Ads (728x90)

لەناو “کامپنۆ”، ڕکابەرانی بلۆگرانا ئاهەنگ دەگێڕن
لە دوا گەڕ و لە یاری کۆتایی لالیگای ئیسپانیادا، کە کەمێك لەمەوبەر لەسەر یاریگای “کامپنۆ” ی تایبەت بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەڕێوەچوو، هەردوو یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی و بەرشەلۆنە بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی ئەو وەرزەی خولی ئیسپانی بەیەکگەیشتن.

لە یارییەکی بەهێز و پڕ ڕکابەرییدا، یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا بە یەکسانبوون بە ئەنجامی (1-1)، سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و نازناوی پاڵەوانی بەدەستهێنا و لەناو یاریگای “کامپنۆ” و بە بەر چاوی یاریزان و هاندەرە کەتەلۆنییەکانەوە ئاهەنگیان گێڕا و جامەکەیان بەرز کردەوە، یانە کەتەلۆنییەکەش بێهیوا بوو و بە دەستی بەتاڵ لەو وەرزەدا کرایە دەرەوەی هاوکێشەی نازناوەکان.

کەتەلۆنییەکان لەو وەرزە پڕ شکستەی یانەکەیاندا، هەموو هیوایەکیان بەو یارییە چارەنووسسازەوە گرێدا بوو، بە تایبەت کە یارییەکە لەسەر یاریگەی خۆیان بوو، بەڵام کەتیبەکەی “تاتا مارتینیۆ” بە سەرکردایەتی “لیۆنێل میسی” و هاوڕێکانی لە ئاست قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینەدا نەبوون و نەیانتوانی جێپەنجەی بلۆگرانا لەو وەرزەدا بنەخشێنن و دڵخۆشی بە هاندەرانیان ببەخشن، ئەوەش گورزێکی دەروونی زۆر کاریگەر دەبێت و ئەوها بە ئاسانی ساڕێژ نابێت.

لەناو “کامپنۆ”، ڕکابەرانی بلۆگرانا ئاهەنگ دەگێڕن
بەو دەستکەوتە مێژووییەی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید،کە یەکەمینجارە لە دوای ساڵی 1996، سەردەمی هەژموونی هەردوو جەمسەری تۆپی پێی ئیسپانیا “ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە” بەسەرچوو، بێگومانیش لەمساڵدا خولی تۆپی پێی ئیسپانی بەهێزترین بوو لەسەر ئاستی جیهان، بە تایبەت کە ناسنامەی پاڵەوان تا دوا خولەكی دوا یاری خولەکە ئاشکرا نەبوو.

ئەوەی جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، لەو وەرزەدا هەردوو یانەکە شەش جار لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، کە کەتەلۆنییەکان تەنها بۆ جارێکیش نەیانتوانیووە زەفەر بە کەتیبەکەی “دییگۆ سیمیۆنی” ببەن، کە پێدەچێت ئەوە سەرەتای گرێکوێرەیەکی دەروونی نوێی کەتەلۆنییەکان بێت لە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید.

إرسال تعليق