Ads (728x90)

درەنگانێکی دوێنێ شەو، یاریگای "ئەنفێڵد" لووتکەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانەی لیڤرپوول و تۆتنهامی لە چوارچێوەی یارییەکانی هەفتەی ٢٥ـی "پرێمەرلیگ" لە باوەش گرت، کە تێیدا یانەی ڕیدز بە بردنەوەیەکی گرنک کۆتاییان بە یارییەکە هێنا و، یانەی سپێرزیان بە بێهیوایی ناردەوە لەندەنی پایتەخت.

یاریزانانی یانەی لیڤرپوول لەسەر یاریگای خۆیان و بە پاڵپشتی هاندەرانیان، بە بەهێزی دەرکەوتن و ڕووبەڕووی ڕکابەرە سەختەکەیان بوونەوە، بەڵام یاریزانانی یانەی تۆتنهامیش جەنگاوەرئاسا هاتنە مەیدان و یارییەکی ئاگرینیان پێشکەشکرد.

لە گێمی یەکەمی یارییەکە و لە خولەکی١٥ـدا، یانەی لیڤرپوول بە گۆڵێکی یاریزان "لازار مارکۆڤیتش" پێشکەوت، بەڵام یاریزان "هاری کین" لە خولەکی ٢٦ توانی ئەنجامەکە بۆ یانەی تۆتنهام یەکسان بکاتەوە، ئەو تایمەش بەو ئەنجامە (١-١) تەواو بوو.

لە گێمی دووەمدا یارییەکە گەرموگوڕتر بوو و هەردوولا هەوڵی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیان دەدا، بەڵام یاریزانانی ڕیدز بە تۆمار کردنی گۆڵێکی دیکە لە خولەکی ٥٣ لەلایەن "گێرارد" بە لێدانی پەناڵتی جارێکی دیکە پێشکەوتن، بەڵام لە خولەکی ٦١ـدا یاریزان "موسا دێمبلی" جارێکی دیکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، تا لە خولەکی ٨٣ـدا یاریزان "ماریۆ بالۆتێللی" گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ لیڤەرپوول تۆمار کرد، یارییەکەش بەو ئەنجامە (٣-٢) لە بەرژەوەندی یانەی لیڤرپوول کۆتاییهات.

بەو ئەنجامەش، کۆی خاڵەکانی یانەی لیڤرپوول بۆ ٤٢ خاڵ بەرز بوویەوە لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندی، خاڵەکانی یانەی تۆتنهامیش وەکو خۆی ٤٣ خاڵ لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی مایەوە.

إرسال تعليق