Ads (728x90)

لە پارشێو و بەربانگ خواردنەوە گازاوییەکان مەخۆنەوە
خواردنەوە گازاوییەکانی وەکو بیبسی و کۆکا کۆلا و سێڤن ئەپ و تاد..، خاوەن جەماوەرێکی زۆرن لە سەرتاسەری جیهان، تەنانەت بەو ڕەمەزانە پیرۆزەش کەم خوانی ڕۆژووشکاندن هەیە ئەو خواردنەوانەی لەسەر دانەنرێت.

لەوانەشە ڕۆژووەوانان زیاد لە پێویست بیانخۆنەوە، بە گومانی ئەوەی یارمەتیدەرن بۆ هەرسکردنی خواردن، بەڵام ئەوەیان بۆچوونێکی هەڵەیە.

پسپۆڕانی بواری خۆراکناسی دووپات لەوە دەکەنەوە کە خواردنەوە گازاوییەکان یارمەتیدەر نین بۆ هەرسکردنی خواردن، بەڵکو هۆکارن بۆ دروستبوونی ئاوساني سك، هەروەکو خواردنەوەی خواردنەوە گازاوییەکان لە دوای ڕۆژووشکاندن سەردەکێشێت بۆ نەهێشتنی ڕۆڵی ئینزیمەکان کە یارمەتیدەرن لەسەر هەرسکردنی خواردن، سەرەنجامیش دەبێتە هۆی خراپ هەرسکردنی خواردن.

خواردنەوەی خواردنەوە گازاوییەکانیش لە کاتی پارشێو، پێویستی جەستە بۆ شلەمەنییەکان لە ماوەی ڕۆژدا زیاتر دەکات، ئەوەشیان وا دەکات ڕۆژووەوان لە ماوەی ڕۆژدا هەست بە تینووێتی بکات.

پسپۆڕان دەڵێن: هەر پەرداخێك لە خواردنەوە گازاوییەکان 40 گەرمۆك لەخۆدەگرێت، هەروەها ڕێژەیەکی بەرز لە شەکر و مادە کیمیایی و پارێزەرەکان لەخۆدەگرێت، ئەوەش لەبری ئەوەی سوودگەیەنەر بێت، زیانبەخشە بۆ جەستە.

بۆیە پسپۆڕانی بواری خۆراکناسی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ڕۆژووەوانان لە کاتەکانی پارشێو و بەربانگدا خۆیان بە دوور بگرن لە خواردنەوەی خواردنەوە گازاوییەکان، بەڵکو لەبری ئەمانە خواردنەوە ڕەمەزانییەکانی وەکو شەربەتی تەمەڕهیندی و شەربەتی میوەکان بەکاربهێنن.

إرسال تعليق