Ads (728x90)

مەقەسە بەنرخەکەی بەرگدرووەکە
بەرگدرووێك هەبوو دەیویست پەندێکی گەورە “لەسەر شێوازە تایبەتەکەی خۆی” فێری کوڕەزاکەی “نەوەکەی” بکات، بۆیە لە کاتی دروینی کراسێکی نوێ، مەقەسە بە نرخەکەی بە دەستەوە گرت و دەستیکرد بە بڕینەوەی پارچە قوماشە گەورەکە بۆ چەند پارچەیەکی بچووکتر، بۆ ئەوەی کراسێکی نوێیان لێ دروستبکات.

هەر کە بەرگدرووەکە تەواو بوو لە بڕینەوەی پارچە قوماشە گەورەکە، مەقەسە بە نرخەکەی فڕێدایە سەر زەوی لەلای پێیەکانی..!، کوڕەزاکەشی وا بە سەرسوڕمانەوە لەو کارەی باپیرەی دەڕوانێ..!، پاشان بەرگدرووەکە دەرزی و داوی هێنا و دەستیکرد بە کۆکردنەوەی پارچە قوماشە کەرتکراوەکان بۆ ئەوەی کراسێکی نوێ و جوانی لێ دروستبکات، کاتێکیش کارەکەی تەواو کرد، دەرزییەکەی لە مێزەرەکەی سەر سەری هەڵکێشا و فڕێی نەدایە سەرزەوی!.

لەو ساتەوەختەدا، کوڕەزاکەی نەیتوانی سەرسوڕمانی خۆی لە کارەکانی باپیرەی بشارێتەوە..!!، بۆیە کوڕەزاکە پرسیاری کرد: باپیرە گیان، بۆچی مەقەسە بە نرخەکەت فڕێدایە سەر زەوی لەلای پێیەکانت، بەڵام دەرزییە هەرزانەکەت لە مێزەری سەر سەرت هەڵکێشا؟!.

باپیرەکە وەڵامی دایەوە: ڕۆڵە گیان، مەقەسەکە پارچە قوماشە گەورەکەی کەرت کەرت کرد و چەند پارچە قوماشێکی بچووکی لێ دروستکرد، بەڵام دەرزییەکە هەموو پارچە قوماشە بچووکەکانی کۆکردەوە و کراسێکی جوانی لێ دروستکرد.

پوختەی مەبەست.. باپیرەکە ویستی بە کوڕەزاکەی بڵێ: ڕۆڵە گیان، تۆ لەو کەسانە بە کە خەڵك کۆدەکەنەوە، لەو کەسانە مەبە خەڵك پەرت و بڵاو و پەرتەوازە دەکەن، بە واتایەکی دیکە، کەسەکان هەرچەند گەورە و گرانبەها بن، بەڵام گەر خەڵکیان پەرت و بڵاوکرد و یەکڕیزیان تێکدا، شایەنی ئەوەن بخرێنە بەر پێیان.. بەڵێ، کەسەکان هەرچەند بچووك و بێنرخیش بن، بەڵام ئەگەر خەڵکیان کۆکردەوە و کاریان بۆ یەکڕیزیان کرد، شایەنی ئەوەن بخرێنە سەر سەران.

إرسال تعليق