Ads (728x90)

ئەگەر کەسێکی باش بووی، مانای ئەوە نییە لاوازیت..!
لەناکاو ویژدانی مارەکە بەخەبەر هاتەوە و ویستی خۆی لە گوناهەکانی ڕابردوو پاك بکاتەوە و خۆی لە ئازاردانی ئەوانی دیکە بە دوور بگرێت، بۆیە چووە لای ڕاهیبێکی هیندی و داوای لێکرد فەتوایەکی دەربارەی ئەو هەنگاوەی بۆ بدات، ڕاهیبەکەش ئامۆژگاریکرد لە ئاوەدانی سەرزەمین دوور بکەوێتەوە و بچێتە شوێنێکی گۆشەگیر و بەشێکی کەمیش لە خۆراك بخوات بۆ ئەوەی ئەوە ببێتە ڕەشکەرەوەی گوناهەکانی، مارەکەش گوێڕایەڵی قسەکانی ڕاهیبەکە بوو.

بەڵام سەرەڕای جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانی ڕاهیبەکە، بەڵام مارەکە نەحەسایەوە، چونکە کۆمەڵە منداڵێك هاتنە لای و بەردیان تێدەگرت، ئەویش وەڵامی نەدانەوە..!، ئەوەش وایکرد منداڵەکان هەست بە ئازایەتی بکەن و هەموو ڕۆژێك بچنە لای و بەردی تێبگرن، تا کار بەوە گەیشت نزیکبوو بیکوژن!.

بۆیە جارێکی دیکە مارەکە گەڕایەوە بۆ لای ڕاهیبەکە تا پرسیاری لێبکا، کە گەیشتە لای شەکوای حاڵی خراپی خۆی لەلا کرد، ڕاهیبەکەش پێیوت: هەموو هەفتەیەك فووێك لە هەوادا بکە، بۆ ئەوەی منداڵەکان بزانن ئەگەر تۆ بتەوێ دەتوانی وەڵامی دوژمنایەتی ئەوان بدەیتەوە، بۆیە مارەکە ئامۆژگاری ڕاهیبەکەی جێبەجێکرد، ئەوەش وایکرد منداڵەکان لێی دوور بکەونەوە و بحەسێتەوە.

ئەوەی لێرەدا فێری دەبین ئەوەیە، کە نابێ زیادەڕەویی بکەی لە نەرمی نواندن و لێبووردەیی، نەبادا ئەوانی دیکە بە لاوازی لێکیبدەنەوە، واتە: ئەگەر کەسێکی باش بووی، مانای ئەوە نییە لاوازیت!.

إرسال تعليق