Ads (728x90)

کەرنەڤاڵی وێمبلی: بایرن و دۆرتمۆند IN ، ڕیاڵ و بەرشەلۆنە OUT
دوێنێ و ئەمڕۆ هەردوو یارییەکەی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنسلیگ) لە نێوان (/ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی /  بەرشەلۆی ئیسپانی و بایرن میونخی ئەڵمانی) بەڕێووەچوون.

وەکو هەموو پێشبینییەکان لەسەر ئەو ئاراستەیەدا دەخولانەوە کە گەیشتن بە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەر یاریگای مێژوویی (وێمبلی) تا ڕادەیەکی زۆر بۆ هەردوو یانە ئەڵمانییەکە یەکلایی بووەتەوە و، ئەگەری هەڵسانەوەی هەردوو جەمسەرەکەی تۆپی پێی ئیسپانی شتێکی تا ئاستێكی زۆر مەحاڵ بووە، وا دیارە واقیعەکە هەروا دەرچوو، چونکە وەکو چۆن لە یاری چووندا فەلسەفەی ئەڵمانەکان سیحری کاریگەری خۆی دەرخست و پشتی هەردوو گەورە یانەکەی جیهانی (ڕیاڵ و بارسا) لە زەویدا، لە یاری گەڕانەوەشدا هەمان سیناریۆی شکستپێهێنانی (ڕیاڵ و بارسا) یان لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی (چامپیۆنسلیگ) دووبارە کردەوە، ئەوجارەشیان سیحری یانە ئیسپانەکان کاری خۆی نەکرد و لە بەردەم سیحری ئەڵمانەکان پووچەڵ بوویەوە.

ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی

لە یاری یەکەمدا کە دوێنێ شەو لە نێوان هەردوو یانەی (ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی) لەسەر یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ)) تایبەت بە یانەی شاهانە بەڕێوەچوو، ڕیاڵییەکان تا ڕادەیەك هیوای گەڕانەوەیان هەبوو بۆ ڕکابەریکردنی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە بەدەستهێنانی بلیتی گەیشتن بە یاریگای مێژوویی (وێمبلی)، هەر لە چارەگی یەکەمی یارییەکە هەریەك لە (هیگواین و ئۆزێل و ڕۆناڵدۆ) سێ دەرفەتی ئاسانی گۆڵکردنیان فەوتاند، ئەمەش وایکرد کوڕەکانی (یۆرگن کلۆب) ی ڕاهێنەر بێنە ناو کەشوهەوای یارییەکە، دوای ئەوە هەردوو یانەکە لە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵدا بوون بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و گێمی یەکەم بە یەکەم بە یەکسانبوونی سەلبی کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا یارییەکە گەرموگوڕی زیاتری پێوە دیاربوو، بە تایبەت لە لایەن کوڕانی (خۆزێ مۆرینیۆ) ی ڕاهێنەری یانەی شاهانە، بەڵام کوڕەکانی (یۆرگن کلۆب) سووربوون لەسەر پارێزگاریکردن لە ئەنجامی یاری ڕۆیشتن، تەنانەت چەندی هێڕشی ترسناکیان بردە سەر گۆڵی یانەی شاهانە بەڵام پەلەکردنەوە شکستیان دەهێنا، یارییەکە خەریکبوو تەواو دەبوو، لە خولەکەکانی (83و86) یانەی شاهانە دوو گۆڵیان تۆمارکرد و یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) کەوتە هەژان و هاندەرانیش کەوتنە خرۆشانێکی کەموێنەوە، چونکە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم یانەی شاهانەی سەردەخست بۆ یاری کۆتایی، بەڵام یارییەکە بە بردنەوەی یانەی شاهانە بە ئەنجامی (2-0) کۆتاییهات و یانەی برۆسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی سەرکەوت بۆ گەیشتن بە یاریگای مێژوویی (وێمبلی).

 بەرشەلۆی ئیسپانی و بایرن میونخی ئەڵمانی

لە یاری دووەمدا کە ئەمشەو بەڕێوەچوو لە نێوان هەردوو یانەی (بەرشەلۆی ئیسپانی و بایرن میونخی ئەڵمانی) لەسەر یاریگای (کامپنۆ) تایبەت بە بلۆگرانا بەڕێوەچوو، ئەرکی کوڕانی (تیتۆ فیلانۆڤا) ی ڕاهێنەری کەتەلۆنییەکان زۆر زەحمەت بوو، چونکە دەبوو پێنج گۆڵ تۆمار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی بلیتی دووەمی گەیشتن بە یاریگای مێژوویی (وێمبلی)، بەڵام لەگەڵ فیکەی ناوبژیوان ماکینە ئەڵمانییەکان بەهێزتر دەستیانپێکرد، یاریزانانی بارساش شپرزەیی شکستی یاری چوونیان پێوە دیاربوو، کوڕانی (هاینکس) ی ڕاهێنەری باڤارییەکان تەرکیزیان خستبووە سەر کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی هێڵی ناوەڕاست لە بەردەم پێشڕەوی ئەستێرەکانی بەرشەلۆنە، هەرواش بوو، چونکە گێمی یەکەمی یارییەکە بە بە یەکسانبوونی سەلبی کۆتاییهات.

لە سەرەتای گێمی دووەمدا باڤارییەکان زۆر بە بەهێزتر هاتنە ناو یاریگا و هەر زوو گۆڵی یەکەمیان بە پێی (ئاریان ڕۆبن) تۆمارکرد و ئەرکی کەتەلۆنییەکانیان زەحمەتتر کرد، زۆری نەبرد (جیرارد پیکێ) بە هەڵە گۆڵی لە خۆیان تۆمارکرد، پاش چەند خولەکێکی تر کوڕانی (هاینکس) گۆڵی سێیەمیان لە لایەن (مۆلەر) تۆمارکرد، بەمەش کەتەلۆنییەکان پەڕۆی سپییان بەرز کردەوە و خۆیان دا بە دەستەوە و یانە باڤارییەکە گەیشتنی بە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا (چامپیۆنسلیگ) لەسەر یاریگای مێژوویی (وێمبلی) مسۆگەر کرد.
ئامادەکردن/ دانا ڕواندزی

إرسال تعليق