Ads (728x90)

بەو شێوەیەی ئێستا ئەنجامی دەدەین، خوای گەورە نوێژی لەسەر بەندەکانی فەڕز کردووە، یەک ڕکوع (چەمینەوە) و دوو سوجدە (کڕنووش) لە هەر ڕەکعەتێکدا، بەڵام چ نهێنییەک لەوەدا هەیە، کە دووجار سوجدە دەبەین و یەك جار دەچەمێینەوە؟!.

زانایان شتێکیان لەبارەی حیکمەتی دووبارەبوونەوەی سوجدە (کڕنووش) لە هەر ڕەکعەتێکی نوێژدا باسکردووە، بۆ نموونە زانا ناوداری ئیسلام “ئەلبوهوتی” لە کتێبی “كشاف القناع عن متن الإقناع” لە فیقهی حەنبەلی دەڵێت:

“بۆیە دووجار سوجدە دەبەین لە هەر ڕەکعەتێکی نوێژدا، بەبێ ئەوەی ئەو دووبارە کردنەوەیە لە بەشەکانی دیکەی نوێژدا هەبێت، چونکە سوجدە بردن ئەوپەڕی ملکەچبوون دەگەیەنێت، بەو واتایەی کاتێک نوێژخوێن بەرامبەر خوای پەروەردگار دەوەستێت و دەستدەکات بە نوێژکردن، کە دەوەستێت و سوڕەتی فاتیحە دەخوێنێت، ئینجا دەچەمێتەوە، پاشان دەچێتە سوجدەبردن، ئەوە ئەوپەڕی ملکەچبوون و گوێڕایەڵبوونی خۆی پیشاندەدات، ئینجا ڕێگەی پێدرا لە خزمەت خوای پەرستراوی خۆیدا دابنیشێت، ئینجا نوێژخوێن جارێکی دیکە سوجدە دەبات وەکو سوپاسگوزارییەک کە خوای گەورە مرۆڤی تایبەت کردووە بەو عیبادەتە و، هەروەها لە بەرامبەر ئەوەی خوای گەورە لە فریودان و لە خشتەبردنی شەیتان ڕزگاریکردووە و بەرەو ئەنجامدانی پەرستشەکان و گوێڕایەڵبوونی بردووە”.. قسەکانی “ئەلبوهوتی” تەواو بوو.

ئینجا بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە، دەبێ بزانین: “کە هەندێک لە عیبادەتەکان، حیکمەتەکانیان نەزانراون، تەنیا خوای گەورە بە خۆی لە حیکمەت و مەبەستە ڕاستەقینەکەی تێدەگات، وەکو ژمارەی نوێژەکان، بوونی جیاوازی لە ڕەکعەتەکان لە نوێژێک بۆ نوێژێکی دیکە، ژمارەی ئەو بەردانەی لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا شەیتانیان پێ ڕەجم دەکرێت، تاد...، لەوانەشە حیکمەت لەو جۆرە تەکلیفکردنانە، تاقیکردنەوەی ڕادەی خۆبەدەستەوەدانی ڕەها بێت بۆ خوای گەورە، کە ئەوەیان یەکێکە لە پێویستییەکانی هەر یەکێک ئیسلامی وەکو ئایین هەڵبژاردبێت و پەیڕەوی لە بنچینەکانی بکات”.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق