Ads (728x90)

داعش بە بەڵگەی موفتی سعودیە ژن و منداڵ دەکوژێت
هەوادارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام "داعش" لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵوگۆڕ بە فەتوایەکی موفتی پێشووی شانشینی عەڕەبی سعودیە "محمد صالح العثیمین" دەکەن، کە تێیدا کوشتنی ژن و منداڵی کافرەکان بە دروست دادەنێت.

هەڵخەڵەتاوەکانی دەوڵەتی خەڵەفاوی ئیسلامی لەسەر پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئینتەرنێت، دەستاودەست بە فەتوایەکی "محمد صالح العثیمین" دەکەن، کە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی دروستە ژن و منداڵی کافرەکان بکوژرێن، ئەگەر ئەوان ئەو کارە بە ئێمە بکەن..؟!، ناوبراو دەڵێت: "ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە، بۆمان هەیە ژن و منداڵەکانیان بکوژین، چونکە دەبێتە هۆی شکاندنی دڵی دوژمنانمان و ڕیسوا کردنیان، وە لەبەر واتای گشتگیری ئەو ئایەتەی قوڕئانی پیرۆز، کە خوای گەورە دەفەرمووێت: من اعتدى عليكم فاعتدوا عليه بمثل ما اعتدى عليكم".

شایەنی باسە، ئەوە جاری یەکەم نییە، کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە سوود وەرگرتن لە فەتواکانی پیاوانی ئایینی ئیسلام، بیانوو بۆ کارە وەحشیگەرییەکانی دەهێنێتەوە، وەکو چۆن لە ڕۆژانی ڕابردوو لە کاتی سووتاندنی فڕۆکەوانە ئوردونییەکە "مەعاز ئەلکەساسبە" بە زیندوویی، فەتوایەکی "إبن تیمیة"ـی کردە پاساو بۆ ئەو کارە دڕندانەیەی، لە کاتێکدا ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەریان "دخ" پشتگوێخستووە، کە دەفەرمووێت: تەنها خوای گەورە بە ئاگر سزای بەندەکانی دەدات".

إرسال تعليق