Ads (728x90)

ڕۆژگار لە ئێمە بەهێزترە
سروشتی ژیان وایە، کە سەردەمانێك باڵندەکان مێروو دەخۆن، بەڵام کاتێك باڵندەکان دەمرن، هاوكێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و ئەوجارە نۆرەی مێرووەکان دێت و باڵندە مردووەکان دەخۆن!.

ئەوەیە ڕووی ڕاستەقینە لە وەرچەرخانەکانی ڕۆژگار، کە هەزاران وێنەی گەواهیدەرمان لەبەر دەستە و ئەو ڕاستییەمان ڕۆشنتر بۆ دەردەخەن.

وانەکانی ژیانیش بۆمان وێنا دەکەن، کە ڕۆژگار لە هەر هەموومان بەهێزترە، چونکە لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە، بۆیە پێویستە بە چاوی کەم تەماشای هیچ کەسێك نەکەین، لە سەنگ و کەسایەتی کەس کەم نەکەینەوە، لووتبەرزانە هەڵسوکەوت نەکەین، زیاتر لە مافی خۆمان داوا نەکەین، حەقی کەسێکت لەلا بێت بۆی بگەڕێنەوە و گەردەنی خۆتی پێ ئازاد بکە، ئەگەر بوویتە هۆکاری ئازاردن و غەدرکردن لە کەسێك خۆت یەکلایی بکەوە لەسەر دونیا، چونکە ئەگەر ئەوڕۆ بەهێز بین، بەڵام نابێت بیرمان بچێت کە ڕۆژگار لە هەر هەموومان بەهێزترە و ڕەنگ بێت سبەینێ لاواز بین، دەشبێت ئەو گریمانەیە بەوپەڕی تێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنەوە بەردیدە بگرین.

هەروەها دەبێت حیسابی پێشهاتێکی هەمیشە چاوەڕوانکراو بۆ دەورانە سەیر و سەمەرەکانی ڕۆژگار بکەین، کە لەوانەیە سبەینێ لە بەهێزییەکەمان بکەوین و بەهێزییەکەمان لەدەست بدەین و هاوکێشەکە دژ بە خۆمان پێچەوانە ببێتەوە!، ئەو ئایەتە قوڕئانییەش زۆر شتمان لەو ڕووەوە فێر دەکات، کە خوای پەروەردگار ڕێنوماییمان دەکات و دەفەرمووێت: وَتِلْكَ الْأَيَّامُ نُدَاوِلُهَا بَيْنَ النَّاسِ، واتا: ئێمه ئه‌و ڕۆژگارانه ده‌ستاوده‌ست پێ ده‌که‌ین له‌ناو خه‌ڵکیدا.

إرسال تعليق