Ads (728x90)

برۆنای، یاساکانی شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ دەکرێن
لە نوێترین نموونەدا کە گەشەکردنی ئاراستەی ئایینی پارێزگاریکار دەردەخات، کە لە چەند بەشێکی وڵاتەکانی مالیزیا و ئیندەنوسیای هاوسنووریدا قووڵبووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێ لەو هەفتەیەدا، سوڵتاننشینی «برۆنای» ببێتە یەکەم دەوڵەت لە خۆرهەڵاتی ئاسیا کە یاساکانی شەریعەتی ئیسلام جێبەجێ بکات.

“حسن البلقيه” سوڵتانی «برۆنای»، کە هاوکات یەکێکیشە لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی دونیا، لە وتارێکی فەرمیدا، پەسندکردنی یاسای جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام ڕایگەیاند و بە «دەستکەوتێکی گەورە» وەسفیکرد، بە وتەی دیبلۆماتکارانیش ئەو هەنگاوەی سوڵتان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە ناوبراو دیندارتر بووە.

لە دوێنێ چوارشەممەوە، هاوڵاتیانی سوڵتانشینی “برۆنای”، کە موسڵمانان تێیدا زیاترن لە ڕەگەزی “مەلایۆ”، ڕووبەڕووی دادگا شەرعییەکان و غەڕامەکان و حوکمەکانی بەندکردن بەهۆی تاوانەکانی سکپڕی بەبێ هاوسەرگیری و ئەنجامنەدانی نوێژی هەینی و بڵاوکردنەوەی ئایینەکانی دیکە، دەبنەوە.

قۆناغی سەرەتایی جێبەجێکردنی یاساکە شەش مانگ دەخایەنێت، پاشان قۆناغی دووەم دەستپێدەکات، کە بریتییە لە سزادانی لێدانی جەڵدە لە مەیخۆر و بڕینەوەی دەستی دز و ڕەجمکردنی زیناکەری خاوەن خێزان و چەندین تاوانی دیکەش.

شایەنی باسە، سوڵتانشینی «برۆنای» دەکەوێتە سەر کەناری باکور لە دوورگەی «بۆرنیۆ»، یەکێك لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتانی جیهان، بەهۆی پاشەکەوتی لە ڕادەبەدەری سەروەتی نەوت تێیدا.

إرسال تعليق