Ads (728x90)

موعجیزەی بەردە ڕەشەکەی کەعبە
پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد “دروودی خوای لەسەر بێت” دەفەرمووێت: “نَزَلَ الحجَرُ الأَسْوَدُ مِنَ الجنَّةِ وَهُوَ أَشَدُّ بَيَاضاً مِنَ اللَّبَنِ، فَسَوَّدَتْهُ خَطَايَا بَنِي آدَمَ”، واتە بەردە ڕەشەکەی کەعبەی پیرۆز لە بەهەشت دابەزیووە، ئەو کاتەی دابەزی لە شیر سپیتر بوو، بەڵام بەهۆی تاوان و گوناهەکانی بنیادەمەوە ڕەش بووە.

کاتێكیش خۆرهەڵاتناسەکان زانیان پێغەمبەری خۆشەویستمان “دروودی خوای لەسەر بێت” ئەو قسەیەی کردووە، ویستیان بیکەنە کەلێنێك و لەوێوە هێڕشی ناڕەوا بکەنە سەر ئایینی ئیسلام، ئەوە بوو وتیان: بەردە ڕەشەکە بەردێکی ئاساییە و لە بنچینەدا ڕەش بووە..!، ویستیشیان ڕاستێتی ئەو قسەیەیان بسەلمێنن، بۆیە کۆمەڵەی فەلەکناسی جوگرافیای بەڕیتانی سەر بە زانکۆی “کامبرێدج” هەڵسان بە ڕەوانەکردنی سیخوڕێکی بەڕیتانی، کە پلەی ئەفسەری هەبوو بەناوی “ریتشارد فرانسیس بێرتۆن”، بۆ ئەوەی پارچەیەك لە بەردە ڕەشەکە بدزێت، تا بۆ موسڵمانانی بسەلمێنن، کە ئەوەی پێغەمبەری خۆشەویستمان “دروودی خوای لەسەر بێت” فەرموویەتی لە بارەی بەردە ڕەشەکەوە، ڕاست نییە!.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا (1269‏ کۆچی/1853‏ زایینی)، سیخوڕە بەڕیتانییەکە بۆ ماوەی حەوت ساڵ زمانی عەڕەبی خوێند و ڕۆیشتە وڵاتی مەغریب تا شێوەزاری عەڕەبی مەغریبییەکان فێر ببێت، لەوێشەوە ڕۆیشتە وڵاتی میسر، ئینجا لەگەڵ حاجیانی میسر سواری کەشتییەك بوو، حاجیەکانیش خواردن و خۆراکی خۆیان پێبوو و هەموو ژەمەکان ڕێزیان لێدەنا و بەشداریان پێدەکرد لە نان خواردندا، بۆیە سیخوڕە بەڕیتانییەکە ئەو مامەڵە چاکەی حاجییەکانی بەلاوە پەسند بوو و کاریگەری لەسەر دروستکرد، کاتێکیش چووە مەدینەی پیرۆز و ناو مزگەوتی پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد “دروودی خوای لەسەر بێت”، جارێکی دیکەش کاریگەری لەسەر دروستبوو، بەڵام کاتێك بینی کەعبەی پیرۆز دەکەوێتە لێوارەکانی مەککەی پیرۆز، کاریگەری زیاتری لەسەر دروستبوو!.

کەعبەش، وەکو دەزانین، هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە ناوچەیەیەکی نزماییدا خۆی دەبینێتەوە و لە هەموو لایەکەوە بە شاخ دەورە دراوە، کە هەر کەسێك لە دوورەوە بێت دەیبینێت، سیخوڕە بەڕیتانییەکە لە پاش بینینی ئەو دیمەنانە، ئەوەی لەلای خۆی نووسی و وتی: “ئەو دیمەنە لە قووڵایی ناخمەوە زۆر هەژاندمی”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوور بوو لەسەر بەجێهێنانی ئەرکەکەی، لەو کاتیشدا قەڕامتییەکان بەردە ڕەشەکەیان گواستبۆوە ناوچەی “ئەحساء”، بۆیە بەردە ڕەشەکە شکا بوو و ببووە چواردە پارچە، هەر پارچەیەکیان هێندەی قەبارەی گوێزێك..!، سیخوڕە بەڕیتانییەکە بێئاگایی پاسەوانەکان بە دەرفەت دەزانێ و دزە دەکاتە ناو کەعبەی پیرۆز و پارچەیەك لە بەردە ڕەشەکە دەدزێت و دەچێتە کونسوڵگەری بەڕیتانی لە شاری “جەددە” لە سعودیە، لەوێ لەگەڵ باڵیۆزی بەڕیتانیا لە سعودیە ئاهەنگ دەگێڕن وەکو ئەوەی پاڵەوانێکی ڕزگارکەر بوو بێت..!،چونکە بە بۆچوونی ئەو، سەرکەوتوو بووە لە هێنانی بەڵگەیەك لەسەر پووچەڵکردنەوەی قسەیەکی پێغەمبەری ئازیزمان “دروودی خوای لەسەر بێت” کە فەرموویەتی بەردە ڕەشەکەی کەعبەی پیرۆز لە بەهەشت دابەزیووە.

پاش ئەوە، سیخوڕە بەڕیتانییەکە بەهۆی پاپۆڕێکی ئوستوڕاڵی گەیشتەوە بەڕیتانیا، ئەو پارچەیەی لە بەردە ڕەشەکە لەگەڵ خۆی دەباتەوە و لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی لە لەندەن دایدەنێ بۆ ئەوەی زانایان هەڵسن بە ئەنجامدانی شیکاری لەسەری.

بەڵام ئەوەی موفاجەئە بوو، لە پاش ئەنجامدانی چەند شیکارییەك لەسەر بەردە ڕەشەکە، دەرکەوت ئەوە “نەیزەك”ـێکە لە جۆرێکی زۆر دانسقە، بۆیە ئەو ڕاستییە کاریگەری زیاتری لەسەر سیخوڕە بەڕیتانییەکە دروستکرد و موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند و کتێبێکی لە جوانترین کتێبەکان نووسی بەناوی “گەشتێك بۆ مەککە”، کە لە دوو بەش پێکهاتووە، لە بەشی یەکەمدا باس لە دوژمنایەتی خۆی بۆ ئیسلام و پیلانگێڕییەکانی لەسەر موسڵمانان دەکات، لە بەشی دووەمیشدا باسی ملکەچبوون و سەردانەواندنی خۆی بۆ خوای پەروەردگار دەکات.

تێبینی/ بەشێکی ناوەڕۆکی ئەو بابەتە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەرگیراوە، کە “د. زغلول نەججاڕ” میوانداریکراوە و قسەی لەسەر دەکات، ئەوەش لینکی ڤیدیۆیەکەیە:

https://www.youtube.com/watch?v=dTHEHXrpILQ

إرسال تعليق