Ads (728x90)

باڤارییەکان جامی ئەڵمانیایان بەرز کردەوە
لە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیادا، هەردوو ڕکابەرە سەرسەختەکەی ئەڵمانیا “بایرن میونخ و برۆسیا دۆرتمۆند” لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەدا بەیەکگەیشتن، باڤارییەکان بۆ دووپاتکردنەوەی دەستباڵایی خۆیان لە ئەڵمانیا و سڕینەوەی شوێنەوارەکانی کرانە دەرەوەیان لەسەر دەستی یانەی ڕیال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ و دۆرتمۆندیش بۆ چنینەوەی بەرهەمێك لەو وەرزەیاندا کە وشکەساڵییەکی ئاشکرا باڵای بەسەردا کێشابوون، هاتنە ناو یاریگا.

بە درێژایی کاتی یاسایی هەردوو گێمی یارییەکە، هەردوو تیپ ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و شایستەیی خۆیان بە بردنەوەی نازناوەکە پیشاندا، بەڵام سەرەڕای هەوڵدانە بەردەوامەکانیان و لەکیسدانی دەرفەتەکانی گۆڵکردن، سەرەنجام هەردوو یانەکە یەکسانبوون و پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراوی یارییەکە.

لە گێمی یەکەمی زیادکراودا، یارییەکەدا بە ئاراستەی یەکسانبوونەکە بوو، هیچی نوێش بەدینەکرا لە کەشوهەوای یارییەکە، بەڵام لە دەستپێکی گێمی دووەمی زیادکراو و لە خولەکی 107 ی یارییەکەدا، “ئاریان ڕۆبن” گۆڵێکی گرنگی بۆ باڤارییەکان تۆمار کرد و یانەکەی نزیککردەوە لە بەرزکردنەوەی جامی نازناوەکە، یاریزانانی دۆرتمۆند بەو گۆڵە کوشندەیە کەوتنەوە خۆیان و دەستپێشخەریانکرد بە چەند هێڕشێکی مەترسیدار بۆ سەر گۆڵی یانە باڤارییەکە بە ئامانجی ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام ئەوە بە زۆر لەسەریان کەوت، چونکە لە خولەکی 122 ی یارییەکەدا و لە هێڕشێکی هەڵگەڕاوەدا، “تۆماس مۆلەر” گۆڵی دووەم و دڵنیایی و دەستەبەرکردنی نازناوەکەی تۆمار کرد.

بەوەش یانەی بایرن میونخ بۆ جاری 17ــەم لە کۆی 20 یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا، کە لە مێژووی خۆیدا ئەنجامیداوە، بووە پاڵەوانی نازناوەکە.

إرسال تعليق