Ads (728x90)

شاهانە دەیەم نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە
لە یارییەکی دراماتییکیدا، کە تا خولەکی 93 یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە پێشەوە بوو، یانەی ڕیال مەدرید لە تۆپێکی سەری زۆر جوانی بەرگریکار “سێرجیۆ ڕامۆس” ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و گورزێکی گورچکبڕی لە یاریزانان و هەوادارانی ڕکابەرەکەی وەشاند و بە تەواوەتی بێهیوای کردن لە بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ.

لەسەر یاریگای “نوور” لە شاری لشبۆنەی پورتوگال، یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا “چامپیۆنزلیگ” لە نێوان هەردوو یانەکەی شاری مەدریدی ئیسپانی لە دێربییەکی ئەوروپی مێژووییدا بەیەکگەیشتن، کە ئەوەش بۆ یەکمجار بوو هەردوو یانەکە لەو پاڵەوانێتییەدا بەیەکبگەن، هەردوو یانەش چاویان لەسەر نازناوەکە بوو، ئەتلەتیکۆ بە ورەبەرزییەکی زۆر لە پاش بەدەستهێنانی خولی ئیسپانی و یانای شاهانەش بە هیوای بەدەستهێنانی نازناوی دەیەم کە 12 ساڵە چاوەڕێی دەکات ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

گێمی یەکەم بە گیانی بردنەوە لەلایەن یاریزانانی هەردوو یانە ئیسپانییەکە دەستیپێکرد، کە بە پلەی یەك بە گرتنەبەری شێوازی تەکتیکی دەستیان پێکرد، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدش لەوە زیرەکانەتر دەرکەوت، چونکە بە شێوازی بەرگری و فشار خستنە سەر یاریزانانی یانەی بەرامبەر دەستیپێکرد، ئەوەش بەربەستێکی گەورەی لە بەردەم کەتیبەکەی “کارلۆ ئەنشیلۆتی” دروستکرد، بە تەرزێك کە دەرفەتێکی گۆڵ تۆمارکردنی لێ دەرچێت، کە “گاریس بێڵ” بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر فەوتاندی، ئەستێرەکانی ڕیال دوور بوون لە ئاستی چاوەڕوانکراو و شتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکرد، بەڵام ئەوەی لە چاوەڕوانی کەسدا نەبوو، لە خولەکی 36 دا “دییگۆ گۆدین” ی بەرگریکار بە لێدانێکی سەر، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئەتلەتیکۆ تۆمار کرد، کە “ئیکەر کاسیاس” ی گۆڵپارێز لێی بەرپرس بوو، ئەو گێمەش بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەمدا، ڕیالییەکان کە وێڵی دەیەم نازناو بوون، بۆیە بەوپەڕی بڕوابوون بە بردنەوە هاتنەوە ناو یاریگا، هەرواش بوو، چونکە تا دوا خولەکی یارییەکە لە هەوڵی بەردەوامی یەکسانکردنەوەی یارییەکە بوون، بەڵام شێوازی یاریکردنی کەتیبەکەی “دییگۆ سیمۆنی” بەربەستێکی گەورە بوو لە بەردەم ئامانجەکەیان، بەڵام لە دوای تەواو بوونی کاتی یاسایی یارییەکە و زیادکردنی 5 خولەك لە کاتی زیادکراودا، هەموو ئاماژەکان ئەوەیان دەردەخست کە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرگی پاڵەوانی پۆشیووە، بەڵام لە لێدانێکی کۆڕنەردا یانەی ڕیال مەدرید هەموویانی تووشی شۆك کرد، کاتێك لە بەرزبوونەوەیەکی جوان و لێدانێکی سەری زۆر جوانی بەرگریکاری یانەی شاهانە “سێرجیۆ ڕامۆس، یانەی شاهانەی گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی یەکسانبوونی (1-1) چووە قۆناغی دوو گێمی زیادکراودا.

لەگەڵ دەستپێکی گێمی زیادکراوی یەکەمدا، کەشوهەوای یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی ڕیال مەدرید بوو و یاریزانەکانی ورەیان زۆر بەرز بوو، بە پێچەوانەی یاریزانانی ئەتلەتیکۆ مەدرید کە تەواو ورەیان بەردا بوو و بێتاقەت و ماندوو بوون و توانای جەستەییشیان دابەزیبوو، بەڵام گێمەکە بە هەمان ئەنجامی کاتی یاسایی تەواو بوو.

بەڵام لە گێمی زیادکراوی دووەمدا، کەتیبەکەی “کارلۆ ئەنشیلۆتی” بەوپەڕی بەهێزی دەستیان پێکرد و بە سێ گۆڵی زۆر جوانی هەریەك لە ئەستێرەکانی یانەی شاهانە “گاریس بێڵ” لە خولەکی 110 دا و “مارسیلۆ” لە خولەکی 118 دا و “ڕۆنالدۆ” لە خولەکی 120 دا، گورزی کەمەرشکێنیان لە ئەتلەتکۆ وەشاند و دوا بزماریان لە تابووتی کەتیبەکەی “دییگۆ سیمۆنی” دا و بە دووریان خستنەوە لە بەرز کردنەوەی جامەکە کە زۆر لێی نزیکبوون، بەوەش یانەی شاهانە بە ئەنجامی (4-1) گۆڵ یارییەکەی بردەوە و لۆس بلانکۆس نازناوەکەی بۆ دەیەم جار لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێنا و ئەو دەستکەوتە گەورەیەی بە پیتی زێڕین لە مێژووی چامپیۆنزلیگ نەخشاند.

إرسال تعليق