Ads (728x90)

بۆچی ئەفریقیای ناوەڕاست کراوەتە کوشتارگەی موسڵمانان..؟!
ماوەی چەند مانگێکە ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان لە کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست، لەسەر دەستی میلیشیا مەسیحییەکان تووشی مەترسی لەناوبردن و پرۆسەی پاکتاوی دینی دەبنەوە، بە سەدانیان بە دڕندانەترین شێوە "سووتاندن، سەربڕین، پارچە پارچەکردنی جەستە" شەهید کراون و هەزارانیشیان لە ترسی پرۆسەکانی کوشتنی هەڕەمەکییانە دەربەدەری وڵاتانی هاوسێ بوونە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش ئەوەی ڕاگەیاندووە، گروپەکانی "ئەنتی ـ بالکا" کە مەسیحین، سەدان موسڵمانیان کوشتووە، ئەوەش دیوی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان دەردەخات، کە قوربانییەکان موسڵمانن و تاونبارانیش مەسیحین!، یەکێتی زانایانی ئیسلامی ئەفریقیش لە بەیاننامەیەکدا، ئیدانەی ئەو کردەوە ڕەشەکوژییانەی کردووە، کە گروپە مەسیحییەکان لە ئەفریقیای ناوەڕاست دژ بە موسڵمانە بێتاوانەکان ئەنجامیان دەدا، ئەو کردەوانەش، کە بە "دڕندانە" ناویبردوون، بە جینۆساید لە قەڵەم دەدا و بە نیشانەی نەنگی لە ناوچەوانی مرۆڤایەتی وەسفیکردوون، یەکێتی زانایانی ئیسلامی ئەفریقی داوای دەستگیرکردن و سزادانی توندی تاوانبارانیشی کردووە، کە دەستیان بە خوێنی موسڵمانانی بێتاوان سوورە.

ئەو پێشهاتانەی ئەمدواییەی ئەفریقیای ناوەڕاست وایکرد، فەڕنسا بە بیانووی پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئاشتیپارێزی ئەفریقی، کە بەدیار قەسابخانەکانەوە بێدەنگ وەستاون..!، هێزە سەربازییەکانی ڕەوانە کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست بکات، کە دواتر ئەو هێزانە تۆمەتبارکران بە لایەنگیریی مەسیحییەکان لە دژی موسڵمانان..!، ئەو هەڵوێستەی فەڕەنسییەکانیش لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان ئیدانە کرا.

موسڵمانان نزیکەی (15%)ی دانیشتووانی کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست پێکدێنن و، بەو پێیەش ئیسلام دووەم ئایینی گەورەیە لە پاش ئایینی مەسیحییەت، کە نیوەی دانیشتووانەکەی مەسیحین (25% پڕۆستاتت و 25% کاسۆلیك ).

زۆربەی موسڵمانانی کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست لە بەشی باکوری وڵات دەژین کە نزیکە لە سنووری وڵات لەگەڵ کۆماری تشادی موسڵمان، کە لەناویاندا "میشێل گۆتۆدیا" دەرکەوت وەکو یەکەم سەرەککۆماری موسڵمانی ئەو وڵاتە و پشتیوانەکانی لە هاوپەیمانێتی "سیلیکا".

بەڵام ئەو ڕاستییەی پێویستە بە چڕ و وردی پەنجەی بخرێتە سەر، هەڵوێستی شەرمنانەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنە!، کە لە ئاست ڕووداوێکی هەنووکەیی ئاوەها گەورەدا، وەکو پێویست هەڵناستن بە ڕووماڵکردنی ماجەڕای کۆمەڵکوژییە مێژووییەکە!!.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی موسڵمانان ڕووبەڕووی لەناوبردن دەبنەوە لە ئەفریقیای ناوەڕاست..؟!، وەڵامەکەی ئەوەیە، موسڵمانان لە ئەفریقیای ناوەڕاست باجی حکومەتێکی ستەمکاری دیکتاتۆر دەدەن، کە پێشتر ئەو حکومەتە ئینتیمای بۆ ئایینی ئیسلام هەبووە و بۆ ماوەی چەند مانگێك موسڵمانانی ئەوێی هەڵخەڵەتاندووە..!، ئەو حکومەتە حکومەتێکی یاخیبوو بوو و لە سایەی حوکمڕانییەکەیدا چەندین کردەوەی قێزەون لە وڵاتێکدا ئەنجامدران کە زۆرینە مەسیحین، هەرسهێنانیشی بووە هۆی ڕوودانی چەندین کردەوەی توندڕەوانە لە دژی موسڵمانان، کە تا ئێستاش لەلایەن مەسیحییەکانەوە ئەنجام دەدرێن.

شایەنی باسە، کۆماری ئەفریقیای ناوەڕاست یاخیبوونێکی سەربازی بەخۆیەوە بینی بە سەرکردایەتی کۆمەڵێك سەرکردەی موسڵمانان و چەندین کردەوەی قێزەون لەو سەروبەندەدا ڕوویاندا، دوای ئەو یاخیبوونە سەربازییەش کەسێك بەناوی "میشێل گۆتۆدیا" جڵەوی حوکمڕانی گرتەدەست و کۆتاییهێنا بە دەستەڵاتی سەرۆکی پێشوو "فڕانسوا بۆزیزی"، کە ئەوەی دوایی بە ناچاری دەستی لەکارکێشایەوە، چونکە هاوپەیمانێتی "فضفاض" ی یاخیبووەکان بەناوی "سیلیکا" کۆنتڕۆڵی پایتەختی کرد و ئەویش نەیتوانی پشێووییەکان ڕابگرێت، سەرەنجام پشێووییەکان بە بەرفراوانی پەرەیانسەند و مەسیحییە توندڕەوەکان دەرفەتیان هێنا بۆ لەناوبردنی موسڵمانە بێتاوانەکان.

ئایا کێ ڕەواییەتی دەدا بەو ڕەشەکوژییەی مەسیحییەکان کە دەرهەق بە خەڵکی موسڵمانی سڤیل ئەنجامی دەدەن..؟!، ئایا ڕەوایە بە هەر بیانووێك و لە ژێر هەر پاساوێك بێت، ئەو کوشتارگەیە بخوڵقێندرێ کە گەورەترین تراژیدیای خوێناوی پیشانی جیهانی بێهەڵوێستی ئێستای بدەن..؟!، من ئێستا لەوە دڵنیابوومەوە، کە مرۆڤایەتی، گرانایی بێشەرمییەکی ئابڕووبەرانە هەڵدەگرێ ئەگەر لەسەر ئەو بێدەنگییەوە بەردەوام بێ و هەڵوێستی جوامێرانە نەنوێنێ!.

إرسال تعليق