Ads (728x90)

گازگرەکە پەیوەندیکرد بە بەرشەلۆنەوە
ئەمڕۆ هەینی، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە پێگەی ڕەسمی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت ڕایگەیاند، یانە کەتەلۆنییەکە لەگەڵ یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی “لویس سوارێز” بۆ ڕیزەکانی یانەی بەرشەلۆنە.

یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، بە پێی گرێبەستێکی پێنج وەرزی، “لویس سوارێز” بۆ یانەکەیان یاری دەکات، هەفتەی داهاتووش پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدەدرێت.

یانەی بەرشەلۆنە نرخی کڕینی “لویس سوارێز” ی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامە وەرزشییە جیهانییەکان دووپات لەوە دەکەنەوە، کە هاتنی ناوبراو بۆ “کامپنۆ” بە 94 ملیۆن یۆرۆ مسۆگەر کراوە، ئەوەش بڕە پارەیەکی ئێکجار زۆرە بۆ یاریزانێکی تۆپی پێ، کە بە هەڵسوکەوتی ناوەرزشی ناسراوە لەناو یاریگاکاندا، دواجاریان لە جامی جیهانی بەڕازیل بوو، کاتێك بەهۆی گازگرتنی لە “جۆرجیۆ کیلینی” بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا سزادرا، کە بەو هۆیەوەش یەکێتی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” سزایەکی قوڕسی بۆ دەرکرد و بۆ ماوەی چوار مانگ لە بەشداریکردن لە هەموو چالاکییەکی وەرزشی و یاریکردن و ڕاهێنان کردن لەگەڵ یانەکەی ڕایگرت، بەرشەلۆنەش ناتوانێت سوود لە تواناکانی وەربگرێت تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

شایەنی باسە لەوەرزی ڕابردوو “لویس سوارێز” بووە گۆڵکار و باشترین یاریزانی خولی ئینگلیزی و نزیكبوو یانەی لیڤەرپول بکاتەوە خاوەنی قەڵغانی پرێمەرلیگ.

إرسال تعليق