Ads (728x90)

تورکیا: یاسای قەدەغەکردنی شەڕاب واژۆکرا
سەرۆکی تورکی (عەبدوڵا گول) پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی فرۆشتنی شەڕابی واژۆ کرد، کە بەهۆیەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی تورکیا سەریانهەڵدا.

لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا هاتووە: سەرۆك یاسای ژمارە (6487) ی ئیمزاکرد و ڕەوانەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەسمییدا، پاش بڵاوکردنەوەشی لە ڕۆژنامەی ڕەسمییدا، یاساکە دەستبەجێ لە تەواوی وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت.

بە گوێرەی ناوەڕۆکی یاساکە، فرۆشتنی شەڕاب لە کاتژمێر (10) ی شەو تاوەکو (6) بەیانی قەدەغە دەکرێت، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی شەڕابیش ناچار دەکرێن بە دانانی ڕستەیەك لەسەر شووشە و بوتڵی شەڕاب کە مەترسیی و خراپییەکانی بەکارهێنانی شەڕاب و مادە کحولییەکان بە بیر بەکارهێنەران بێنێتەوە.

لە بەشێکی تری ناوەڕۆکی یاساکەدا هاتووە، فرۆشتنی شەڕاب لە نزیك قوتابخانە و مزگەوتەکان لە هەموو کاتەکان قەدەغەیە، قەدەغەشی دانانی ڕێکلامی وەرزشیشی لەسەر شووشە و بوتڵی شەڕاب خستووەتە سەر کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی شەڕاب.

یاساکە فیلم و زنجیرە دراما تورکییەکانیش پەیوەست دەکات، کە نابێت دیمەنەکانی ناو فیلم و زنجیرە دراماکان هانی بینەران بدات بۆ بەکارهێنانی شەڕاب و مادە کحولییەکان، هەروەکو یاساکە سزاکانی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە سەرخۆشی توندتر کردووە.

إرسال تعليق