Ads (728x90)

ئامادەکردنی/ شاخەوان هەولێری

چیرۆکی هاوسەرگیرییەکی بێ کێشە، کە ماوەی 60 ساڵی خایاندووە، پێویستە هەمووان بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بیکەنە ڕۆشناییەك بۆ ساتەوەختە تارەکان، کە لە قۆناغە جیا جیاکانی ژیان دزە دەکەنە ناو قووڵایی ژیانی هاوسەرێتی و هەستی ناتەبایی دەوروژێنێن و چرای خۆشبەختی دەکوژێننەوە.

ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەوروپی گوێبیستی دەنگۆی ئەو چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە دەبێت، کاتێکیش ڕاپۆرتی پەیامنێرەکەی پێدەگات و ڕاستی دەنگۆیەکە پشتڕاستدەکاتەوە، بەرپرسانی ڕۆژنامەکە دۆشداماوتر و سەرسوڕماوتر دەکات.

لە ڕاپۆرتی پەیامنێرەکەدا هاتبوو، هاوسێی ئەو دوو هاوسەرە کۆکن لەسەر ئەوەی، کە ئەو دوو هاوسەرە ژیانێکی نموونەییان بەسەر بردووە و، بە درێژایی ئەو تەمەنە هیچ کێشەیەك نەکۆتۆتە نێوانیانەوە، هەر بۆیەش ڕۆژنامەکە لێهاتووترین ڕۆژنامەنووسی خۆی ڕەوانە کرد تا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر ژیانی ئەو دوو هاوسەرە بەختەوەرە ئامادە بکات، ڕۆژنامەنووسە لێهاتووەکەش بڕیاریدا بە جیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکە بابەتیانە بێت و لە کاتی وتووێژدا لەگەڵیان یەکێکیان نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوەکەی دیکە.

سەرەتا ڕۆژنامەنووسەکە گفتوگۆی لەگەڵ ژنەکە دەستپێکرد:

ڕۆژنامەنووسەکە: دادە گیان، ئایا ڕاستە تۆ و هاوسەرەکەت، ماوەی 60 ساڵتان لە ژیانێکی بەختەوەرانە بەبێ گیروگرفت بەسەربردووە؟!.

ژنەکە: بەڵێ ڕۆڵە گیان.

ڕۆژنامەنووسەکە: نهێنی و هۆکاری ئەو ژیانە خۆشەتان لە کوێدایە؟!

ژنەکە: کاکە گیان، نهێنییەکەی لە گەشتی مانگی هەنگویندایە!!.

ڕۆژنامەنووسەکە: چۆن؟!، دەکرێت بۆمان باس بکەیت و بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەکەمانی بگێڕییەوە؟!.

ژنەکە: کاکە گیان، گەشتی مانگی هەنگوینیمان بۆ وڵاتێك بوو، کە بە شاخە سەرکەش و جوانەکانی بەناوبانگ بوو، ڕۆژێکیان دوو ئەسپمان بە کرێ گرت، تا سەربکەوینە سەر شاخێکی ئەو شوێنە، چونکە بەهۆی سەختی شاخەکە ئۆتۆمبێل نەیدەتوانی بگاتە سەر لووتکەکەیەوە، هەر یەکێکمان سواری ئەسپێك بووین ڕێگایەکی باشمان بڕی، بەڵام کتوپڕ ئەسپەکەی هاوسەرەکەم وەستا و لە شوێنی خۆی نەجووڵا..!، پیاوەکەم زۆر توڕە بوو و هاواری کردە ئەسپەکە و وتی: ئەوە یەکەم جارتە....!!، پاشان پیاوەکەم توانی ئەسپەکە بخاتەوە جووڵە و جارێکی دیکە بەڕێکەوتینەوە، پاش بڕینی مەسافەیەکی دیکە، جارێکی دیکە ئەسپەکەی هاوسەرەکەم وەستا و لە شوێنی خۆی نەجووڵا..!، پیاوەکەم زۆر توڕە بوو و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: ئەوە جاری دووەمتە......!!، پاشان توانی ئەسپەکە بخاتەوە جووڵە و جارێکی دیکە بەڕێکەوتینەوە، پاش بڕینی مەسافەیەکی دیکە، بۆ سێیەم جار و وەکو هەردوو جارەکەی پێشوو ئەسپەکەی هاوسەرەکەم وەستا و لە شوێنی خۆی نەجووڵا..!، ئەوجارەیان پیاوەکەم لەسەر پشتی ئەسپەکە هاتە خوارەوە و دەمانچەیەکی پێبوو و دەریهێنا و دەستبەجێ ئەسپەکەی کوشت!، منیش هەر لەو شوێنە زۆر توڕە بووم و سەرزەنشت و سەرکۆنەم کرد!، هەروەها پێموت: بۆچی ئەو کارەت کرد؟!، ئێستا چۆن بگەڕێینەوە؟!، چۆن پارەی ئەسپەکە بدەین؟!، پیاوەکەم چاوەڕێ بوو تا قسەکانم تەواو کرد، ئینجا بە هێمنی و لەسەرەخۆیی پێی وتم: ئەوە جاری یەکەمتە........!، لەو ڕۆژەوە تاوەکو ئێستا من خۆم بێدەنگ کردووە و مشتومڕ و دەمەقاڵێم لەگەڵی نەکردووە..!!، ڕۆڵە گیان بەختەوەری ئێمە ئا لێرەدایە!.

لێرەوە ڕۆژنامەنووسەکە هەمان وەڵام و گوفتار لە پیاوەکە گوێبیست دەبێت، پاشان لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئەو چیرۆکە سەیرە دەچرپێنێتە گوێی خوێنەرانی.

إرسال تعليق