Ads (728x90)

ڕیال مەدریدی ڕاستەقینە لە چامپیۆنزلیگ دەرکەوتەوە
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا “چامپیۆنزلیگ”، هەردوو یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی و یانەی بازلی سویسڕی لەسەر یاریگای “سانتیاگۆ بێرنابیۆ”ـی تایبەت بە یانەی مێرنگێ لەسەر حیسابی گروپی B بەیەکگەیشتن.

یانەی شاهانە پێویستی بە نمایشکردنی هێز و ئاست و هەیبەتی ڕاستەقینەی خۆی هەبوو، چونکە لە یارییەکانی ڕابردوودا بە دەست قەیرانێکی گەورەدا گرفتار ببوو، بۆیە ئەو یارییە وێستگەیەکی یەکلاییکەرەوە بۆ دەرچوون لەو تونێلە تاریکە و گەڕانەوە بۆ ناو یاریگاکان بە بەرگی پاڵەوان.

لە گێمی یەکەمدا یانەی ڕیال مەدرید دەستپێشخەری ئازایانەی کرد و، هێز و توانا و ویستی خۆی بۆ بردنەوەی نازناوەکان نمایشکرد، بەوەی کۆنتڕۆڵی تۆپ و تەواوی یاریگای کرد و توانی چوار گۆڵ تۆمار بکات، “سوچی” لە خولەکی 14 گۆڵی لە خۆیان تۆمار کرد، “گاریس بەیڵ” لە خولەکی 30، “کریستیانۆ ڕۆنالدۆ” لە خولەکی 31، “جیمیس ڕۆدرێگز” لە خولەکی 37، هەروەها یانە سویسڕییەکە لەلایەن یاریزان “گۆنزالێز” لە خولەکی 38 گۆڵێکیان تۆمارکرد، گێمی یەکەمی یارییەکەش بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ کۆتایی پێهات.

لە گێمی دووەمدا یانەی ڕیال مەدرید تا ڕادەیەك پاشەکشە بە ئاستی یاریزانەکانییەوە دیار بوو، یانەی بازلی سویسڕیش بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی گۆڵی زیاتر، بەرەو پێش دەڕۆیشتن و ئاستیشیان باشتر دەبینرا، بەڵام یانای شاهانە جارێکی دیکە دەستپێشخەریکرد و لە خولەکی 79ـی یارییەکەدا لە ڕێگەی ئەستێرەی فەڕەنسی یانەکە “کەریم بنزیمە”، گۆڵی پێنجەمی تۆمار کرد، سەرەنجام یارییەکە بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ بە بردنەوەی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی کۆتایی پێهات.

بەو بردنەوە گرنگە، یانای شاهانە هەنگاوێکی باشی بڕی لە خۆڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی قەیرانەکەیان، بە دڵنیاییشەوە ئەو سەرکەوتنە بۆ یارییەکانی داهاتوودا کاریگەری خۆی دەبێت و یانەکە دەگەڕێنێتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتنەکان.

إرسال تعليق