Ads (728x90)

جەنگیزخان چ وانەیەك لە هەڵۆ ڕاستگۆکەى فێر بوو؟!
خۆشەویستترین هاوڕێی جەنگیزخان، هەڵۆ ڕاستگۆیەکەی بوو..!، ئەو هەڵۆیەی بەردەوام لەسەر باسکی بوو، کاتێك جەنگیزخان دەچووە دەرەوە بۆ ڕاوکردن، ڕێنیشاندەری بوو بۆ دۆزینەوەی نێچیرەکەی بۆ ئەوەی ژەمە خواردنێکی خۆشی لێ دروستبکات و بەشێکیش بداتە ئەو هاوڕێ خۆشەویستەی.

هەڵۆکەی جەنگیزخان نموونەی هاوڕێی ڕاستگۆ بوو، تەنانەت ئەگەر بێدەنگیش بوو.. ڕۆژێکیان جەنگیزخان بە تەنها دەچێتە چۆلەوانی و کەسی لەگەڵ نییە بەس هەڵۆکەی نەبێت، بەردەوام دەبن لە ڕۆیشتن و تینوێتی بۆیان دێنێ..!، جەنگیزخان دەیەوێت ئاو بخواتەوە، چاو دەگێڕێت و کانیاوێك لە خوارەوەی شاخێك دەدۆزێتەوە، جامەکەی دەخاتە ناو کانیاوەکە و پڕیکرد لە ئاو، کاتێك ویستی بیخواتەوە، هەڵۆکە جامەکەی لە دەست فڕێدا و ئاوەکەی ڕشت..!، جەنگیزخان جارێکی دیکە جامەکەی پڕ کردەوە لە ئاو و هەوڵیدا ئاوەکە بخواتەوە، بەڵام کە جامەکە لە دەمی نزیك دەبوویەوە، هەڵۆکە بە باڵەکانی لە جامەکەی دەدا و جامەکە دەکەوتە خوارەوە و ئاوەکەی ناوی دەڕژا!.

بۆ جاری سێیەم ئەو حاڵەتە ڕوویدایەوە، بۆیە جەنگیزخان زۆر تووڕە بوو و شمشێرەکەی دەرهێنا، کاتێك هەڵۆکە نزیکبوویەوە لەوەی جارێکی دیکە ئاوەکە بڕێژێت، جەنگیزخان شمشێرێکی وەشاند و سەری پەلدا و هەڵۆکەی کوشت..!، لێرەدا و لەو کاتەی گورزی شمشێرەکەی بەر سەری هاوڕێکەی کەوت، جەنگیزخان هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد، کاتێکیش بینی هەڵۆکە خوێنی لەبەر دەڕوات، دڵی لەت لەت بوو..!، بۆیە ساتێك وەستا و چووە سەر کانیاوەکە، گۆمێکی گەورەی بینی کە لە نێوانی بەردەکانییدا کانیاوەکە هەڵدەقووڵێت..!، کە لەناویدا مارێکی گەورەی مردوو هەیە و گۆمەکەی پڕ کردووە لە ژەهر!.

جەنگیزخان زانی چۆن هاوڕێکەی چاکە و سوودی ئەوی ویستووە..!، بەڵام ئەو کاتە ئەو ڕاستییە بۆ دەرکەوت، کە بە شمشێرەکەی سەری ئەو هاوڕێ ڕاستگۆ و خۆشەویستەی خۆی پەلدا!.

جەنگیزخان هەڵۆ هاوڕێکەی هەڵگرت و خستییە ناو پارچە پەڕۆیەك و گەڕایەوە ناو پاسەوان و دارودەستەکەی، هاوڕێ مردووەکەشی لەناو دەستی بوو..!، فەرمانیشیکرد بە ڕاوێژکارەکانی، وەکو ڕێزلێنانێك لە هاوڕێکەی، هەڵۆیەکی لە زێڕ بۆ دروست بکەن و لەسەر باڵێکی ئەو نووسراوە بنەخشێنن:

” صديقُك يبقى صديقَك ولو فعل ما لا يُعجبك ”

واتە: هاوڕێکەت هەر بە هاوڕێت دەمێنێتەوە، هەر چەند کارەکانی جێگەی ڕەزامەندیت نەبن.

وە لەسەر باڵەکەی دیکەی بنووسن:

” كل فعل سببه الغضبُ، عاقبته الإخفاق “

واتە: هەر کارێك لە تووڕەییەوە بێت، سەرەنجامەکەی شکست و سەرنەکەوتنە.

لە بابەتەکانی بەڕێوبەری ماڵپەر

إرسال تعليق