Ads (728x90)

ئازادبوونی تۆ، کۆیلەبوونی منە
ڕۆژێکیان “مالیکی کوڕی دینار” به‌ بازاڕدا تێپه‌ڕی، هه‌نجیرفرۆشێکی بینی و حه‌زی چووه‌ هه‌نجیرێك..!، به‌ڵام پاره‌ی کڕینی هه‌نجیرەکەی پێنه‌بوو..!، بۆیه‌ داوای له‌ هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ کرد، کە هه‌نجیرەکەی بداتێ به‌ڵام له‌ کاتێکی دیکه‌دا پاره‌ی بداتێ!.

هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ ڕه‌تیکرده‌وه‌ به‌ قه‌رز هه‌نجیره‌که‌ی پێبفرۆشێ..!، بۆیه‌ “مالیکی کوڕی دینار” پێشنیاریکرد پێڵاوه‌که‌ی وه‌کو ڕه‌هن له‌لا دابنێ تا پاره‌ی ئه‌و هه‌نجیره‌ی ده‌داتێ، به‌ڵام ئه‌وجاره‌شیان هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ ڕازی نەبوو!.

پاشان کۆمەڵە خه‌ڵكێك کە لەو شوێنە بوون و ئاگایان لە گفتوگۆکەیان بوو، ڕوویان کرده‌ لای هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ و ناسنامه‌ی ئه‌و که‌سه‌یان بۆ ئاشکراکرد و پێیان ڕاگه‌یاند، کارێکی چاکت نەکرد، چونکە ئه‌و پیاوە “مالیکی کوڕی دینار” بوو..!، بۆیه‌ هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ پەشیمان بوویەوە و هه‌ڵسا به‌ ڕێگەی خزمەتکارێکی خۆی “کە کۆیلەی خۆی بوو”، یه‌ك عاره‌بانه‌ هه‌نجیری بۆ “مالیکی کوڕی دینار” نارد..

هه‌نجیرفرۆشه‌که‌ به‌ خزمەتکاره‌که‌ی وت، ئه‌گه‌ر “مالیکی کوڕی دینار” ڕازی بکەی لێت وه‌ربگرێ، ئه‌وه‌ تۆ له‌ پێناوی خوای گه‌وره‌ لە کۆیلایەتی ئازد دەکەم!.

خزمەتکاره‌که‌ش ڕۆیشت و چووه‌ لای “مالیکی کوڕی دینار” و له‌ دڵی خۆی گرتبوو، که‌ هه‌موو کۆششێك بکات بۆ ئه‌وه‌ی “مالیکی کوڕی دینار” ڕازی بکات عاره‌بانه‌ هه‌نجیره‌که‌ی لێ وه‌ربگرێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش له‌ کۆیلایه‌تی ڕزگاری بێت.

کاتێك خزمەتکارەکە گه‌یشته‌ لای “مالیکی کوڕی دینار” و عارەبانە هەنجیرەکەی دایێ، “مالیکی کوڕی دینار” پێیوت: بگه‌ڕێوه‌ لای گه‌وره‌که‌ت و پێی بڵێ، “مالیکی کوڕی دینار” به‌هۆی دینه‌وه‌ هه‌نجیر ناخوات..! “بەو ئیعتیبارەی کە پێشەوا و زانایەکی ئایینی بووە، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە عارەبانە هەنجیرەکەی بۆ ناردووە”.

هەروەها “مالیکی کوڕی دینار” بە خزمەتکارەکەی وت: بە گەورەکەت بڵێ، که‌ “مالیکی کوڕی دینار” تا ڕۆژی قیامه‌ت خواردنی هه‌نجیری له‌ خۆی حه‌ڕام کردووه‌!.

خزمەتکارەکە وتی: گه‌وره‌م، قه‌بولی بکه‌، چونکه‌ ئازادبوونی منی تێدایه‌ له‌ کۆیلایه‌تی!.

“مالیکی کوڕی دینار” وتی: ئه‌گه‌ر ئازادبوونی تۆی تێدا بێت، کۆیله‌بوونی منیشی تێدایه‌!.

“مالیکی کوڕی دینار” وای دەدیت، که‌ ئاره‌زوه‌که‌ی، ڕیسوای کردووه‌، وه‌ سکی سه‌رزه‌نشت و ئیهانه‌ی کردووه‌، بۆیه‌ نه‌فسی خۆی ته‌مبێ کرد و بۆ ئه‌وه‌ش که‌ پاکی بکاته‌وه‌، خواردنی هه‌نجیری لێ حه‌ڕام کرد!.

 ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێته‌ په‌ند له‌و به‌سه‌رهاته‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ چۆن ئێمه‌ خۆمان بۆ ئاره‌زووه‌کانمان وحه‌زه‌کانی شه‌یتان ڕیسوا کردووه‌، چۆن زه‌لیلبوونی خۆمان به‌ شتێکی کەم ته‌ماشا ده‌که‌ین؟!.

إرسال تعليق