Ads (728x90)

ئیسلامی سیاسی و لێشاوێك فەتوای شاز
لەوەتەی بیرم بە ڕۆشنایی ئایینی ئیسلام گەشبۆتەوە، تەواو درکم بە ڕاستێتی ئەو بۆچوونە کردووە، کە دروستبوونی تەیار و لایەنە ئیسلامییە جۆربەجۆرەکان، یان ڕوونتر بڵێین سەرهەڵدانی دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە تەواوی جیهاندا، وێڕای ئەوەی زیانی زۆری لە سەنگ و پێگەی ئیسلامی ڕاستەقینە داوە، هاوکات بە پەیڕەوکردن لە ئیزدیواجییەتێکی زەق لە ئەزموونی سیاسەتکردن، کە زۆرجار ئەتەکێتی موسڵمانێتی بە کارەکتەرەکانیانەوە ونبووە، تەگەرەی ڕاستەقینە بووە لە بەردەم پێشکەوتنی موسڵمانان و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریان، ئیسلامی سیاسیش بە لەمپەری سەرەکی دادەنرێت لە هەمبەر کرانەوەی جیهان بە ڕووی پەیامی ڕاستەقینەی ئیسلام، کە ڕۆحییەتی دینداری پەسندکراوی بۆ گرۆی مرۆڤایەتی تێدایە، تەنانەت ئیسلامی سیاسی بووەتە هۆی ئەوەی، کە تێڕوانینێکی نەشیاو لەسەر ئیسلام لەسەر ئاستی جیهان دروست ببێت.

با بێمە سەر ئەسڵی مەبەست، دیاردەی فەتوا سیاسییەکان، کە بەناوی ئیسلام بڵاودەکرێنەوە، تا دێت تەشەنەسەندووتر دەبینرێت، لە دواجاریش فەتواکان ڕەهەندێکی سەرسوڕهێنەرتریان وەرگرتووە، ئەوەتا فەتوای حەڕامکردنی مۆز و خەیار و گێزەر لەسەر ژنان دەردرێت بە بیانووی زۆر نابەجێ!، لە هەمووشیان نابەجێتر، فەتوای حەڕامکردنی گۆشتی کەروێشك بوو بە بیانووی ئەوەی خوێنی بێنوێژی دەبینێت!، زۆر نابەجێتریش ئەوەیە کە فەتوای ئەوە دراوە، نابێ ئافرەت لە تەنیشت دیوار بخەوێت، چونکە دیوار سیفەتی نێرینەی هەیە!.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گۆڕەپانی ئیسلامی لێشاوێك فەتوای شازی بەخۆیەوە بینیووە، کە بەدەرە لە پلانی گشتی ئایینی و هۆشیاری موسڵمانان دەشێوێنێت، ئەوەشی کە دەگوزەرێت نموونەیەکی ئاشکرایە لە دەرەنجامی سروشتی فراوانبوونی ڕووبەری کارکردنی ئیسلامی سیاسی، کە لەو ڕووبەرانەوە فەتوادەرە ساختەکارەکان دزە دەکەنە ناو هەست و سۆزی خەڵك و بەلاڕێیاندا دەبەن!، ئەوەش پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێ دەربارەی پێویستی بوونی یاسایەك لە پێناو پارێزگاریکردن لە ڕاستەڕێی ئیسلام و ڕێگەگرتن لە ساختەکاری ئایینی، کە لانیکەم ئەو جۆرە فەتوایانە بە تاوان لە قەڵەم بدات و فەتوادەرەکان و ئەوانەشی هۆکار و پاڵپشتیکاریانن، سزا بدات.

لە سەیرترین فەتواکانیش کە گۆمەکەی شلۆقتر کردووە، جێگری سەرۆکی پارتی نوری سەلەفی لە میسر دووپاتی لەوە کردۆتەوە، کە سەرکەوتنی سەلەفییەکان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە قوڕئانی پیرۆزدا هاتووە، کاتێك وتبووی: خوای گەورە ئەنجامی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی میسری لە قوڕئانی پیرۆزدا ڕاگەیاندووە!، ئەو ئایەتەشی کردووەتە بەڵگە لەسەر فەتواکەی: «وَنُرِيدُ أَنْ نَمُنَّ عَلَى الَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا فِي الْأَرْضِ وَنَجْعَلَهُمْ أَئِمَّةً وَنَجْعَلَهُمُ الْوَارِثِينَ»، ئەو هێندە لە نەفامێتییەکەیدا ڕۆچووە، کە لە بەڵگەهێنانەوە بەو ئایەتە وتبووی: ئێمە لەسەر زەویدا چەوساوەین، کە واتە ئەو ئایەتە موژدەدەرە بۆ سەرکەوتنی ئێمە!.

لە ورووژێنەرترین فەتواکانی ئەمدواییەش، کە مشتومڕی زۆری بەدواداهات، حەڕامکردنی دەستدانی ژنان لە هەندێك میوە و سەوزەمەنی وەکو مۆز و خەیار و گێزەر بە بیانووی ئەوەی لە ڕووی سێکسییەوە ورووژێنەر و فریودەرن!، ئەگەریش ژنان بیانەوێت ئەو میوە و سەوزەمەنیانە بخۆن، پێویستە کەسانی دیکە بۆیان ئامادە بکەن، بە تەرزێك بە کەرتکراوی و دوور لە شێوە سروشتییەکەی وەریانبگرن!.

یان فەتوای دروستبوونی سەرجێییکردنی هاوسەری کۆچکردوو بۆ ماوەی 6 کاتژمێر پێش بە خاکسپاردنی، یان فەتوای کوشتنی منداڵ و هاوسەری پیاوانی پۆلیس و بەرپرسانی دەوڵەت لە وڵاتانی ستەمکار بە بیانووی ئەوەی تا منداڵی کافریان لێ دەرنەچێت، یان فەتوای دانانی یاسایەك بۆ ئەو ژنانەی هاوسەریان نییە یان تەڵاقدراون، کە ڕێگەیان پێبدرێت کۆیلەیەك بکڕێت و شووی پێبکات بەو مەرجەی مارەییەکی بۆ دابنێت!.

فەتوایەکی دیکەش هەیە دەڵێت: داکەندنی جلوبەرگ لە ساتەوەختی سەرجێی هەردوو هاوسەر، گرێبەستی هاوسەرگیری پووچەڵ دەکاتەوە!، لە ساڵی 2006 ـیش فەتوای خواردنی کلۆ درا لە میسر بە بیانووی ئەوەی حکومەت شکستیهێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێڕشەکانی کلۆ!، یان فەتوای حەڕامکردنی خواردنی ماسی ڕووباری دیجلە لە عێڕاق بە بیانووی ئەوەی تەرمی زۆر فڕێدراوەتە ناویەوە!.

یان فەتوای شێخ وەجدی سەلەفی، کە وتبووی، ئەوەی بە دەستی چەپ نان و ئاو بخوا، لە شوێنکەتووانی شەیتانە!، لیژنەیەکیش لە زانایانی ئەزهەر خواردنی گۆشتی کەروێشکی حەڕامکردووە بە بیانووی ئەوەی خوێنی بێنوێژی دەبینێت!!.

یان کۆمەڵەی فەتوای ژنانی سوری «القبیسات» فەتوای داوە، کە نابێ ئافرەت لە تەنیشت دیوار بخەوێت، چونکە سیفەتی نێرینەی هەیە!، یان فەتوای قەدەغەکردنی نووستن و دانیشتنی ژنان لەسەر کورسی و وەسفکردنی بە ترسناکترین خراپە، بە بیانووی ئەوەی دروستکەری زەویان لە بیر دەباتەوە و ئافرەت هەردوو قاچی دەکاتەوە بە ڕووی زەویدا و پێشینەکانیش ئەوەیان نەکردووە، لە کاتێکدا دانیشتن لەسەر زەوی مرۆڤ لە خوا نزیك دەکاتەوە و پەرستشیش زیاتر دەکات!.

 شێخ عەلی جومعەش فەتوای ئەوەی دابوو، کە سەحابەکان میزی پێغەمبەریان خواردووەتەوە، گوایە لەوەدا بەرەکەت هەبووە!، لە جەزائیریش فەتوای دروستبوونی ڕۆژووشکاندن دراوە لە مانگی ڕەمەزان بۆ یاریزانانی تۆپی پێ، بە تایبەت ئەگەر دابینکردنی بژێوی یاریزانەکە لەسرر تۆپی پێ بێت!.

زۆر فەتوای سەیرتر، کە مرۆڤ شەرم دەکات هەر باسیشیان بکات، لێرەدا بە پێویستییەکی گەورەی دەبینم، کە هەموو لایەك لە ناوندە مەعریفی و ڕووناکبیرییە ئیسلامییە میانڕەوەکان هەست بە بەرپرسیارێتی ئەو پێشهاتە ترسناکانە بکەن و هەنگاو بنێن بۆ ڕاگەیشتنەوە بە دۆخەکە، ئەگینا ئیسلامی سیاسی خەریکە هەر هەموومان قووت دەدات، لە کاری هەرە لەپێشینەش دەبێ فەتوادان قەدەغە بکرێ و کار بۆ یەکخستنی فەتوا بکرێ و ئەو ئەرکەش بە کەسانی پسپۆڕی فیقهی شەرعی بسپێردرێت، کە تەواو قاڵبووی ئەو بوارە بن.

بەڕێوبەری سایتی قەڵەم پرێس

إرسال تعليق