Ads (728x90)

خیسێ هەنگاو بەرەو جیهانی درەوشانەوە دەنێ
تازە ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی "خیسێ رۆدرێگز"، بە هەڵکەوتووێکی تازەی دونیای جادوگەرەکە دەژمێردرێ، کە هەنگاو بەرەو جیهانی درەوشانەوە دەنێ و، چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتووێکی نزیکدا، ببێتە یەکێك لە یاریزانە ئاستبەرزە درەوشاوەکان لە جیهانی تۆپی پێی هاوچەرخدا.

"خیسێ رۆدرێگز" کە ئەو وەرزە هاتە ڕیزەکانی تیپی یەکەمی شاهانەوە، توانیوێتی ئاستێکی هونەری بەرز پێشکەش بکات، شەش گۆڵیشی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە، کە سێ گۆڵیان لە جامی شای ئیسپانیا بووە لە بەرامبەر یانەکانی ئیسپانیۆڵ و ئۆساسۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید، هەروەها لە یاریگا گەورەکانی "کامپنۆ، سانمامێس، مێستایا" لە بەرامبەر یانەکانی بەرشەلۆنە و ئەتلەتیك بلباو و ڤالێنسیا گۆڵی تۆمارکردووە، ئەوەش شتێکی ئاسان بۆ یاریزانانی تۆپی پێ ئەگەر بەهرەمەند نەبن و خاوەن توانایەکی زەینی و هونەری بەرز نەبن.

لە ئێستاشدا، "خیسێ رۆدرێگز" لەلایەن ڕاهێنەری یانە مەدریدییەکە "کارلۆ ئەنشیلۆتی" پشتی پێدەبەسترێ، ئەوەش بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی یاریدەدەرەکەی "زێنەددین زێدان" دەگەڕێتەوە، کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی هەیە لە هاندان و ئاراستەکردنی ئەو بەهرەمەندە نوێیە کە لە مەدرەسەی یانەی شاهانە پێگەیشتووە.

چاودێرانی وەرزشی پێشبینی پێشکەوتنی زیاتر لە ئاستی "خیسێ رۆدرێگز" دەکەن و پێیانوایە کە دەتوانێ ببێتە ئەستێرەیەکی گەورەی تۆپی پێ و بە شوێنگرەوەی "ڕائول گۆنزالێس" ی ئەفسانەی پێشووی قەڵای شاهانەی دەزانن، بەرزبوونەوەی ئاستی سەرنجڕاکێشی "خیسێ رۆدرێگز" بەمدواییانە وایکردووە، کە ڕاهێنەری ماتادۆری ئیسپانیا "دیل بۆسکی" بە گرنگییەوە بیر لە بانگهێشتکردنی بکاتەوە بۆ ڕیزەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەشداریپێکردنیشی بۆ مۆندیالی بەڕازیل (2014) ئەگەرێکی زۆر بەهێزە.

إرسال تعليق