Ads (728x90)

وانەیەکی نایاب لە ژیانی پیاوە بەهەشتییەكەی سەرزەمین
ئەنەسی كوڕی مالیك (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەگێڕێتەوە، ئێمە لە مزگەوت لەلای پێغەمبەر بووین (دخ) و پێیوتین: ئێستا پیاوێك لە ئەهلی بەهەشت لەو دەرگایە دێتە ژوورەوە بۆ لاتان!.

ئەنەس دەڵێت: پیاوێكی ئەنساڕی هاتە ژوورەوە، كە ئاوی دەستنوێژ لە ڕیشی دەچۆڕا، نەعلەكانیشی بە دەستی چەپییەوە گرتبوو.

بۆ ڕۆژی دوایی، پێغەمبەر (دخ) جارێكی دیكە پێیوتین: ئێستا پیاوێك لە ئەهلی بەهەشت لەو دەرگایە دێتە ژوورەوە بۆ لاتان!.. دیسان هەمان پیاوە ئەنساڕییەكەی دوێنێ بوو (ئاوی دەستنوێژ لە ڕیشی دەچۆڕا، نەعلەكانیشی بە دەستی چەپییەوە گرتبوو)!.

لە ڕۆژی سێیەم، پێغەمبەر (دخ) جارێكی دیكە هەمان قسەی دووبارە كردەوە و پێیوتین: ئێستا پیاوێك لە ئەهلی بەهەشت لەو دەرگایە دێتە ژوورەوە بۆ لاتان!.. ئەوجارەش هەمان پیاوە ئەنساڕییەكەی دوێنێ دەركەوتەوە (ئاوی دەستنوێژ لە ڕیشی دەچۆڕا، نەعلەكانیشی بە دەستی چەپییەوە گرتبوو)!.

كاتێك پێغەمبەر (دخ) هەڵسا ڕۆیشت، عەبدوڵای كوڕی عەمری كوڕی عاس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەڵێت: بە خۆمم وت: دەبێ كاری ئەو پیاوە تاقی بكەمەوە، بەو هیوایەی سەركەوتوو بم و منیش وەكو ئەو ئەو كارە ئەنجام بدەم و بەو فەزڵ و چاكەیە بگەم (ببمە پیاوێكی بەهەشتی).

 عەبدوڵای كوڕی عەمری كوڕی عاس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەچێتە لای پیاوە ئەنساڕییەكە و پێی دەڵێ: مامە گیان، كێشە كەوتۆتە نێوانی من و باوكمەوە، بۆیە دەمەوێ سێ شەو لەلای تۆ بمێنمەوە و پێمباشە شەو لای باوكم نەمێنمەوە تاوەكو كێشەكەمان كۆتایی دێت، ئەگەر ڕێگەم پێبدەی ئەو سێ شەوە لەلای تۆ دەمێنمەوە، پیاوە ئەنساڕییەكەش وتی: كێشە نییە، دەتوانی لای من بمێنییەوە.

عەبدوڵای كوڕی عەمری كوڕی عاس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەڵێت: سێ شەو لەلای ئەو پیاوە ئەنساڕییە مامەوە، سوێند بە خوای گەورە، نەمبینی زۆر نوێژ بكا و قوڕئان بخوێنێتەوە، بەڵام كاتێك دەچووە سەر جێگاكەی بۆ نووستن و خۆی وەربگێڕابا هەر زیكری خوای گەورەی دەكرد، ئەگەر بانگی بەیانیش بدرابا، هەڵدەستایەوە و نوێژی دەكرد، بەڵام بێجگە لە قسەی خێر و چاكە گوێبیستی هیچ شتێكی دیكەی لەو پیاوە نەبووم.

پاش ئەوەی سێ ڕۆژ تێپەڕین و خەریكبوو كارەكانی ئەو بە كەم تەماشا بكەم، پێموت: مامە گیان، سوێند بە خوای گەورە هیچ كێشەیەك لە نێوانی من و باوكمدا نییە، بەڵام پێغەمبەر (دخ) سێ ڕۆژ لەسەر یەك باسی تۆی كرد و سێ جار وتی: پیاوێك لە ئەهلی بەهەشت لەو دەرگایە دێتە ژوورەوە بۆ لاتان، هەر سێ جارەكەش تۆ بووی، بەڵام من شتێكی ئەوتۆی زیادەم لە تۆ نەبینی كە بەهۆیەوە بەو پایەبەرزییە بگەی؟!، هەر بۆیەش ئەو سێ شەوە هاتمە لای تۆ تا بزانم چ كردەوەیەكە تۆی كردووەتە یەكێك لە ئەهلی بەهەشت..؟!.

عەبدوڵای كوڕی عەمری كوڕی عاس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەڵێت: پیاوە ئەنساڕییەكە  پێیوتم: برازای خۆم، هیچ شتێكی زیاتر نییە لەوەی بینیووتە..!، ئەو دەڵێ: كاتێك ڕۆیشتم، بانگی كردم و پێیوتم: ئەوەندەش نەبێ، كە من ساختە و فروفێڵم بەرامبەر هیچ موسڵمانێك نییە و ئیرەیی بە خێر و خۆشی هیچ كەسێك نابەم كە خوای گەورە پێیبەخشیبێ..!

عەبدوڵای كوڕی عەمری كوڕی عاس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەڵێت: منیش پێموت: ئەو بەو شتەیە كە تۆ بەو پلەبەرزییە گەیشتوویت و، ئێمەش ناتوانین خاوەنی ئەو سیفەتە بەرزە بین..!

تەماشای سینەپاكی ئەو پیاوە بەهەشتییە بكەن، كە سینەی خۆی پاككردۆتەوە لە ئیرەیی، چۆن ئەو خەسڵەتە جوانە خاوەنەكەی گەیاندۆتە ئەو  پایەبەرزییە، بۆیە زۆرجار وا دەبێ كەمێك لە كردەوەی دڵسۆزانە، خوای گەورە دەیكاتە هۆكار بۆ گەیشتن بە خێر و فەزڵ و چاكە.. (ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَن يَشَاء)، فەزڵی خودا بۆ ئەو كەسانەیە كە سینەپاكن، ئیرەیی بە خەڵك نابەن، لە كەسایەتی خەڵك نادەن، بە چاوی كەم تەماشای خەڵك ناكەن، بە گوفتار و بە كردار سومعەی خەڵك ناشكێنن، زیان و زەرەر لە خەڵك نادەن.

إرسال تعليق