Ads (728x90)

لەبەرکردنی قوڕئان پارێزەرە لە نەخۆشییەکان
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئیسلامی دووپات لەوە دەکاتەوە، کە ئاستی تەندروستی دەروونی مرۆڤ وابەستە بە ئەندازەی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز، ئەوەش بە ئاشکرا لەلای ئەو کەسانە بەدیدەکرێت کە قوڕئانی پیرۆزیان لەبەرە.

لێکۆڵینەوەکە دووپات لەوە دەکاتەوە، کە هەر کاتێك ئەندازەی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز بەرز بوو، ئاستی تەندروستی دەروونی مرۆڤیش بەرز دەبێتەوە.

لەوبارەیەوە “صالح ابراهیم الصنیع” مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی ئیسلامی “الإمام محمد بن سعود” لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە، هەڵساوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە لەسەر دوو گروپ لە خوێندکارانی کوڕ و کچ، گروپی یەکەم ژمارەیان 170 خوێندکار بووە لە زانکۆی “الملك عبد العزيز” لە شاری جەددەی سعودی، گروپی دووەمیش ژمارەیان 170 خوێندکار بووە لە پەیمانگای “الامام الشاطبی بۆ لێکۆڵینەوە قوڕئانییەکان” کە سەر بە کۆمەڵەی خێرخوازی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆزە لە شاری جەددەی سعودی.

لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو دەرەنجامەی، کە پەیوەندییەکی ئیجابی باش هەیە لە نێوان ئەندازەی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز و ئەندازەی ئاستی تەندروستی دەروونی لەلای قوتابیانی هەردوو گروپەکە، ئەو خوێندکارانەشی دەستباڵاترن بەسەر هاوشێوەکانیان لە لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز، ئاستی تەندروستی دەروونیشیان بە جیاوازییەکی ڕوون بەرزترە.
 
لێرەوە ئەوەش دووپات دەکەینەوە، کە هەر کەسێك شتێك لە قوڕئانی پیرۆز لەبەر بکات و بە بەردەوام گوێبگرێت لە خوێندنەوەی پەرتووکی خوا، هەست بە گۆڕانێکی گەورە دەکات لە ژیانییدا، تەنانەت کاریگەری باشی دەبێت لەسەر تەندروستی جەستەییش، چونکە بە ئەزموون و بینین سەلمێنراوە کە لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ بەهێز و بەرز دەکاتەوە و یارمەتیدەری دەبێت لە پاراستنی لە نەخۆشییەکان، کە دەتوانین چەند سوودێکی زۆر گرنگی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز لەو چەند خاڵەدا ڕوون بکەینەوە:

  1. زەینی مرۆڤ پاك دەکاتەوە.
  2. بیرگەی مرۆڤ بەهێز دەکات.
  3. دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت و باری دەروونی جێگیر دەکات.
  4. خۆشی و خۆشحاڵی بە مرۆڤ دەبەخشێت کە لە وەسفکردن نایەت.
  5. مرۆڤ ڕزگار دەکات لە ترس و خەم و دڵەڕاوکێ.
بەشێکی دیکە لە سوودەکانی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز لەو چەند خاڵەدا تێبینیکراوە:

  • زمانی عەڕەبی و توانای ئاخاوتن و گوتاردان بەهێز دەکات.
  • توانای بنیاتنانی پەیوەندییەکە کۆمەڵایەتییەکان و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵك باشتر دەکات.
  • پەرە دەدات بە ئیدراك و توانای وەرگرتن و تێگەیشتن.
  • هەستکردن بە بەهێزیی و هێمنی دەروونی و خۆڕاگری.
  • مرۆڤ ڕادەهێنێت لەسەر بەرگەگرتنی ناخۆشییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سەختییەکان.

خوای تەعالاش لە قوڕئانی پیرۆز و لە ئایەتی 49 لە سوڕەتی (عنکبوت) دەفەرمووێت: {بَلْ هُوَ آَيَاتٌ بَيِّنَاتٌ فِي صُدُورِ الَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ وَمَا يَجْحَدُ بِآَيَاتِنَا إِلَّا الظَّالِمُونَ}، واتە: قورئان چه‌ند ئایه‌تێکی ڕوون و ئاشکران له سێنه‌و دڵ و ده‌روونی ئه‌و که‌سانه‌دا کە عیلم و زانستیان پێبه‌خشراوه و له‌به‌ریانه‌، به‌ڕاستی جگه له سته‌مکاران، که‌س به‌رهه‌ڵستی و نکوڵی له ئایه‌ته‌کانی ئێمه نیه‌.

شایەنی باسە ئەنجامدەری ئەو ئەو لێکۆڵینەوەیە پێناسەی تەندروستی دەروونی بەوە کردووە کە: ئەو حاڵەتەیە کە ڕێککەوتنی دەروونی تاك لە میانی چوار ڕەهەندی سەرەکیدا تەواو دەبێت، ئەوانیش بریتین لە: ڕەهەندی ئایینی و ڕەهەندی ڕۆحی و ڕەهەندی جەستەیی و ڕەهەندی کۆمەڵایەتی.

إرسال تعليق