Ads (728x90)

حوکمی شەرعی داپۆشینی هەردوو پێی ئافرەت لە نوێژدا
زۆر جار بۆچوون و ڕای جیاواز لەسەر حوکمی شەرعی داپۆشینی هەردوو پێی ئافرەت لە کاتی نوێژدا ڕوودەدات، ئایا واجبە دابپۆشرێن یان نا..؟!، یان دروستە بەدیار بکەون؟!.

لیژنەی ئەمینداریەتی فەتوا لە خانەی فەتوای میسری وەڵامی حوکمە شەرعییەکەی داوەتەوە، بە وتەی خۆی: "پێویستە لەسەر ئافرەتی موسڵمان هەموو جەستەی خۆی دابپۆشێت لە کاتی ئەنجامدانی نوێژدا، تەنیا ڕووخسار و هەردوو دەستەکانی نەبێت.

زانایان جیاوازیان کەوتۆتە نێوان سەبارەت بە حوکمی شەرعی داپۆشینی هەردوو پێی ئافرەت لە کاتی نوێژدا، لەو ڕووەوە پێشەوا مالیک وای بۆ چووە کە هەردوو پێی ئافرەت بە شەرمگا "عەوڕەت"ـی سووک دادەنرێت، بۆیە ئەگەر بەدیار بکەون لەناو نوێژدا، نوێژەکەی دروستە، هەرچەند بەدیارکەوتنیان حەڕام یان مەکروهـ "ناپەسند"ـە، بەڵام واجبە نوێژەکە دووبارە بکرێتەوە بە داپۆشینیان تا ئەو کاتەی نوێژەکە مابێت، بەڵام ئەگەر کاتی نوێژەکە بەسەرچوو، نوێژەکە دووبارە ناکاتەوە، بەڵام دەبێت ئاگادار بکرێتەوە و پێی بوترێت بۆ لەمەودوا بە داپۆشینی پێیەکانی نوێژ بکات.

لە کاتێکدا پێشەوا ئەبو حەنیفە و، ئەلسەوری و ئەلموزنی لە مەزهەبی شافیعی وای بۆ دەچن کە هەردوو پێی ئافرەت بە شەرمگا "عەوڕەت" دانانرێن.

بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، داپۆشینی هەردوو پێی ئافرەت لە کاتی نوێژدا، لەو بابەتانەیە، کە جیاوازی بۆچوونی زانایان و مەزهەبەکانی لەسەرە، بۆیە پێویستە لەسەر ژنان ئەوە بزانن، داپۆشینی هەردوو پێیەکانی، دەبێتە دەرچوون لەو ناکۆکی و جیاوازییە، ئەوەش بە کارێکی چاک بۆی دەژمێردرێت، لەگەڵ ئەوەش دەتوانێت خۆی تەقلیدی ئەو زانا و مەزهەبانە بکات کە بەدیار کەوتنی هەردوو پێی ئافرەت لە کاتی نوێژ بە کارێکی دروست دادەنێن، ئەو کاتەش گوناهبار نابێت و نوێژەکەی دروست و تەواو دەبێت، ناشبێت ئەو بابەتە ببێتە جێگەی ناکۆکی و مشتومڕی نێوان موسڵمانان، چونکە لە چوارچێوەی ئەو بابەتانەدایە کە بوونی جیاوازی تێیاندا بە دروست دانراوە، کە ئێمەش وەکو پێشینە چاکەکان بۆمان هەیە مامەڵە بکەین بەبێ ئەوەی کار بگاتە ئاستی دروستبوونی ناکۆکی و دووبەرەکی.

خوای گەورەش بەرزتر و زاناترە.

إرسال تعليق