Ads (728x90)

بۆچی پێغەمبەر (دخ) پێشنوێژی دەکرد و بانگی نەدەدا؟!
پرسیارێکی جوانە و لە جێگەی خۆیدایە، بۆچی پێغەمبەر “دخ” پێشنوێژی دەکرد و بانگی نەدەدا؟!.

بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەو  پرسیارە و زانینی نهێنی و حیکمەتی بانگ نەدانی پێغەمبەر “دخ” دەڵێین: زانایان ڕای جیا جیایان هەیە و یەکدەنگ نین، بەڵام بۆچوون و لێکدانەوەکانیان لە یەکتری نزیکە.

هەندێك لە زانایان دەڵێن: ئەگەر پێغەمبەر “دخ” بانگی بدابا، هەر کەسێك دواکەوتبا لە ئامادەبوون بۆ نوێژکردن، کافر دەبوو، بەشێکی تر لە زانایان دەفەرموون: پێغەمبەر “دخ” بانگخواز بووە، بۆیە نەدەگونجا لەناو بانگدانەکە شایەتی بۆ خۆی بدات، هەندێکی تریش لە زانایان دەڵێن: غەیری پێغەمبەر “دخ” بانگدانی لە خەوندا بینیووە، بۆیە بانگدانی بەوان سپاردووە، بەشێکی دیکە لە زانایان پێیانوایە کە پێغەمبەر “دخ” بەهۆی سەرقاڵییەوە، نەیتوانیوە بپڕژێتە سەر زۆر شت لە کاروبارە ئایینیەکان، لەوانەش بانگدان.

زانای پایەپەرزی ئیسلام “شێخ عیززەدین کوڕی عەبدولسەلام” لەوبارەیەوەدەڵێت : پێغەمبەر “دخ” ئەگەر هەر کارێکی بکردبا، جێگیری دەکرد، واتە دەیکردە هەمیشەیی، بۆیەشە بۆی نەدەکرا بە هەمیشەیی بانگ بدا، پێغەمبەر “دخ” بەهۆی سەرقاڵبوونی بە گەیاندنی پەیامی خودا، خۆی تەرخان نەدەکرد بۆ بانگدان، قسەکانی “شێخ عیززەدین کوڕی عەبدولسەلام” تەواو.

لە بەرگی دووەمی کتێبی “نیل الاوطار” ی ئیمام شەوکانییدا هاتووە: باسی ناکۆکی زانایان کراوە دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێشنوێژی باشترە یان بانگدان..؟، کە لە بەڵگەهێنانەوە لەسەر ئەوەی پێشنوێژی باشترە لە بانگدان، گوتراوە: پێغەمبەر “دخ” و خەلیفە ڕاشیدینەکان بانگیان نەداوە، تەنانەت گەورە زانایانی دوای ئەوانیش بانگیان نەداوە.. والله اعلم.

إرسال تعليق