Ads (728x90)

فیلمی «منداڵێتی موحەممەد» بەرهەمهێنرا
لە ئێران، کۆتاییهێنرا بە وێنەگرتنی فیلمێك کە ژیاننامەی پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد «دخ» لە ساتەوەختی لەدایکبوونیەوە تا گەیشتنی بە تەمەنی دوانزە ساڵی لەخۆدەگرێت، فیلمەکەش ناوی «منداڵێتی موحەممەد» ە، بڕی تێچووی بەرهەمهێنانیشی گەیشتۆتە 50 ملیۆن دۆلار.

هەر لەو فیلمەدا چەندین کەسایەتی دیکەش لەخۆدەگرێت کە کاریگەریان هەبووە لەسەر ژیانی پێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەد «دخ»، لەوانە: دایکی «ئامینەی کچی وەهەب» و شیردەرەکەی «حەلیمەی کچی سەعدییە»، کە ڕۆڵی ئەوەی دوایی لەلایەن ئەکتەری ئێرانی  «سارە بەیات» ەوە بەرجەستە دەکرێت، هەروەکو لە بەشەکانی فیلمەکەدا کەسایەتی هەریەك لە هەمزەی مامی و عەبدولموتەڵیبی باپیری بەرجەستەکراوە، ڕۆڵی ئەوەی دواییش بە ئەکتەری ئێرانی «مەهدی باکدل» سپێردراوە.

ئەو فیلمە تا ئێستا بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنانی سینەمایی ئێرانی دەژمێردرێت، پێشبینیش دەکرێت لەمساڵدا لە هۆڵەکانی سینەما لە ئێران نمایش بکرێت، هاوکات دوای دۆبلاژکردنیشی، لە خانەکانی سینەما لە وڵاتانی دیکەش نمایش دەکرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئێرانییەکان، فیلمەکە لە هەردوو شاری سینەمایی «نور و کەرمان» لە باشووری ئێران و لە نزیك تارانی پایتەخت وێنەی گیراوە، دەرهێنەری فیلمەکەش «مەجید مەجیدی» بەرجەستەکردنی ڕۆڵی پێغەمبەری خۆشەویستمان و دەرخستنی ڕووخساری لەو کارە سینەماییەدا ڕەتکردەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە، ڕاوێژیان بە چەندین زانای ئایینی کردووە.

إرسال تعليق