Ads (728x90)

بایرن میونخ نازناوی چامپیۆنسلیگی بەدەستهێنا
بە نمایشێکی سەرنجڕاکێشی ئینگلیزەکان، کە هاندەران و بینەرانی هێنایە خرۆشان، یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنسلیگ) (2012/2013) لەسەر یاریگای مێژوویی (وێمبڵی) لە لەندەن کە زیاتر لە (90) هەزار کەسی لەخۆگرتبوو دەستیپێکرد.

مانشافتەکان توانیان مێژووێکی پڕشنگدار لە تۆپی پێی هاوچەرخ بنووسنەوە، کاتێك بۆ یەکەمجار دوو یانەی ئەڵمانی (بایرن میونخ & بڕوسیا دۆرتمۆند) لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنسلیگ) بەیەکگەیشتن، ئەمەش دەستکەوتێکی ئێکجار گەورەی کەموێنە بوو بۆ تۆپی پێی ئەڵمانی، واقیعیش ئەوەی سەلماند، کە خولی یانە پلە یەکەکانی ئەڵمانیا (بۆندسلیگا) ئامانجەکانی پێکاوە و لە ترۆپکی گەشەسەندندایە و لە ڕکابەریکردنی خولە بەناوبانگەکانی (لالیگای ئیسپانیا، کاڵچیۆی ئیتاڵیا، پرێمەرلیگی ئینگلیزی) پێشکەوتنی بەدەستهێناوە تەنانەت توانیوێتی پێشەنگی باشترین خولی جیهانیان لێوەربگرێتەوە.

دەستپێکی یارییەکە بە دەستپێشخەری کوڕانی (یۆرگن کلۆب) دەستیپێکرد و بە بەهێزییەوە کۆنتڕۆڵی یاریگایان کرد و چەندین هێڕشی بەرنامەڕێژکراویان کردە سەر گۆڵی یانە باڤارییەکە و نزیکبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام وریایی گۆڵچی هەموو هەوڵەکانی یاریزانانی بڕوسیا دۆرتمۆندی پووچەڵکردەوە، لە بەرامبەریشدا ڕۆڵەکانی (یۆب هاینکس) لە چەند هەوڵێکی ترسناکدا وەڵامی خۆیان لەسەر یاریگادا بەرجەستە کرد و دەرفەتی ئاسانی گۆڵکردنیان بۆ دەڕەخسا بە تایبەت بۆ (ئاریان ڕۆبن) کە سەرکەوتوو نەبوو لە قۆستنەوەی سێ دەرفەتی ڕاستەقینەی گۆڵکردن، کاتێك ڕووبەڕوو لەگەڵ گۆڵچی بە تەنیا مایەوە و گۆڵی بۆ نەکرا، بەڵام دیسان وریایی گۆڵچی و تەرکیزی بەرگریکارەکان بەربەست بوون لە بەردەم پێشکەوتنی باڤارییەکان لە ئەنجامی یارییەکەدا. بە شێوەیەکی گشتی لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، یانەی بڕوسیا دۆرتمۆند باشتر و بەهێزتر بینران.

لەگەڵ دەستپێکردنی گێمی دووەمی یارییەکەدا، جارێکی تر یاریزانانی بڕوسیا دۆرتمۆند دەستپێشخەریان کردەوە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە گۆڵی یانە باڤارییەکە و جارێکی تریش تا ڕادەیەك توانیان کۆنتڕۆڵی یاریگا بکەن، باڤارییەکانیش دەستەوەستان نەبوون، بەڵکو چەندین هێڕشی ترسناکیان بردە سەر یانەی دۆرتمۆند، لە یەکێك لە هێڕشەکانیشدا یانەی باڤاری لە خولەکی (60) ی یارییەکەدا لە هەوڵێکی هاوبەش و بە کۆمەڵی (ڕۆبن و ڕیبێری و )دا، یاریزانی ئاستبەرز (ماندزۆکیتش) تۆپێکی لە (ئاریان ڕۆبن) وەرگرت و گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی بایرن میونخ تۆمارکرد.

دوای ئەو گۆڵە، هاوکێشەی یارییەکە تەواو گۆڕا، یاریزانانی بایرن میونخ تەرکیزی تەواویان خستە سەر پاراستنی ئەنجامی یارییەکە و تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، یاریزانانی بڕوسیا دۆرتمۆندیش هەوڵەکانی تۆمارکردنی گۆڵیان چڕتر کردەوە و لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەش سەرکەوتووبوون، کاتێك لە خولەکی(67) ی یارییەکەدا لێدانێکی سزایان بۆ هەژمارکرا و بە سەرکەوتووییەوە لە لایەن (گۆندۆگان) ەوە جێبەجێکرا، تەنانەت دوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەش، یاریزانانی بڕوسیا دۆرتمۆند ترسناکتر بوون، باڤارییەکانیش جارێکی تریش کەوتنەوەخۆ و چەند هێڕشێکی ترسناکیان کردە سەر یانە ڕکابەرەکەیان.

تا دەهات یارییەکە لە کۆتایی نزیك دەبووەوە، گەرموگوڕی زیاتریش بە یارییەکەوە دیار بوو، هێڕشێك لێرە و هێڕشێك لەوێ دەبینرا، تا سەرەنجام لە خولەکی(89) ی یارییەکەدا، (ئاریان ڕۆبن) گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ یانەی بایرن میونخ تۆمارکرد و ئەنجامەکەی (2-1) جێگیر کرد و یانەی بایرن میونخی کردە پاڵەوان.

دوای دووجار شکستهێنان لە ماوەی سێ ساڵ لە یاری کۆتایی چامپیۆنسلیگدا، ئەوجارەیان بایرن میونخ ئەو گرێکوێرە ئاڵۆزەی کردەوە و جامەکەی بۆ پێنجەم جار لە مێژووی خۆیدا لە باوەش گرت.

إرسال تعليق