Ads (728x90)

بەهاری ڕەمەزان و بەهەشتی یەزدان
پێدەچێت بەلاتەوە سەیر بێت کە چۆن مانگی ڕەمەزان وەکو وەرزی بەهارە؟!، لە کاتێکدا ئێمە لەو ڕۆژانەدا لە لووتکەی هاوین و پلەکانی گەرماداین، کە هەشت پلە لە ڕێژە گشتییەکە بەرزترە؟!.

برایانی ڕۆژووەوانم، ئەو مانگی ڕەمەزانەمان لە وەرزی بەهاردایە، چونکە ڕەمەزان مانگی قوڕئانە، قوڕئانی پیرۆزیش بەهاری دڵی ئیماندارانە، لە دوعای پێغەمبەری ئازیزیشمان (دخ) هاتووە: خودایە، قوڕئانی پیرۆز بکەیە بەهاری دڵەکانمان و چرای سینەکانمان و نەمانی خەمەکانمان.

ڕەمەزان مانگی ئارامگرتنە، ئارامگرتنیش بەشێکە لە ئیمان، دانایانیش فەرموویانە: ئارامگرتن بەهاری دڵانە، نیوەی ئیمانیش لە ئارامگرتنەوەیە و نیوەکەی دیکەشی لە سوپاسگوزارییەوەیە.

بەهار بەخشەرترین وەرزەکانی ساڵە، مانگی ڕەمەزانیش مانگی بەخشین و سەخاوەت و خێر و سەدەقات و یارمەتیدانی هەژارانە، پێغەمبەری ئازیزیشمان (دخ) بەخشەرترینی خەڵك بووە لە خێر و چاکە، لە ڕەمەزانیشدا زیاتر و زیاتر بەخشەر بووە.

بەهار وەرزی خۆشی و دڵگەشییە، ڕۆژووەوانیش لە مانگی ڕەمەزاندا دووجار خۆشحاڵ دەبێت، لە کاتی ڕۆژووشکاندنەکەی، لەو کاتەش دەگاتەوە لای پەروەردگارەکەی، ئینجا ئەگەر دڵخۆشی دەمارەکانی جەستەی ڕۆژووەوان بە چەند دڵۆپێك ئاو بێت، کە هاوتای ئەو دڵخۆشییە نییە، ئەی دەبێت دڵخۆشی دیدەنی خوای گەورە چۆن بێت؟!.

گوڵ و گوڵزار و سروشتی ڕازاوەی وەرزی بەهار بەهەشتت بە بیر دێنێتەوە، مانگی ڕەمەزانیش ئەو مانگەیە کە دەرگاکانی بەهەشتی تێدا دەکرێنەوە و دەرگاکانی دۆزەخی تێدا دادەخرێن، بۆیە شکۆمەندە ئەو کەسەی داوای بەهەشتی خوای گەورە بکات لە دەرگای (ڕەییان)، بەدبەختیشە ئەوەی بێبەش بێت لە بەهاری ڕەمەزان و بەهەشتی یەزدان.

بۆیە خۆشەویستان با بە چەشنی چێژوەرگرتنمان لە وەرزی بەهار، چێژ لە مانگی ڕەمەزان وەربگرین، با بە سینەفراوانی و دڵخۆشییەوە کاتەکانمان لەگەڵ دوا ڕۆژەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەسەر ببەین، وەکو چۆن لە وەرزی بەهاردا دڵخۆش و سینەفراوانین.

إرسال تعليق