Ads (728x90)

داهێنانی هەستەوەرێك بۆ چاو، کە دەتپارێزێت لە کوێری
توێژەران لە زانکۆی “ستانفۆرد”ـی ئەمریکی، ئامێرێکی وردیان داهێناوە، کە لەناو چاودا دەچێنرێت بۆ پاراستنی لە تووشبوون بە نەخۆشی “گلۆکۆما”، کە بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت لە کوێر بوون لەلای بەساڵاچووان و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕیشاڵە دەمارییەکان لە دەماری چاو، بەوەی پەڵەیەکی کوێر لەناو چاودا دروستدەکات و کاردەکات لەسەر شێواندنی بینین، بۆیە ئەگەر ئەو حاڵەتە زوو چارەسەر نەکرێت، چاو توانای بینین لەدەستدەدات.

توێژەرەکان ڕوونیان کردووەتەوە، کە ئامێرەکە بریتییە لە هەستەوەرێکی زۆر ورد، کە بەرینییەکەی چەند میللیمەترێکە و لەگەڵ هاوێنەی دەستکردی چاو لێكدەدرێت، کە ئەوانەی تووشی ئاوی سپی بوون لەسەر چاوی خۆیان دایدەنێن، ئاوی سپیش یەکێکە لە باوترین نەخۆشییەکان و ئەو هاوێنە دەستکردەی بۆ دادەنرێت.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو هەستەوەرە لەناو چاودا، توێژەرەکان ئەوەیان شی کردووەتەوە، کە وەکو پێوەرێك کار دەکات، کە چاودێری و خوێندنەوە بۆ پەستانی فرمێسکی دەوروبەری هەستەوەرەکەی ناو چاو دەکات، ئەوەش بە ڕێگەی کامێرای مۆبایلی هۆشمەندەوە، کە گۆڕەڕی چاوی هەیە.

توێژەران هەستەوەرەکەیان بە ئامرازێکی نموونەیی سوودبەخش بۆ تووشبووانی نەخۆشی “گلۆکۆما” وەسفکردووە، بە تایبەت لە دوا قۆناغەکانی نەخۆشییەکەدا، ئاماژەشیان بەوە کردووە، کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لە ژیانی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە و پاراستنیان لە کوێر بوون دروستدەکات.

هەروەکو توێژەران ئاماژەیان بەوە داوە، کە وردبینی ئەنجامەکانی هەستەوەرەکە لە کاتی توێژینەوەکەدا سەرسوڕهێنەر بووە، بەڵام تا ئێستا تەنها لەسەر چاوی گیانەوەران تاقیکراوەتەوە و لەسەر چاوی مرۆڤ تاقی نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو داهێنانە گرنگە پێویستی هەیە بە توێژینەوەی قووڵتر پێش ئەوەی لەسەر چاوی مرۆڤ تاقی بکرێتەوە.

شایەنی باسە، توێژەران هیوایان هەیە ئەو ئامێرە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو ڕووناکی ببینێت و بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە.

إرسال تعليق