Ads (728x90)

هەمووانی دڵخۆشکرد، بەڵام خۆی خەمبار کرد
پزیشکێك، کە بەهۆی کارە گرنگەکانی و سووربوون و پەرۆشبوونی لەسەر ئەنجامدانیان بە تەواوترین شێوە، بوو بە باشترین پزیشکی برینساز لە وڵاتەکەی خۆی، هەر بۆیەش ئاهەنگێکی ڕێزلێنانی بۆ ڕێکخرا.

لە میانی ئاهەنگەکەشدا، هاوڕێیەکی سەرنجیدا کە بە درێژایی کاتەکە، نیشانەی خەم لەسەر ڕووخساری پزیشکەکە هەیە..!، بۆیە لێی نزیك بوویەوە و پرسیاری لێکرد: بۆ خەمبار دەردەکەوی..؟!، لە کاتێکدا تۆ گەورەترین دەستکەوتت لە ژیانتدا بەدەستهێناوە و بوویتە گەورەترین پزیشکی نەشتەرگەر؟.

پزیشکەکە وەڵامی دایەوە: من شتێکم بەدەستهێناوە، کە حەزم لێی نییە و بۆ ڕۆژێكیش نەمویستووە..، ئێستاش من پابەندم بەو شتەوە کە ناتوانم خۆمی لێ دەرباز بکەم..!، لە ڕاستییدا من حەزم لێبوو وەکو پزیشك شکست بهێنم بۆ ئەوەی دەرفەتم هەبێت ئەو کارە ئەنجام بدەم کە حەزم لێیەتی و ئارەزووی دەکەم!.

هاوڕێکەی بە سەرسوڕمانییەوە وەڵامی دایەوە: تۆ چۆن ئەو قسەیە دەکەی، لە کاتێکدا خاوەن بەرزترین پلە و پایە و پۆستی و هەموو ئەوانەی دەوروبەرت خۆشحاڵن بەو دەستکەوتە..؟!، هەروەکو ئێستا هەموویان ڕێز و تەقدیریان بۆ تۆ هەیە.

پزیشکەکە وەڵامی دایەوە: گرنگتر لە هەموو ئەو شتانەی تۆ دەیڵێی ئەوەیە، کە من چۆن تەماشای خۆم و دەستکەوتەکانم دەکەم، ئایا من ئەو شتەم بەدەستهێناوە کە دەمەوێت و خۆشحاڵم دەکات یان نا..؟!، من بە خراپ بۆ خۆم دەڕوانم و ڕێز لە خۆم ناگرم..!، چونکە من چوومە ژێرباری داخوازی دایك و باوکم، ئەو کاتەی خەونی ژیانی منیان ڕەتکردەوە و نەیانهێشت ببمە وێنەکێشێکی پیشەگەر..!، من کەسایەتیم لاواز بوو و دەستبەرداری خەونەکەی خۆم بووم کە دەمویست هەموو ژیانمی بۆ تەرخان بکەم.

مەبەست و پەند لێرەدا ئەوەیە، پێویستە لەسەر مرۆڤ لە پێناو بەدیهێنانی خەون و خولیاکانی لە ژیان بجەنگێت و تێبکۆشێت بۆ بەختەوەرکردن و ڕازیکردنی خۆی، پێش ئەوەی بیر لە بەختەوەرکردن و ڕازیکردنی ئەوانی دیکە بکاتەوە.

إرسال تعليق