Ads (728x90)

گۆڵکاری مۆندیال “جەیمس ڕۆدرێگز” بووە مەدریدستا
یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی سەرکەوتوو بوو لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەستێرەی مۆندیالی بەڕازیل و یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆلۆمبیا و یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی “جەیمس ڕۆدرێگز”، پاش ئەوەی بە گرێبەستێکی گرانبەها و بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوەی پێنج وەرز و بە مووچەی ساڵانەی 7 ملیۆن یۆرۆ، ئەو یاریزانەی گواستەوە قەڵای سپی لە مەدرید.

لە مۆندیالی بەڕازیلدا، کە لە ناوەڕاستی ئەو مانگە کۆتاییهات، “جەیمس ڕۆدرێگز” بووە یەکێك لەو ئەستێرانەی تۆپی پێی جیهان، کە بەهرەمەندییەکەیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش درەوشایەوە، “جەیمس ڕۆدرێگز” توانی بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ ببێتە گۆڵکاری مۆندیال و ئەو نازناوە لەناو هەموو ئەستێرە دیارەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، هەروەکو ئاستێکی گەورەی لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی کۆلۆمبیاپێشکەشکرد، هەر بۆیەش گەورە یانەکانی ئەوروپا چاویان تێبڕی، تا سەرەنجام یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی توانی بیگوازێتەوە بۆ ڕیزەکانی.

ئێوارەی ئەمڕۆش لە یاریگای “سانتیاگۆ بێرنابیۆ” و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 45 هەزار هاندەر، لە ئاهەنگێکی شایستە بە مەدریدیستاکان و میدیاکان ناسێنرا.

شایەنی باسە “جەیمس ڕۆدرێگز” کە تەمەنی 22 ساڵە، درێسی ژمارە 10 دەپۆشێت، چاودێرانی وەرزشیش ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بە سەرکەوتنێکی گرنگ لە پلانەکانی یانەی شاهانەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی چامپیۆنزلیگ دەزانن بۆ بەهێزترکردنی کەتیبە تۆقێنەرەکەی “کارلۆ ئەنشیلۆتی”.


سەرچاوە/ سایتی فەرمی ڕیال مەدرید.

إرسال تعليق