Ads (728x90)

ئامارەکانی یانەی شاهانە لە فیناڵی چامپیۆنزلیگ
یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا “چامپیۆنزلیگ”، کە دوێنێ شەو لە نێوان هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید بەڕێوەچوو، ڕووداوێکی وەرزشی ئاسایی نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا چەندین ژمارە و ئاماری گرنگی هەڵگرتووە، بۆیە لە بەشی وەرزشی سایتی قەڵەم پرێس لەو ڕاپۆرتە شیکارییەدا تیشك دەخەینە سەر گرنگترین ئامارەکان کە لەو یارییەدا دەرکەوتن.

شاهانە و گەڕانەوە بۆ شوێنی سروشتی خۆی..

بە بەدەستهێنانی نازناوی دەیەم لە پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ، یانەی ڕیال مەدرید شوێنگەی خۆی لە پێشەنگی یانەکان قایمتر کرد کە ئەو نازناوەیەیان بەدستهێناوە، بە جیاوازی 3 نازناو لە نزیکترین ڕکابەری یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی کە خاوەنی 7 نازناوە، بەوەش یانەی مێرەنگی لانیکەم تا 25 ساڵی دیکە لەسەر عەڕشی پێشەنگییەکە دەمێنێتەوە، ئەگەر یانەی شاهانە دەستپێشخەرییەکانی بۆ زیادکردنی نازناوی زیاتر نەکاتە واقیع، کە ئەوەیان چاوەڕوانکراو و پێشبینیکراوە، هەروەکو بەو سەرکەوتنە یانەی شاهانە گەڕایەوە شوێنی سروشتی خۆی لەسەر سەکۆی خەڵاتەکان.

جێپەنجەی “کریستیانۆ ڕۆنالدۆ” لەسەر نازناو دەیەم..

پشکی شێر لەو سەرکەوتنە مێژووییەی یانەی شاهانەدا، بۆ “کریستیانۆ ڕۆنالدۆ” ی ئەستێرەی نازداری “لۆس بلانکۆس” بوو، چونکە بە دێژایی یارییەکانی ئەو وەرزەی ئەو پاڵەوانێتییە، فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنەکان بوو، ئەو لە 12 یاری ئەو وەرزەی چامپیۆنزلیگ 17 گۆڵی تۆمار کرد، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەیە، کە پێشتر هیچ یاریزانێك نەیتوانیووە تۆماری بکات، بەو 17 ە گۆڵەش “کریستیانۆ ڕۆنالدۆ” پێش “لیۆنێل میسی” کەوت و کۆی گۆڵەکانی گەیاندە 68 گۆڵ لەو پاڵەوانێتییەدا، لە کاتێکدا “لیۆنێل میسی” خاوەنی 67 گۆڵە، تەنانەت ئێستا کریستیانۆ بە جیاوازی 3 گۆڵ لە دوای “ڕائول گۆنزالێس” دێت کە خاوەنی 71 گۆڵە لەو پاڵەوانێتییەدا.

“گاریس بەیڵ” پیاوی کۆتاییەکان..

لەوەتەی لە هاوینی ڕابردوو بە گرێبەستێکی پێوانەیی پەیوەندیکردووە بە مێرەنگی، “گاریس بەیڵ” بە زووی خۆی گونجاندووە و شوێنپەنجەی خۆی لە سەرکەوتنەکانی یانەی شاهانە جێهێشتووە، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت لە یارییەکانی کۆتاییدا یاریکەری یەکلاییکەرەوە بووە، ئەو لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا “کۆپا دێل ڕێی” لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا بە گوڵێکی ئێکجار جوان و سەرنجڕاکێش گۆڵی دووەم و بردنەوەی نازناوەکەی بۆ یانەکەی لە دژی یانەی بەرشەلۆنە تۆمارکرد، لەو یارییەشدا “گاریس بەیڵ” جێپەنجەی خۆی بە جوانترین شێوە لە مێژووی چامپیۆنسلیگ نەخشاند، کاتێك لە خولەکی 110 ی یارییەکەدا گۆڵی سەرکەوتن و دڵنیایی و بردنەوەی نازناوەکەی تۆمارکرد، هەروەها “گاریس بەیڵ” یەکەم یاریزانی وێڵزیە لە کۆتاییەکانی چامپیۆنسلیگ گۆڵ تۆمار بکات.

“کارلۆ ئەنشیلۆتی” و 5 نازناو..

بە بردنەوەی نازناوی دەیەم لە پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ لە یەکەم وەرزیدا لە مەشقدانەوەی یانەی شاهانە، “کارلۆ ئەنشیلۆتی” توانی بۆ جاری پێنجەم ئەو نازناوە بباتەوە، دوو جار وەکو یاریزان، سێ جاریش وەکو ڕاهێنەر، بەوەش ژمارە پێوانەییەکەی “پۆپ بێزلی” ڕاهێنەری پێشووتری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی یەکسانکردەوە، کە ئەویش سێ جار نازناوی چامپیۆنزلیگی وەکو ڕاهێنەر بەدەستهێنابوو.

“سێرجیۆ ڕامۆس” هەمیشە فریادڕەس..

وەکو چۆن لە یاری پێش کۆتایی بووە فریادڕەسی یانەکەی لە بەرامبەر یانەی بایرن میونخ، ئەوجارەشیان “سێرجیۆ ڕامۆس” ی بەرگریکار لە دوا خولەکی کاتی یاسایی یاری کۆتایی توانی هیوا بۆ یانەکەی بگەڕێنێتەوە و گۆڵی بەرامبەری تۆمارکرد و تەمی دۆڕانی لەسەر دڵ و دەروونی یاریزانان و هەوادارانی یانەکەی ڕەواندەوە، ئەو یەکێك بوو لە دیارترین باشترینەکانی یاریزانانی ڕیال لە فیناڵ.

“ئەنخێل دیماریا” کلیلی سەرکەوتنە مێژووییەکە..

ئەو وەرزە بۆ “ئەنخێل دیماریا” لەگەڵ یانەی شاهانە زۆر جیاواز بوو، چونکە لە زۆربەی سەرکەوتنەکاندا وەکو جەنگاوەرێکی مەزن خۆی لەسەر یاریگاکان نیشانداوە، بەڵام لەو یارییەدا بە ئاستبەرزییەکی گەورە دەرکەوت و کلیلی سەرکەوتنی یانەی شاهانە بوو و جیاوازییەکەی دروستکرد، بە تایبەت کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە دروستکردنی گۆڵی دووەم، لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیاش “کۆپا دێل ڕێی” گوڵێکی ئێکجار جوان و سەرنجڕاکێش بۆ یانەکەی لە دژی یانەی بەرشەلۆنە تۆمارکرد کە گرنگی خۆی هەبوو و فاکتەر و دەرفەتی دەستباڵایی بۆ ڕیاڵییەکان لەو یارییەدا ڕەخساند، ئەو ئەو وەرزەی بە ئاستێکی زۆر جیاواز و پڕ لە نمایشی هونەری بەرز پێشکەشکرد، ئەو شایستەی ئەوە بوو ببێتە باشترین یاریزانی یارییەکە، هەر بۆیەش لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە بە باشترین باشترین یاریزانی فیناڵ دیاریکرا.

BBC لە فیناڵی چامپیۆنزلیگیش گورزوەشێن بوون..

هەر سێ یاریزانی هێڵی هێڕشبردنی یانەی شاهانە “کەریم بنزیمە” و “گاریس بەیڵ” و “کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ” سێکوچکەی بەهێزترین هێڵی هێڕشبردنیان لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە و لە زۆربەی یارییەکان گۆڵیان تۆمارکردووە یان یارمەتیدەری یەکتر بوونە لە گۆڵ تۆمارکردن، لەو یارییەش هەر سێ یاریزان هەر یەکەیان گۆڵێکی تۆمارکرد و بە جوانترین شێوە کۆتاییان بەو وەرزە پڕ سەرکەوتنە هێنا.

گۆڕەپانی “سبیلیس” پڕ بوویەوە لە مەدریدستاکان..

لەگەڵ بردنەوەی هەر جامێك، مەدریدستاکان لە گۆڕەپانی “سبیلیس” کۆ دەبنەوە پێشوازی لە یاریزانان دەکەن، دوای تەواو بوونی یارییەکەی ئەوجارەی فیناڵی چامپیۆنسلیگ، دوای دوانزە ساڵ چاوەڕوانی، بە هەزاران هاندەری یانەی شاهانە لەو گۆڕەپانە کۆ بوونەوە و تاکو بەیانی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی پاڵەوانەکاندا بوون، ئاهەنگەکانیشیان بەردەوام بوون و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی.

داهاتی دارایی گرنگ..

بە بەدەستهێنانی نازناوەکە، جگە لەوەی یانەی شاهانە جامە گرانبەهاکەی خستەوە سەر گەنجینەی دەستکەوتەکانی، لە ڕووی داراییشەوە یانەی شاهانە قازانجێکی زۆری کرد، چونکە بە پێی یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، براوەی نازناوەکە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت، ئەوەش بۆ خەزێنەی دارایی یانەکە زۆر گرنگە، کە دەتوانن لە وەرزی گواستنەوەی هاوینەدا لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی تازە سوودی لێببینن.

مانشێتی ڕۆژنامە جیهانییەکان لەسەر بردنەوە مێژووییەکە..

ڕۆژنامە جیهانییە بەناوبانگەکان، بەدەستهێنانی نازناوی دەیەم لەلایەن یانەی شاهانەوە، بە مانشێت و سەردێڕەکانیان دەڕازێننەوە:

ESPN: ڕیال پادشای ئەوروپایە.

Corriere dello sport: سەرکەوتن بۆ ئەنشیلۆتی و ڕیال مەدریدیش پاڵەوانی نازناوی دەیەمە.

THE SUNDAY TIMES: گاریس بەیڵ نازناوی دەیەم بۆ ڕیال مەدرید بەدەستدێنێت.. ڕیال بۆ گێڕانەوەی نازناوی دەیەم دەجەنگێت.

APOLA: نازناوی دەیەم لە لشبۆنە بەدەستهێنرا.

LEQUIPE: ڕیال دەیەم نازناو قووت دەدات.

TOTTOSPORT: نازناوی دەیەم بە شایستەیی.

Mail Online: پادشای وێڵز بە جامەکە خەڵاتکرا.. گاریس بێڵ لەگەڵ ڕیال خەڵاتکرا، ڕۆنالدۆش گۆڵی دڵنیایی نازناوی دەیەمی تۆمار کرد.. لە کۆتاییەکی دراماتیکیدا، سیمیۆنی جەنگەکەی دۆڕاند.

O JOGO: ڕۆنالدۆ پیاوی نازناوی دەیەم و میسیش چاوەڕێیە.


Bild: ڕیالی شێت ـ ڕۆنالدۆ لە خۆشی نازناوەکە درێسەکەی داکەند.

LaGazzeta dello sport: ڕیال بە نازناوی دەیەم خەڵاتکرا.. ئەنشیلۆتی بەسەر هەمووان بەرز دەبێتەوە لە ئەوروپا.. ئەنشیلۆتی بە نازناوی دەیەم خەڵاتکرا.

BBC sport : ڕیال بە نازناوی ئەوروپی دەیەم خەڵاتکرا.

إرسال تعليق