Ads (728x90)

ئەڵمانیا کەڵەشێرەکانی مۆندیالی بێدەنگ کرد
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناغی 8 ی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 7 ی ئەمڕۆ ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، لە یەکێك لە بەهێزترین یارییەکانی مۆندیالدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەیەکگەیشتن.

یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردەکە بە ئامانجی بردنەوە و بەدەستهێنانی یەکەم بلیتی چوارگۆشەی زێڕین هاتنە ناو یاریگا، هەر بۆیەش یارییەکە زیاتر لایەنی تەکتیکی پێوە دیار بوو، ماکینەکانی ئەڵمانیاش بە پلانی بەرگرییەکی تۆکمەوە ڕووبەڕووی هێڕشبەرانی فەڕەنسا بوونەوە، لە خولەکی (12) ی یارییەکەدا یاریزانی هێڵی بەرگری مانشافت “ماتیاس هۆمێڵس” بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و فەڕەنسییەکانی تووشی شۆك کرد، هەر دوای گۆڵەکە فەڕەنسییەکان کەوتنەوە خۆ و خۆیان ڕێکخستەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانەوەی متمانە و هاوسەنگی، گێمی یەکەمیش بەو تاقە گۆڵەی ئەڵمانەکان کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمیشدا فەڕەنسییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستەگەڕ بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و بەردەوامبوون لە مانەوە لەناو کەشوهەوای مۆندیال، بەڵام ئەڵمانەکان بە داخستنی ڕووبەرەکانی یاریگا لە بەردەم فەڕەنسییەکان و پشتبەستن بە هێڕشی هەڵگەڕاوە توانیان پارێزگاری لە ئەنجامی یارییەکە بکەن و گرەوەکە لە فەڕەنسییەکان ببەنەوە و ببنە خاوەنی یەکەم بلیتی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال، کەڵەشێرەکانیش لە قووقاندن کەوتن و ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.

إرسال تعليق