Ads (728x90)

ئەندەلووسییەکان جامی «یۆروپالیگ» بەرز دەکەنەوە
لێدانەکانی یەکلاییکەرەوە نازناوی پاڵەوانێتی «یۆروپالیگ» ی بەخشییە یانەی ئیشبیلیەی ئیسپانی، ئەوەش لەسەر حیسابی یانەی بەنفیکای پورتوگالی.

کاتی یاسایی و زیادکراوی یارییەکە بە یەکسانبوونی سەلبی کۆتاییهات و هیچ کامیان نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن، بە تایبەت یانە پورتوگالییەکە، کە هەموو شتێکی پێشکەشکرد بەس گۆڵ نەبێ، چەندین دەرفەتی گۆڵیشیان بۆ ڕەخسا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دەستەبەرکردنی زەردەخەنە بۆ سەر لێوی هاندەرانیان.

بەڵام لە لێدانەکانی یەکلاییکەرەوەدا چانس یاوەری ئەندەلووسییەکان بوو و بە ئەنجامی یارییەکەیان بردەوە و بۆ سێیەم جار لە دوای ساڵانی 2006 و 2007 جامەکەیان بەرز کردەوە و بە دەستکەوتێکی زۆر گرنگی ئەوروپی گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا.

ئەوەی جێگەی وتنە، ئەوە بۆ ساڵی دووەمە لەسەر یەك، یانەی بەنفیکا لە یاری کۆتایی «یۆروپالیگ» دەدۆڕێنێت، چونکە ساڵی ڕابردووش لەسەر دەستی یانەی چێلسی ئینگلیزی لە نازناوەکە بێبەشکرابوو، لە ماوەی 60 ساڵی ڕابردووش ئەوە هەشتەم نازناوی ئەوروپییە لەدەستدەدات.

بەو سەرکەوتنە گرنگەی یانەی ئیشبیلیەی ئیسپانی، جارێکی دیکە هەژموونی ئیسپانییەکان لەسەر تۆپی پێی ئەوروپا، بە تایبەت لەو وەرزەدا دووپاتکرایەوە.

إرسال تعليق