Ads (728x90)

دڵتەنگ مەبە بە نەبوونی!
پیاوێك داواکاری پێشکەش بە کۆمپانیای (مایکرۆ) کرد بۆ کارکردن وەکو کارگوزار، دوای چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوە (کە پاککردنەوەی نووسینگەی کۆمپانیاکە بوو)، بەڕێوبەری کارمەندەکان پێیڕاگەیاند کە ڕەزامەندی بۆ وەرگیراوە بە مەبەستی دامەزراندنی، بەڵام پاش ماوەیەکی دیکە لیستی کارەکان و بەرواری دەستبەکاربوونی بە ڕێگەی ئیمەیڵ بۆ ڕەوانە دەکەن!.

پیاوەکە وتی: من کۆمپیۆتەرم نییە و ئیمەیڵیشم نییە!!.. بەڕێوبەرەکە بە سەرسوڕمانییەوە پێیوت: ئەوەی ئیمەیڵی نەبێت، ئەسڵەن هەر بوونی نییە، ئەوەی بوونیشی نەبێت مافی کارکردنی نییە!.

پیاوەکە بە بێهیوایی چووە دەرەوە.، زۆر بیری کردەوە چ کارێك بکات؟!، بە تایبەت کە خاوەنی تەنها (10) دۆلارە!، دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، پیاوەکە چووە شوێنێکی سەوزەفرۆشی و سندوقە تەماتەیەکی کڕی، پاشان لە گەڕەک و ماڵان دەسوڕایەوە بۆ فرۆشتنی تەماتە.

پیاوەکە بەو کارەی سەرکەوتوو بوو لە زیادکردنی سەرمایەکەی (10) دۆلارەکە!!.. سێ جاری دیکە لە هەمان ڕۆژدا کاری تەماتەفرۆشی تاقیکردەوە، کاتێكیش شەو گەڕایەوە ماڵەوە سەرمایەکە ببووە (60) دۆلار!.

پیاوەکە گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەتوانێت بەو شێوەیە درێژە بە ژیان بدات، بۆیە ڕۆژانە لە بەیانیانەوە بە هەمان کار هەڵدەستا و شەو دەگەڕایەوە ماڵەوە، قازانجەکانیشی تا دەهات زیاتر دەبوون.

ئەوجارەیان عارەبانەیەکی کڕی، ئینجا ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری کڕی، تا وای لێهات بووە خاوەنی کەشتیگەلێکی بارهەڵگری ئۆتۆمبێل بۆ جێبەجێکردنی خواست و داوای موشتەرییەکان!.

پاش پێنج ساڵ، پیاوەکە بووە یەکێك لە گەورە هاوردەکارەکانی کەلوپەلی خۆراك لە ئەمریکا!، بۆ دابینکردنی داهاتووی خێزانەکەشی بیری لە کڕینی (ئەسپەردەی بیمە) کردەوە، بۆیە پەیوەندیکرد بە گەورەترین کۆمپانیای بیمە (دڵنیایی)، دوای وتوێژ بڕیاری کڕینی (ئەسپەردەی بیمە)ـیەكی دا کە گونجاوی ئەو بێت، بۆیە فەرمانبەری کۆمپانیای بیمە (دڵنیایی) داوای ئیمەڵی لێکرد، پیاوەکە وەڵامی دایەوە: من ئیمەیڵم نییە!!.. فەرمانبەرەکە بە سەرسوڕمانییەوە پێیوت: ئیمەیڵت نییە و سەرکەوتوو بوویت لە بنیاتنانی ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە زەبەلاحە؟!.

فەرمانبەرەکە پرسیاری لێکردەوە و پێیوت: ئەگەر ئیمەیڵێکت هەبووایە، ئەوڕۆکە تۆ لە کوێ دەبوویت؟!، پیاوەکە وەڵامی دایەوە: خزمەتگوزار دەبووم لە کۆمپانیای (مایکرۆ)!.

إرسال تعليق