Ads (728x90)

ئەڵمانەکان بەڕازیلیان لە یاریگا و مۆندیال سڕییەوە
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی جامی جیهانی لە بەڕازیل، کاتژمێر 11 ی دوێنێ شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەڵمانیا لە یارییەکی ئاگریندا بەیەکگەیشتن.

یاریزانانی ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە تواناکانی ئەستێرەکانیان و بە ئامانجی تۆڵەکردنەوە لە دۆڕانەکەیان لە یاری کۆتایی جامی جیهانی 2002 و بەدەستهێنانی یەکەم بلیتی یاری فیناڵی مۆندیالی بەڕازیل هاتنە ناو یاریگا، یاریزانانی بەڕازیلیش بۆ درێژەدان بە کاروانی سەرکەوتنەکانیان لە مۆندیال و دڵخۆشکردنی جەماوەرەکەیان و هێشتنەوەی جامەکە لە بەڕازیل ڕووبەڕوویان بوونەوە، لە گێمی یەکەمدا ئەڵمانەکان هەر زوو کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریگایان کرد و گورزێکی کوشندەیان لە بەڕازیلییەکان وەشاند و لەسەر خاك و یاریگای خۆیان شەرمەزاریان کرد و ناو و ناوبانگیان لە مۆندیاڵ ڕەشکردنەوە، گورزی ئەڵمانەکان هێندە گورچکبڕ بوو کە بەڕازیلییەکان بە خۆشیان نەیانزانی چیان لێ بەسەر هات، ئەڵمانەکان 5 گۆڵیان تۆمارکرد “تۆماس مۆلەر” لە خولەکی (11) و “میرۆسلاڤ کلۆزە” لە خولەکی (23) و “تۆنی کرۆس” لە خولەکەکانی (24 و 26) و “سامی خزێرە” لە خولەکی (29)، بەوەش تەواو بەڕازیلییەکانیان بێئومێد کرد، تەنانەت بەڕازیلییەکان بە تەواوەتی ورەیان بەردا و هەرەسیانهێنا، گێمی یەکەمیش بە ئەنجامی (5-0) کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمیشدا هەمان سیناریۆی گێمی یەکەم دووبارە بووەوە، کە ئەڵمانەکان خاوەن دەستپێشخەری و کۆنتڕۆلکردنی یاریگا بوون، بەڕازیلییەکانیش پەلەیان بوو زوو یارییەکە کۆتایی پێبێت و ڕیسواییەکەیان گەورەتر بێت، لەو گێمەشدا ئەڵمانەکان دوو گۆڵی دیکەیان لەلایەن “ئەندریە شۆرلە” لە خولەکەکانی (69 و 79) تۆمارکرد، لە دوا خولەکی یارییەکەش بەڕازیل تاکە گۆڵەکەی لەلایەن “ئۆسکار” لە خولەکی (90) تۆمارکرد و یارییەکەش بە ئەنجامێکی ئێکجار قوڕس (7-1) کۆتاییهات.

بەو سەرکەوتنەش ئەڵمانیا گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیال و گرەوەکەیان لە بەڕازیل بردەوە و چاوەڕوانی براوەی یاری ئەرجەنتین و هۆڵەندا دەکەن بۆ یاری فیناڵی مۆندیال، بەڕازیلیش بە شەرمەزاری و دۆڕانێکی ئابڕووبەر ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد.

إرسال تعليق