێت، لە خوای گەورە بپاڕێتەوە و داوای لێخۆشبوونی لێبکات، چونکە بەو هۆیەوە چەندین سوودی گرنگی لەسەر ئاستە جیاوازەکانی ژیان دەستدەکەوێت.

ئەوەی لە خوارەوەش باسیان دەکەین، تەنیا چەند سوودێکی کەمی داواکردنی لێخۆشبوون "إستغفار"ـن، بەو هیوایەی بۆتان ببێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای پەروەردگار و بردنەوەی بلیتی خۆشبەختی دین و دونیا.

یەکەم/ دەبێتە هۆی ڕەشبوونەوەی گوناهـ و پاکبوونەوەی دەفتەری کردەوەکان، خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر نوح (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەگێڕێتەوە: "فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا"، واتا: "بە نەتەوەکەی خۆم وت: داوای لێخۆشبوون لە خوا بکەن، چونکە ئەو لێبووردەیە و لێتان خۆشدەبێت".

دووەم/ هۆکارە بۆ بارانبارین، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر نوح (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: "يُرْسِلْ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا"، واتا: "ئەی نەتەوەی خۆم،  خوای گەورە بارانتان به لێزمه‌ و خوڕه‌م بۆ ده‌بارێنێت".

سێیەم/ هۆکارە بۆ زیادبوونی سەروەت و سامان، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر نوح (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: "وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَلْ لَكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَلْ لَكُمْ أَنْهَارًا "، واتا: "ئەی نەتەوەی خۆم،  خوای گەورە ماڵ و سامان و نه‌وه‌تان پێ ده‌به‌خشێت، هاوڕێ له‌گه‌ڵ باخ و باخاتدا، ڕوبار و چه‌م و جۆگه‌تان بۆ به‌دیده‌هێنێت".

چوارەم/ هۆکارە بۆ بوژانەوە و گەشانەوە و سەرکەوتن، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر نوح (سڵاوی خوای لەسەربێت) لە هەمان ئایەتی سەرەوە دەفەرمووێت: "وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَلْ لَكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَلْ لَكُمْ أَنْهَارًا"، واتا: "ئەی نەتەوەی خۆم،  خوای گەورە ماڵ و سامان و نه‌وه‌تان پێ ده‌به‌خشێت، هاوڕێ له‌گه‌ڵ باخ و باخاتدا، ڕوبار و چه‌م و جۆگه‌تان بۆ به‌دیده‌هێنێت"، ئەوەش نیشانەیە بۆ بوژانەوە و گەشانەوەی بەروبووم و داهات و، سەرکەوتن و پێشکەوتن دەگەیەنێت.

پێنجەم/ هۆکارە بۆ زیادبوونی هێز و وزە و تواناکان، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر هود (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: "وَيَا قَوْمِ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوا إِلَيْهِ يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا وَيَزِدْكُمْ قُوَّةً إِلَىٰ قُوَّتِكُمْ وَلَا تَتَوَلَّوْا مُجْرِمِينَ"، واتا: "ئه‌ی خزمه‌کانم، داوای لێخۆشبوون له په‌روه‌ردگارتان بکه‌ن، پاشان بگه‌رێنه‌وه بۆ لای ئه‌و، ئه‌وه له ئاسمانه‌وه بارانی زۆری پر به‌ره‌که‌تتان بۆ ده‌بارێنێت، هێز و ده‌سه‌ڵاتتان بۆ زیاد ده‌کات، زیاد له هێز و ده‌سه‌ڵاتی ئاسایی خۆتان، ڕوو وه‌رمه‌گێرن له‌م باس و ئامۆژگاریانه، له‌کاتێکدا که ئێوە هه‌میشه تاوانبارن"، هەروەکو ئەو ڕێنووماییە هێزی ناوەوەی مرۆڤیش دەگرێتەوە لە حەسانەوە و ئاسوودەیی و ئارامی و ویژدانی خاڵی گوناهـ و تاوان.

 شەشەم/ هۆکارە بۆ ژیانێکی خۆش، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر هود (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: "وَأَنِ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوا إِلَيْهِ يُمَتِّعْكُمْ مَتَاعًا حَسَنًا إِلَىٰ أَجَلٍ مُسَمًّى وَيُؤْتِ كُلَّ ذِي فَضْلٍ فَضْلَهُ ۖ وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنِّي أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ كَبِيرٍ"، واتا: "(خه‌ڵکینه‌)!، داوای لێخۆشبوون له په‌روه‌ردگارتان بکه‌ن، له‌مه‌ودوا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای، ئه‌وکاته به‌ چاکی ده‌تانژیێنێت به‌ژیانێکی چاک، تا کاتێکی دیاریکراو، هه‌روه‌ها پاداشتی هه‌موو خاوه‌ن چاکه‌یه‌ک به‌زیاده‌وه ده‌داته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر (ئێوه‌) پشت هه‌ڵکه‌ن و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی خوا نه‌بن، ئه‌وه به‌ڕاستی من ده‌ترسم که سزای ڕۆژێکی گه‌وره و سه‌خت یه‌خه‌تان پێ بگرێت (که ڕۆژی قیامه‌ته‌، یان ئه‌و ڕۆژه‌ی خوای گه‌وره له ناوتان ده‌بات)".

 حەوتەم/ هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی سەختی و ناخۆشییەکان، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرمووێت: "وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُعَذِّبَهُمْ وَأَنْتَ فِيهِمْ ۚ وَمَا كَانَ اللَّهُ مُعَذِّبَهُمْ وَهُمْ يَسْتَغْفِرُونَ"، واتا: بێگومان خوای گه‌وره (به‌قسه‌ی ئه‌وان ناکات) به‌ڵا و سزا نادات به‌سه‌ریاندا، له‌کاتێکدا تۆ له‌ناویاندا بیت (به ئومێدی ئه‌وه‌ی که هه‌ندێکیان باوه‌ڕ بهێنن)، هه‌روه‌ها خوایش سزاده‌ر نیه له‌کاتێکدا ئه‌وان داوای لێخۆشبوون بکه‌ن".

 هەشتەم/ هۆکارە بۆ میهرەبانی و بەخشندەیی، ئەوەتا خوای گەورە لەسەر زاری پێغەمبەر ساڵح (سڵاوی خوای لەسەربێت) دەفەرمووێت: "قَالَ يَا قَوْمِ لِمَ تَسْتَعْجِلُونَ بِالسَّيِّئَةِ قَبْلَ الْحَسَنَةِ ۖ لَوْلَا تَسْتَغْفِرُونَ اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ"، واتا: ئه‌ی نەتەوە و کەسوکارم، بۆچی ئێوه په‌له‌ی خراپه‌تانه پێش چاکه و، حه‌ز ده‌که‌ن به‌ڵا و ناخۆشیتان به‌سه‌ر بێت؟!، ئه‌ی بۆچی داوای لێخۆشبوون له خوا ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌حمتان پێبکرێت (خوای گه‌وره ده‌رووی زیاترتان لێ بکاته‌وه‌)؟!".

نۆیەم/ هۆکارە بۆ لێخۆشبوونی گوناهـ و تاوانەکانمان، ئەوەتا ئەبو داود (خوا لێی ڕازی بێت) لەسەر زاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) دەگێڕێتەوە: خوای گەورە بە بەندەکانی دەڵێت: "ئەی بنیادەم، ئەگەر گوناهەکانت هێندە زۆر بن بگەنە پەڵە هەورەکانی ئاسمان و داوای لێخۆشبوونم لێبکەی، من لێت خۆش دەبم و دەتبوورم".

دەیەم/ هۆکارە بۆ ڕەوینەوەی ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکان، ئەوەتا ئەبو داود (خوا لێی ڕازی بێت) لەسەر زاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) دەگێڕێتەوە: "هەر کەسێک بەردەوام داوای لێخۆشبوون لە خوای کردگار بکات، خوای گەورە ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکانی دەڕەوێنێتەوە و، بۆ هەموو سەختی و ناخۆشییەک دەرچەیەکی بۆ دەدۆزێتەوە".

هیوادارین و خوازیارین کە هەموو موسڵمانێک سوود لەو بابەتە وەربگرێت و دوعای پاداشت و خێر و چاکە بۆ ئامادەکار و نووسەری ئەو نووسینە بکات، خوای گەورە هەموو موسڵمانێکی سەرڕاست و ڕاستگۆ پایەداری دین و دونیا بکات.

إرسال تعليق