Ads (728x90)

هۆڵەندا بە شایستەیی گەیشتە چوارگۆشەی زێڕین
لە دووەم یاری دووەمین ڕۆژی یارییەکانی قۆناغی 8 ی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 11 ی دوێنێ شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و کۆستاریکا بەیەکگەیشتن.

یاریزانانی هۆڵەندا بە پشتبەستن بە تواناکانی هەردوو ئەستێرەکەیان “ڕۆبن ڤان پێرسی” و “ئاریان ڕۆبن” و بە ئامانجی بردنەوە و بەدەستهێنانی چوارەم بلیتی چوارگۆشەی زێڕین هاتنە ناو یاریگا، یاریزانانی کۆستاریکاش بۆ درێژەدان بە کاروانی سەرکەوتنەکانیان لە مۆندیال ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە گێمی یەکەمدا هۆڵەندییەکان کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریگایان کرد بوو و چەندین هێڕشی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵی کۆستاریکا، بەڵام لێهاتوویی گۆڵپارێزەکەیان ڕێگر بوو لە گۆڵ تۆمارکردن، یاریزانانی کۆستاریکاش بە بەربەستێکی بەرگری تۆکمە، تەگەرەیان خستبووە بەردەم یاریزانانی هۆڵەندا، گێمی یەکەمیش بە ئەنجامی یەکسانبوونی سەلبی کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمیشدا هەمان سیناریۆی گێمی یەکەم دووبارە بووەوە، کە هۆڵەندییەکان خاوەن دەستپێشخەری و کۆنتڕۆلکردنی یاریگا بوون، کۆستاریکاش بە پشتبەستن بە پلانی بەرگری تۆکمە یارییان دەکرد، هەر بۆیەش ئەو گێمە بەبێ گۆڵ تۆمارکردن کۆتاییهات و ناوبژیوان بڕیاریدا ئەنجامی یارییەکە لە دوو گێمی زیادکراودا یەکلایی بکرێتەوە.

لە گێمی یەکەم و دووەمی  زیادکراودا جارێکی دیکە سیناریۆی هەردوو گێمی کاتی یاسایی دووبارە بووەوە و هیچ گۆڵێك تۆمار نەکرا، بۆیە بە لێدانەکانی پەناڵتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بە ئەنجامی (4-3) سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گرەوەکەیان لە کۆستاریکا بردەوە و بوونە خاوەنی چوارەم بلیتی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال و ڕۆژی 9ی ئەم مانگە ڕووبەرووی ئەرجەنتینییەکان دەبنەوە، کۆستاریکاش ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.

إرسال تعليق