Ads (728x90)

بەڕۆژووبوون سوودبەخشە بۆ نەخۆشانی دڵ
ڕاپۆرتە پزیشکییەکان باس لەوە دەکەن، کە بەڕۆژووبوون چەندین سوودی گرنگی هەیە، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بە تایبەت تووشبووانی نەخۆشی دڵ، چونکە خۆقەدەغەکردن لە خواردن قوڕسایی دڵ بە ڕێژەی 25% سووك دەکات.

بەڵام پزیشکان ئامۆژگاری تووشبووانی نەخۆشی دڵ دەکەنەوە، کە پێویستە پێش بەڕۆژووبوون، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، ئەوەش بۆ هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی نەخۆشەکە و زانینی ڕادەی گونجاوییەکەی لەگەڵ بەڕۆژووبوون.

نەخۆشییەکانی دڵ بە بەربڵاوترین جۆری نەخۆشییەکان دەژمێردرێت لە جیهان، هەروەکو زۆرێکیش لە ڕۆژووەوانان ئاگاداری کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بەڕۆژووبوون نین لەسەر تەندروستییەکەیان.

لەوبارەیەوە پزیشکەکان دەڵێن: بەهۆی بەڕۆژووبوون لە ماوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، باری تەندروستی زۆرێك لە تووشبووانی نەخۆشی دڵ باشتر دەبێت، بەوەی کارکردن و ماندووبوونی ماسوولکەکانی دڵ کەمدەبێتەوە، چونکە لە کاتی ڕوودانی کرداری هەرسکردن لە کاتی ڕۆژدا، ماسوولکەکانی دڵ پشووی زیاتر وەردەگرن، چونکە 10% ی ئەو بڕە خوێنەی دڵ بۆ جەستە ڕەوانەی دەکات، لە کاتی ڕوودانی کرداری هەرسکردن دەچێتە کۆئەندامی هەرسکردنەوە.

لە بەرامبەریشدا، پزیشکەکان هۆشداری دەدەنە تووشبووانی نەخۆشی دڵ، کە بەڕۆژووبوون لە ڕووی پزیشکییەوە باش نییە بۆ ئەو تووشبووانەی بە دەست شکستی وەزیفەیەك لە وەزیفەکانی دڵ دەناڵێنن، وەکو تەنگەنەفەسی و بەرزبوونەوە و دابەزینی فشاری خوێن و نەخۆشانی تووشبوو بە خوێنبەرەکان ئەوانەی لە کەمترین جووڵەدا ماندوو دەبن.

چونکە تووشبووانی نەخۆشی دڵ پێویستییان بە چاودێرییەکی تایبەت هەیە لە ماوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، چاودێرییەك پەیوەندی بە دەرمان و خۆراك و و هەڵبژاردنی جۆری خۆراكە تەندروستییە دەوڵەمەندەکان بە ڕیشاڵەکان و کەمچەورییەوە هەبێت.

پوختەی مەبەست ئەوەیە، تووشبووانی نەخۆشی دڵ دەتوانن بەڕۆژوو بن و سوودمەند بن لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، لە هەمانکاتدا دەبێ ئاگاداری کاردانەوە تەندروستییەکانی بن، کە ڕەنگە بە خراپ بەسەر تەندروستی هەندێکیان بکەوێتەوە.

إرسال تعليق